جۆباره‌كانی خەباتی کرێکاران دەتوانێ ببێتە روبارێکی خورۆشاو

چاوگێڕانێک بەسەر ناڕەزایەتیەکانی کرێکاراندا تەنیا لە حەفتەیەکدا بۆ نمونە لە ٨ تا ١٥ ی مانگی پوشپەڕ، دەرخەری پەرەگرتنی روو لە گەشەی خەباتی کرێکاری لە سەرتاسەری ئێرانە. کۆبونەوەی کرێکارانی شیرکەتی ئاریان نارانی سەرچەشمە لە بەردەم بینای فەرمانداری ڕەفسەنجان، مانگرتنی ٤٥ رۆژە لە کارخانەی ئێران بەرەکی ڕەشت، کۆبونەوەی کرێکارانی کارخانەکانی فارسیتی دورود و نەیشەکەری حەفت تەپە و کشت و سەنعەتی شوشتەر، ناڕەزایەتی کارمەندانی شێرکەتیی و کرێکارانی ئیدارەکانی ڕێگا و شارسازی سیستان، کۆبونەوەی کرێکارانی مەعدەنی گوڵ گەوهەری کرمان، کۆبونەوەی کرێکارانی مخابراتی روستایی خوزستان،ناڕەزایەتی کرێکارانی فولادی زەرەند لەبەر نەدرانی حەقدەست، مانگرتنی ٣ رۆژەی کرێکارانی کارخانەی گمینی قەزوین، کۆبونەوەی کرێکارانی شیرکەتی فێرز كۆهه‌ن لەبەردەم سازمانی ناوچەی ئازادی قیشم، ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرلەنوێی کرێکاران لە فازەکانی ١٥ و ١٦ ی ناوچەی تایبەتی عەسەلویە، مانگرتنی کرێکارانی خزمەتگوزاری شاری یاسوج، مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی پیتروشیمی فەجر، مانگرتنی کرێکارانی سیمانی کارون، مانگرتنی کرێکارانی ئێران بەرەک، مانگرتنی کرێکارانی موجتەمەعی چوارگانەی سەوز. دەکرێ شوێنی تریش بەم لیستە دورودرێژەوە زیاد بکەین.ئەم ڕێژەیە لە ناڕەزایەتی کرێکاران ئەویش لەو ناڕەزایەتیانەی کە هەواڵ و ڕاپۆرتەکانیان بڵاو کراوەتەوە نیشانەی زەرفیەتێکی گەورەیە کە لە وجودی بزوتنەوەی چینی کرێکاردا هەیە بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخەی ئێستا.476بەڵام ئەگەر مەحدودیەتەکانی گەیاندنی هەواڵ بۆ کرێکاران ئیجازە نادات کە هەواڵی ناڕەزایەتی خۆیان ئەو جۆرەی کە پێویستە بگەیەننە گوێی هەموان، ئەم مەحدودیەتانە بۆ دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکان و بۆ سەرانی ڕژیم بوونی نییە. ئەوان لە وردەکاری ئەم حەرەکەتە چینایەتیە ئاگادارن و بۆ بەرەنگار بوونەوەی، سیاسەتگوزاری دەکەن. ماوەیەک لەوە پێش لە كرده‌وه‌یه‌كی بەپەلەدا ئەو هەواڵنێرانەی کە لە پێوەند لەگەڵ هەواڵنێری کارێكاری ئێراندا هەواڵ و ڕاپۆرتیان ئامادە دەکرد، بەبێ هیچ روون کردنەوەیەک، بەکۆمەڵ دەرکران. بەڵام سەنگەربەندی ڕژیم لە بەرانبەر خەباتی کرێکاراندا تەنیا بە کۆسپ نانە بەردەم و بڵاوکرانەوەی هەواڵ و زانیاری پێوەندیدار بەوەوە بەرتەسک نابێتەوە، بەڵکو شکڵ و شێوەی جۆراوجۆوری کرداری سەرکوتگەرانەش لە دەستوری کاریدایە و ئیجرایان دەکات. لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەی لەسەرەوە باسیان کراوە کۆبونەوە کرێکارایەکان بەرەوڕووی هێرشی هێزە ئینتیزامیەکان و پۆلیسی حەراسەت بوونەتەوە. هەر ئێستا دەیان کەس لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری تەنیا بەهۆی بەشداری کردنیان لەم ناڕەزایەتیانەدا و دیفاع لە هاوچینەکانیان خراونەتە گۆشەی زیندان و ئەحکامی زاڵمانەی درێژماوەیان لە بێدادگاکانی ڕژیمدا بەسەردا سەپاوە.وەحشەت لە پەرەسەندنی ئاوا خەباتێکە کە بۆ نمونە سپای پاسدارانی ناچار کردوە لە قەراردادەکانی پێوەندیدار بە ناوەندە کرێکاریەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی بە ئاشکراییەکی ئابڕوبەرانەوە بنوسێت:” لە ئەگەری هەر چەشنە مانگرتنێکدا، کرێکاران بەبێ هیچ حەق و حقوقێک دەردەکرێن”.ئەوەی کە زیاتر لە هەموو شتێکی تر سەرانی ڕژیمی نیگەران کردوە، ئەوەیە کە خەباتی کڕیکاری دەرفەتیان نەداتێ تا ئەوەی کە لە ئاکامی سازش لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاواییدا لەو وتووێژانەی لە ئارادان بەدەستی دێنن، سەرفی باشتر کردنی بارودۆخی شپرزەی سیاسی و ئابووری خۆیانی بکەن. بەرنامە ئابووریەکەیان بۆ دەرچون لە قەیرانێک کە تێیدا گیریان خواردوە پێویستی بە کاتە. بەڵام كارد لەوە زیاتر گەیشتۆتە سەر ئێسقانی کڕیکاران و توێژی هەژاری ئەم کۆمەڵگەیە کە بیر لە چاوەڕوانی تراویلکەیی بوژانەوەی ئابووری ڕژیم بکەنەوە. ڕژیم کە لەپێش هەموو کەسدا هەستی بەم ڕاستیە کردوە وەک هەر ڕژیمێکی هاوشێوەی تری لەبیری پاراستنی مەوجودیەتی خۆیدایە لەمرۆ بۆ سبەی و لە ئاکامدا بەشێکی زیاتر لەو داهاتانەی کە لە ڕێگای ئەم سازشەوە بەدەستی دێنێ، بەرلە هەر شتێک سەرفی بەهێز کردن و تۆکمە کردنی دەزگا سەرکوتگەرەکانی دەکات. کەوایە لەخۆڕا نییە ئەگەر دەبینین کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ سازش لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاوایی، سەرکوت لەنێوخۆدا بەتایبەت لەدژی بزوتنەوەی کرێکاری توندتر ئەکاتەوە و پەرەی پێ ئەدات.بەڵام ئەگەر ڕژیم ئامرازی سەرکوتگەرانەی خۆی لە ڕێگای سەرکوتی ڕاستەوخۆوە، یان لەرێگای قانونی دژی کرێکاری و یان لە ڕێگای فریو و درۆوە بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ خەباتی کرێکاران بەهێز دەکات، چینی کرێکاریش ڕێگایەکی نییە بێجگە لەوەیکە دەست بداتە دروست کردنی ئامرازەکانی خەباتکارانەی خۆی. دژواریەکانی سەر ڕێگای بەرەوپێش بردنی ئاوا بابەتێک لە بارودۆخی حاکمیەتی دیکتاتۆڕی مەزهەبی لە ئێران لە کەس شاراوە نییە، بەڵام لە هەمانحاڵدا دەبێ ئەو ڕاستیەش ببیندرێت کە لەم دەورەیەدا و بەتایبەت لەگەڵ بەچۆکدا هاتنی ڕژیم لەبەرانبەر گوشاری دەوڵەتانی رۆژئاواییدا، هاوسەنگی هێز لەنێو خۆی وڵاتدا بەزیانی کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە. کۆماری ئیسلامی دوای پێکهاتن لەگەڵ رۆژئاوا هەمان ڕژیمی بەر لە ئیمزا کردنی رێكه‌وتنی کۆتایی نییە. مانگرتنی کرێکاری شکڵێک لە خەباتە کە ئامرازەکانی ڕژیم لە بەرەنگار بوونەوەیدا کول و ناکاران. مانگرتن و کۆبونەوەکانی ناڕەزایەتی کرێکاران دەرێژەی دەبێت. دەبێ هەوڵەکان لەسەر هاوئاهەنگ کردنیان لە باری زەمانی و لەباری شوعاریەوە و بەتایبەت لەباری ڕێبەریەوە موتەمەرکز بکرێت. ئەزمونی ئەم چەند مانگەی ڕابردوی خەباتی موعەلیمان و پەرستاران دەریدەخات کە هاوئاهەنگ بوونی خەباتی کرێکاران لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانیشدا لە ناخی ئەم بارودۆخەدا ئیمکان پەزیرە. ناڕەزایەتی پڕژوبڵاوی ئەمرۆ لەگەڵ ئەوەدا کە هەوڵێکی زەروری و حەتمی کرێکارانە بۆ بەرگرتن لە فەرسودە بوونی جەستەیی و رۆحیان، قوتابخانەیەکیشە بۆ پەروەردە کردنی کادرەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و گەشە کردنی وشیاری چینایەتی لەنێو جەماوەری کرێکاراندا. ئەم خەباتە پڕژوبڵاوە نابێ بە کەم بایەخ بزانین. پێشڕەویەکانی دواتر لە ناخی ئەم خەباتەوە ئیمکان پەزیر دەبێت. گومانی تێدانییە کە تێکەڵ بوونەوەی وردە جۆگەلەکانی ئەم خەباتە دەتوانێ ببێە لافاوێکی بناغە هەڵتەکێن.درێژەی ئەم خەباتە سەرجەم فەزای سیاسی ئێران دەگۆڕێت و دەبێتە بناغەی دروست کردنی ئاڵترناتیوێک کە کۆمەڵگەی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی لە بارودۆخی غەیرە قابیلی تەحەمولی ئێستای دەردێنێ و بەرەو داهاتویەکی روون و بەرەو کۆمەڵگایەکی ئینسانی ئازاد و یەکسان و پڕ لە ڕیفاه ڕیبەری و ڕێنمایی دەکات.