حاشیەنشینی لە کوردستان و سیاسەتی رژیم لە بەرخورد لەگەڵیدا

لە ھەواڵەکانی رۆژی شەممە ٩ی مانگی ره‌شه‌ممەدا ھاتبوو کە، مەئمورەکانی شارەداریی ناحیەی یەکی شاری سنە بە پشتیوانی ھێزی ئینتیزامی ھێرشیان بردە سەر ماڵێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سنە بەناوی “تەق تەقان” و دانیشتووانی ماڵەکەیان بە هاویشتنی گازی بیبار لەو ماڵە کردۆتە دەرەوە. داوتر بە بیانووی نەبوونی ئیجازەی ساخت، ماڵەکەیان وێران کردۆون. لە جەریانی ھێرشی ھێزی ئینتیزامیدا بۆسەر ئەندامانی ئەم ماڵە منداڵێکی ٤ مانگە بەھۆی کەڵک وەرگرتنی مەئمورەکان لە گازی بیبار مەسموم و لە نەخۆشخانە بەستەری و کوڕەکانی ئەم بنەماڵەیە لە زینداندان. ئەمە یەکەم جار نییە کە مەئمورەکانی رژیم لەم شارە و باقی شارەکانی کوردستان خەڵکی گەڕەکە جیا و حاشیەکانی شار لە شەودا ھێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ریان و ماڵەکانیان بە بیانووی نەبوونی ئیجازەی ساخت، وێران دەکەن. ساڵی ١٣٨٥ لە کردەوەیەکی کەم وێنەدا ١٧٢ ماڵی خەڵکی ھەژاریان لە گەڕەکی “دۆڵی سەید حەسەن” لە نزیک شاری سنە لە شەودا و بە پشتیوانی ھێزی ئینتیزامی و بە کەڵک وەرگرتن لە بۆڵدزێر وێران کرد. بیانووی وێران کردنی ماڵی خەڵک لە دۆڵی سەید حەسەن ھەمان بیانوو بوو کە ماڵی بنەماڵەی عەلی پەنایان لە تەق تەقان پێ وێران کرد. ھەر ئێستا دەیان ھەزار ماڵ لە حاشیەی شاری سنە و باقی شارەکانی کوردستان ھەیە کە لەم بارودۆخەدا دروست کراون و رژیم ھەر کاتێک لەترسی ئاخێزی خەڵک بوێرێت، وێرانیان دەکات.

 378

لەسەرەوە بوونی کرێ ماڵ، زیاد بوونی بێ وێنەی نرخی ماڵ، زەوی خۆری باندە دەوڵەتیەکان لە شارەکاندا و لەسەرەوە بوونی نرخی زەوی، حاشیە نشینی و ژیان و نیشتەجێ بوون لە شوێنە ناستانداردەکانی، بێ ئاو و کارەبا و ئاوەرۆ و دەرمانگا و قوتابخانە و ھەمووجۆرە خزمەتگوزاریەکی شاریی بە شێوەیەکی بێ وێنە پەرەپێداوە. سەرجەم تەرحە دەوڵەتیەکان، لەژێر ناوی “تەرحی جامعی مەسکەن”، و “تەرحی مەسکەنی مێهر” و ھیتر، نە تەنیا نەبوونە ھۆی ئیجادی مەسکەنێکی گونجاو لەگەڵ نیاز و پێداویستەیەکانی خەڵکی کرێکار و کەم داھاتی کۆمەڵگە، بەڵکوو به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی ئەم تەرحانە، بوونە ھۆی ملیاردێر بوونی ژمارەیەکی زۆر پەیمانکار و بساز بفرۆشی تازە پێداکەوتووی سەربە سپا، و دەوڵەمەند بوونی بوروکراتەکانی ئەندام لە ھەیئەت مودیرەی تەعاونیەکانی مەسکەن. گۆڕینی ناوی تەرحی شکست خواردوی مەسکەنی مێهر بۆ مەسکەنی کۆمەڵایەتی لە لایەن حەسەن رۆحانیەوە، نە تەنیا خاڵی کۆتایی لەسەر قەیرانی مەسکەن دانەنا بەڵکوو، ئاواتی ھەبوونی سەرپەنایەکی بۆ بە ملیۆن کرێکار و زەحمەتکیش لە ئێرانی کردۆتە خەون و خەیاڵ. لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە نەبوونی سەرپەنا خەڵک ناچار بە دروست کردنی چوار دیواریەک، بەھەر نرخێک، تەنانەت بەبێ ئیجازە، دەکات.

لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە حاشیە نشینی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە شێوەیەکی بێ وێنە پەرە دەستێنێ. لە “ماکۆ و سۆما و برادۆست”ەوە تا ئیلام و قەسری شیرین، شارێک نییە کە خاوەنی چەندین گەڕەکی حاشیەیی، بێ ئیستانداری شاریی نەبێت. شاری سنە بە تەنیایی خاوەنی ھەشت گەڕەکی حاشیەنشین و ١٢ سکونەتگای بە قەولی رژیم، ” غه‌یره‌ ره‌سمی”ە. ٥٥ لەسەدی جەمعیەتی ئەم شارە لە شوێنەکانی ناستانداردی شاریدا دەژین. لە مه‌هاباد ١٠ ناوچەی حاشیەنشین ھەیە و زیاتر لە ٣٥ لەسەدی جەمعیەتی شاری مه‌ھاباد حاشیەنشینن. چەند ساڵ لەوەپێش سەرۆکی مەسکەن و شارسازی مه‌ھاباد وتبووی: “زیاتر لە ٩٠ لەسەدی حاشیەنشینانی مه‌ھاباد کە لەم ناوچانەدا دەستیان داوتە ساخت و سازی رێگه‌پێنه‌دراو، خەڵکی دێهاتەکانن.”

شاره کورد نشینه‌كانی ‌دیکەش خاوەنی بارودۆخێکی ھاوشێوەن. ژمارەی گەڕەکی حاشیەیی لە شاره‌كانی سەر سنوور وەک بانە، مەریوان، پیرانشار، پاوە و ئەوانیتر بەھۆی ھاتنی لاوان لە دێهاتە ھەژارەکانەوە بۆ کاری کۆڵبەری و کار لە بازاڕچەکانی سەرسنوردا روو لە زیاد بوونە. جەمعیەتی ئەم گەڕەکانە بە خێرایی و بەشێوەیەکی کۆنترۆڵ نەکراو لە حاڵی پەرەسەندن دایە و ژمارەیەکی رۆر لە کرێکاران، کۆچبەرانی دێهاتەکان، کرێ نشیەکانی نێو شارەکان کە (توانایی دانی کرێ ماڵی رۆژ بە رۆژ روو لە زیاد بوونیان نییە)، لاوانی بێکار و بەرەی دووھەمی دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە، توێژێکن کە بە جەمعیەتی ئەم گەڕەکانەوە زیاد دەبن. “نایسەر” یەکێک لە گەورەترین گەڕەکەکانی جیا و حاشیەیی شاری سنەیە کە گەشەی جەمعیەتی تێیدا بێ وێنەیە. ١٩ی مانگی رێبەندانی ئەمساڵ “لوقمان حەیدەری” مودیری شارەداریی مه‌نته‌قه‌ی ٢ی سنە لە كۆبوونه‌وه‌ی ھەڵسەنگاندنی گرفتەکانی نایسەر کە لە شورای ئیسلامی شاری سنەدا بەڕێوە چوو، وتی: “رێژه‌ی مامناوەندی گەشەی جەمعیەت لە وڵاتدا دوو و ١٣ ده‌هۆم له‌ سه‌دە، لە حاڵێکدا کە رێژه‌ی گەشەی جەمعیەتی نایسەری زیاتر لە ٢٢ لەسەد راگەیاند.” حەیدەری لە درێژەدا وتی: “گەشەی ٢٢ لەسەدی جەمعیەت لە نایسەر لە بارودۆخێک دایە کە، ئیجازەی ساخت و ساز لەم گەڕەکەدا ده‌ر ناکرێت بەڵام ساخت و سازی بەقەولی ئەو بە شێوەی بێ ئیجازە بەڕێوەدەچێت.” مودیری شارەداریی مه‌نته‌قه‌ ٢ی شاری سنە وەبیری ھێنایەوە: “جەمعیەتی نایسەر لە ساڵی ١٣٨٥، دوازدە ھەزار و ٤٨٠ کەس لە چوار چێوەی ٣ ھەزار و ١٢١ بنەماڵەدا بووە کە ئەم ئامارە لە ساڵی ٨٨ دا گەیشتۆتە ٢٥ ھەزار و ٨٠ کەس لە ٦ ھەزار و ٢٧٠ بنەماڵەدا و لەمساڵدا بە ٧٠ ھەزار کەس جەمعیەتەوە لە ١٥ ھەزار بنەماڵەدا و گیشتۆتە مامناوه‌ندی گەشەی ٢٢ و ٧٨ ده‌هۆمی لەسەد.”

سەرەڕای سیاسەتی پێشگیرانەی دەوڵەت رەوتی نیشتەجێ بوونی توێژی زەحمەتکێشی بێ ماڵ و مەسکەن لەم گەڕەکانەدا نە تەنیا دابەزینی پێوە دیارنییە، بەڵکوو بە به‌ربڵاوبوونی قەیرانی ئابووری، و بەرزبوونەوەی کرێ ماڵ و ھەزینەی مەسکەن و بێکاری بەرین، روو لە زیاد بوونە. دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە بریتین لە کرێکارانی بێکار، لاوانی خوێندەواری بەشوێن کارەوە، دەست فرۆشەکان، کاسبکارانی ھەژاری بازاڕچە سنورییەکان، کرێکارانی مەیدانی میوە فرۆشی، کۆڵبەرەکان، ژنان و کچانی خانەدار و بێکار، و ئەو پیرانە دگرێتەوە کە ھیچ چەشنە پشتیوانیەکی کۆمەڵایەتیان نییە. دەوڵەت و کاربەدەستانی ناوچەیی، خەڵکی ئەم گەڕەکانیان لە چارەسەر کردنی ئەم کێشە و گرفتانەدا بەتەنیا جێهێشتوە و بەجێگای یارمەتی دانیان سیاسەتی پێشگرتن لە پەرەسەندنی ئەم گەڕەکانەی بە وێران کردنی ماڵەكانیان و کۆنترۆڵ کردنی ئەمنیەتی ئەم گەڕەکانە گرتۆتە پێش و لە ھەوڵی ملیتاریزە کردنی کەش و ھەوای ئەم ناوچانەدان. سیاسەتی وێران کردنی گەڕەکی نیشتەجێ بوونی زەحمەتکێشان لە ناوچەی حاشیەی شارەکان یەکێک لە فاکتۆرە گرینگەکان بوو لە روخاندنی حکومەتی پەھلەویدا، وادیار نییە کە کۆماری ئیسلامیش لە بەرانبەر ھێرش و بەرەنگار بوونەوەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکیشی ناوچەکانی حاشیەی شاردا پارێزراو بێت.