جیایی دین لە دەوڵەت یانی چی؟

بۆ روون کردنەوەی داواکاری و دروشمی جیایی دین لە دەوڵەت پێویستە سەرەتا کەمێک سەبارەت بە پێگە و نەخشی مەزهەب لە خەباتی چینایەتیدا بدوێین. مەزهەب لە کۆمەڵگا چینایەتیەکانی ئەمرۆدا، لە هەمانحاڵدا کە باوەڕی جەماوەرێکی بەرین لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش پێکدێنێت، ئامرازێکە لە دەست سەرمایەداران و دەوڵەتدا تا لەو ڕێگایەوە خەڵک بخەڵەتێنن و درێژە بە حاکمیەتی نیزامی سەرمایەداری بدەن. مەزهەب بە درێژایی مێژوو رەنگدانەوەی بێهیوایی و بێتوانایی خەڵک بووە لە دەست و پەنجە نەرم کردنیان لەگەڵ کۆسپ و ناهەمواریەکانی ژیانیاندا. ئەو ئینسانه‌ی کە گیرۆدەی مناسباتی نیزامی سەرمایەدارین و بەتەنیایی ناتوانێ بارودۆخی ژیانی بگۆڕێ و لە بەرانبەر رەنج و ئازارێکدا کە خۆی و بنەماڵەکەی داوێنگیری بوون، کارێکی لەدەست نایەت، کاتێک کە خۆی لاواز و بێتوانا دەبینێ بە ناچار روو دەکاتە ئاسمان، بەو هیوایەی کە هێزێکی بەتواناتر لەخۆی دەرکەوێت و رزگاری بکات. کاتێک کە لە دنیای راستەقینەدا هیچ هیوایەکی بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی بۆ نامێنێتەوە، هیوا دەخوازێ بۆ دەستراگەیشتن بە ئاواته‌كانی دوای مردنی سەرلەنوێ زیندو بێتەوە و بە هیوای گەیشتن بە ریفاه و بەختەوەری لە دنیای خەیاڵی دوای مردندا رەنج و ئازارەکانی دنیای راستەقینە تەحەمول بکات.532سەرکوتی ئابووری کرێکاران لەگەڵ خۆیدا هەموو جۆرەکانی سەرکوتی سیاسی و سوکایەتی کۆمەڵایەتی دێنێتە ئاراوە و بەرهەمدێنێ و ژیانی مەعنەوی و ئەخلاقی جەماوەر لە بەین دەبات و لێڵ و تاریکی دەکات. مەزهەب یەکێک لە جۆرەکانی سەرکوتی مەعنەویە کە لە هەموو جێگایەک بەسەر شانی جەماوەرەوە، قورسایی دەکات. مەزهەب بەوانەی کە بەدرێژایی تەمەنیان زەحمەت دەکێشن و لە هەژاریدا دەژین فێر دەکات کە تا کاتێک لە سەر زەوین، تەسلیم بن و ملکەچ بە هیوای پاداشەکانی بەهەشت ئارام بگرن. مەزهەب ئەفیونی جەماوەرە. مەزهەب جۆرێک موخەدیری مەعنەویە کە کۆیلەکانی سەرمایەداری وێنای ئینسانیی خۆیانی تێیدا نوقم دەکەن و داواکاریەکانیان بۆ ژیانێک کە شایستەی ئینسان بێت، دەنێنەلاوە.رزگار بوونی ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش لە چنگ ئەم وەهم و خورافەیە رەنگە بە رۆشنگەری و لێکدانەوەی زانستی مەسایلی جیهانی لە سنورێکی دیاریکراودا ئیمکانپەزیر بێت، بەڵام ئەم رزگار بوونە لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا تەنیا کاتێک مومکینە کە بارودۆخی ژیانی ئینسان بگۆڕدرێت و ئەو هێزە سروشتی و کۆمەڵایەتیەی کە ئینسان پەنا دەباتەبەر ترس و خورافە و مەزهەب، بێتە ژێر کۆنترۆڵی چینی کرێکار و ئەفکاری ئینسانی پێشڕەو و پێشکەوتن خوازەوە.بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار و لەنێوبردنی نیزامی سەرمایەداری، رێگای رزگار بوون لە زیندانێکه‌ کە تواناییەکانی ئاڵوگۆڕ پێکهێنەری ئینسانی تێدا بەندکراوە، ئامادە دەکرێت. بەمجۆرە ئەرکی ئێمە فەراهەم کردنی پێداویستیەکانی شۆڕشی کرێکاریە، کە بێگومان روون کردنەوەی زانستیانەی بابەتە جیهانیەکانی ئەمرۆ لە نێو کرێکاراندا و پاک کردنەوەی ئاسەواری ئەفکاری مەزهەبی لە زەینی ئەوان و نیشاندانی ئەم راستییە کە مەزهەب زنجیرێکی کۆیلایەتی ترە بە دەست و پێی کرێکارانەوە بەشێک لە هەوڵ و تێکۆشانە بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی شۆڕشی کرێکاری.بەم تەوزیحاتەوە، ئێستا دەچینەسەر واتای دروشمی “جیایی دین لە دەوڵەت”. کۆمۆنیستەکان بەردەوام خوازیاری “جیایی دین لە دەوڵەت” بوون. ئامانجی ئێمە لە تەرح کردنی ئەم داواکاریە کە واتا دیاریکراوەکەی لە بەرنامەی حێزبی کۆمۆنیست و بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریه‌تی جەماوەری لە کوردستاندا بە روونی تەوزیح دراوە، عیباڕەتە لەوەی کە لە لایەکەوە نفوز و سوڵتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی مەزهەب هەرچی زیاتر لاواز و بێ کاریگەر بکەین و ده‌خاڵەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکدا هەرچی زیاتر سنوردار بکەینەوە و لە لایەکی دیکەشەوە بوار و بارودۆخێکی لەبار و باشتر بۆ خەبات لەگەڵ دنیا بینی مەزهەبیدا، فەراهەم بکەین.جیایی دین لە دەوڵەت یانی هەڵوەشانەوەی حەتمیی هەموو جۆرە ئیمتیاز و هەڵاواردنێک لە شوغڵە دەوڵەتیەکاندا و مافی تاکەکان لەسەر پێوانەی مەزهەب و مقامی مەزهەبیان و یان باوەڕ و بێ باوەڕیان بە مەزهەب؛ واتا هەڵوەشانەوەی حەتمیی دانی یارمەتی ماڵی و غەیرە ماڵی بە چالاكی و دامەزراوە مەزهەبیەکان، مەوادی دەرسی و یاسا و رێسای مەزهەبی لە مەدرەسەکان و ناوەندە ئاموزشیە دەوڵەتیەکاندا؛ یانی هیچ یەک لە مەزهەبەکان وەک مەزهەبی رەسمی بە رەسمیەت ناناسرێت، مەزهەب ئەمری خسوسی کەسەکان دەبێت و هەموو کەسێک ئازادە لە باوەڕ بوون یان نەبوون بە مەزهەب.داواکاری “جیایی دین لە دەوڵەت” دروشمێکە کە وێڕای نیشاندانی دژایەتی ئێمە لەگەڵ مەزهەب وەک ئەمرێکی دەوڵەتی، تەعەهود و پێبەندبوونیشمان بە بنەمای ئازادی بێ شەرت و مەرجی بیروباوەڕ، دەردەخات. واتە ئەم ئەسڵە جەخت دەکاتەوە کە چینی کرێکار، چ وەک ئوپوزسیۆن و چ دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی، حەتمەن لەگەڵ پشت بەستن بە زۆر و زۆرداری و تەفتیشی عەقاید و دروست کردنی هەڵاواردن و مەحدودیەتی قانونی لەدژی کەسانی مەزهەبی دژایەتی دەکات و بۆ هەڵسەنگاندن و وەلانانی باوەڕ و بۆچونە مەزهەبیەکان لە کۆمەڵگادا، هیچ شێوەیەک بێجگە لە خەباتی نەزەری، رۆشنگەری و ئاموزش و قەناعەت پێهێنان بە ئیجازە پێدراو نازانێ.ئێمە مەزهەبمان، سەرفەنەزەر لەوەیکە سەربەخۆ لە دەوڵەت بێت یان نا، بە ئەفیونی جەماوەر و بە وەسیلەیەک بۆ سڕکردن و وڕکردنیان دەزانین و ئەگەر داواکاری جیایی دین لە دەوڵەتین، راست لەبەر ئەم هۆکارەیە کە دەمانەوێ سەرجەم شێوە و شگردە رەسمی و قانونییە باوە دەوڵەتییەکانی ئەم ئەفیونە لە کۆمەڵگادا بەتەواوەتی و بەشێوەی حەتمی هەڵبوەشێتەوە.هەر لەم روەوە جیایی دین لە دەوڵەت و بوونی مەزهەب بە ئەمرێکی تایبەتی ئینسانەکان یەکێک لەو دروشم و داواکاریانەیە کە ئێمە کۆمۆنیستەکان بۆی تێدەکۆشین، بەڵام بێجگە لە ئێمە بەشێک لە ئوپوزسیۆنی بۆرژواییش سەرفەنەزەر لەوەیکە لە داهاتوودا تا چ رادەیەک پێیەوە پێبەند دەبن، ئەم دروشمەیان هه‌ڵگرتووه‌. بەم جۆرە لە تەبلیغی ئێمەدا لەدژی مەزهەب ئەوەی هەڵوێستی ئێمە لە هەڵوێستی جەریاناتی بورژوایی جیا دەکاتەوە جیایی دین لە دەوڵەت نییە، بەڵکو لە هەمانحاڵدا درێژه‌دان بە کاری رۆشنگەری و ئاموزشییە لەدژی جەهل و خورافەی مەزهەبی کە بەشەریەتی پێشکەوتنخواز تا ئێستا بەرەو پێشی بردوە و هەمیشه‌ روون کردنەوە و لەقاودانی دەور و نەخشی سیاسی و کۆمەڵایەتی مەزهەبە لە خزمەت نیزامی چینایەتی سەرماداریدا.ئێمە لە خەبات لەگەڵ مەزهەبدا قەت بێرێزی بە بیر و باوەڕەکانی خەڵک ناکەین، کاری ئێمە رۆشنگەری و تەوزیحی لەسەرەخۆی راستیەکانە و روون کردنەوەی بەڵگەمەندی دنیابینی کۆمۆنیستی لە بەرانبەر دیاردەی مەزهەب دایە. فەعالیەت و تێکۆشانی ئێمە لەدژی مەزهەب نە تەنیا نابێ ریزی هاوپشتی خەباتکارانەی چینی کرێکار لەدژی سەرمایەداران لاواز بکات، بەڵکو دەبێ ئەم ریزە چینایەتییە پتەو و بەهێزتر بکات.