حەفتەی دەوڵەت دەرفەتێک بۆ ریزکردنی ئیدیعای بێ ناوەرۆک

لە کۆماری ئیسلامیدا رۆژی ٢ تا ٨ی مانگی خه‌رمانان ناونراوە حەفتەی دەوڵەت. بەم بۆنەیەوە رۆحانی و باقی کاربەدەستانی ورد و دروشتی دەوڵەتی، سەبارەت بە بەناو خزمەتەکانی دەوڵەت لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردودا قسەیان کردووە. رۆحانی رۆژی سێشه‌ممه‌ ٣ی مانگی خه‌رمانان لە سوخەنڕانیەکدا لە هەمەدان ئیدیعای کرد کە لەژێر رێبەری کابینەکەیدا، گەلێک بەرەوپێشەوە چوون بەدەست هاتووە. ئەو دەستکەوتە ئیدیعاییەکانی دەوڵەتی سەرچاوەگرتوو لە سەبر، خۆڕاگری، ئیتیحاد و حوزوری خەڵک لە مەیداندا لەقەڵەمدا. رۆحانی هەروەک رابردوو باسی لە سەرکەوتنەکانی دەوڵەتەکەی لە داشکاندنی تەوەڕۆم لە ٤٥ لەسەدەوە بۆ کەمتر لە ١٢ لەسەد و گەشەی ئابووری لە ٦ و نیو لەسەدی مەنفیەوە بۆ ٣ لەسەدی موسبەت کرد. ئەو وتی کە لەگەڵ ئەو کارانەدا لە کەرتی کشتوکاڵیشدا، هاوردە کردنی پێداویستی کەشاوەرزی سەرەڕای وشکساڵی لە ٨ ملیاردەوە بۆ ٥،٤ ملیارد دۆلار کەم بۆتەوە.519رۆحانی لەم سوخەنڕانیەدا بەکورتی ئاماژەیەکیشی بە سەرکەوتنی دەوڵەتەکەی لە وتووێژە هەستەییەکاندا کرد و دوای جەخت کردنەوەیەکی زۆر بە سپاردنی کارەکان بە “خەڵک” واتە “سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت” و لە کۆتاییدا داوای لە خەڵک کرد، قانع و سه‌بوور بن.رۆحانی لە هەمان رۆژی ٣ی خه‌رمانان دا لە شوڕای ئیداری ئوستانی هەمەدان سوخەنڕانیەکی تری کرد. ئەو لەو سوخەنڕانیەدا باسی لەو پلان و بەرنامە بەرینانە کرد کە لە ڕێگای پیادە کردنیانەوە لە داهاتودا ڕەونەق و ئاوەدانی بەدی دێت. ئەو لە بەرانبەر ئەندامانی شوڕادا باسی لە دوو دەستکەوتی دەوڵەتەکەی کرد. ئەو بە ئاماژە بەوەیکە ساڵی ڕابردوو لە وەزاڕەتی پێوەندیەکاندا ٤٠ هەزار هەلی کار ڕەخساوە، وتی: زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ شیرکەتی دانش بونیان لە وڵاتدا چالاکن کە ئەمەش خۆی حەرەکەتێکی باشە بۆ رەوتی کارئافەرینی و پێكهێنانی هەلی کار لە وڵاتدا.رۆحانی هەر لەو رۆژەدا لە جەلەسەی تەوسعە و سەرمایەگوزاری ئوستانی هەمەدانیشدا ئامادە بوو وە سەبارەت بە ئابووری دوای ته‌حریمه‌كان و گەشە کردنی خۆش بینی خۆی راگەیاند و وتی: “ئەگەر ڕقابەتی ڕاستەقینە دروست بکەین، پاوانخوازی لەبەین ببەین و خسوسی سازی ڕاستەقینە بەدی بێنین، حەرەکەتی ئابووری وڵات زوو دەور دەگرێت.”بەڵام ڕەقیبەکانی رۆحانیش لە دەرفەتی حەفتەی دەوڵەت کەڵکیان وەرگرتوو و هەوڵیاندا رۆحانی و دەوڵەتەکەی به‌بۆنه‌ی جێبەجێ نەکردنی وەعدە و بەڵێنەکانی بە دەنگدەرانی ڕێسوا بکەن. شەهباز حەسەنپور، سەرۆکی فڕاکسیۆنی ئەسنافی مەجلیس لە رێكه‌وتی ٣١ی پوشپەڕ لە بەردەم هەواڵنێراندا وتی: “سەرەڕای ئەوەیکە دەوڵەت رایگەیاندوە کە وڵات لە ڕکود دەرچوە بەڵام ئەم دەرچونە لە هیچ یەک لە سینفەکان نابیندرێت.” عەسکەرئەولادی، سه‌رۆکی ژووری بازرگانی ئێران و چینیش، ئیدیعای دەرچون لە ڕکودی بە ناڕاست زانیوە و نیشانەکانیشی بە زیاد بوونی چەکە بەرگەشتیەکان زانی. هەواڵنێری ئیسنا بە پشت بەستن بە ئاماری بانکی ناوەندی رایگه‌یاند، ئەرزشی چەکە بەرگەشتیەکان لە ٩ مانگەی سەرەتای ساڵی ٩٣ دا نزیکەی ٥٠ هەزار ملیارد تمەن بووە و سەبارەت بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی پێشوو زیاتر لە ٣٥ لەسەد زیادی کردوە.رەخنەگرانی رۆحانی لەنێوی رژیمدا دەڵێن نرخی زۆربەی کالا ئەساسیەکان، وەک نان، گۆشت و میوە، لانیکەم لە شارە گەورەکان لەگەڵ نرخە ڕەسمیەکاندا کە بنەمای پێوانەی تەوەڕومە لە ئاماردا جیاوازی بنەڕەتی هەیە. ئەوان روونیان کردۆتەوە کە دابەزینی شاخسی گشتی بازاڕی سەهام، بێ ڕەونەقی بازاڕی مەسکەن و داخرانی ناوه‌نده‌كانی بەرهەمهێنان، دەرخەری رکودی قوڵی ئابوورین لە ئێراندا.نەیارانی دەوڵەتی رۆحانی لەوەش واوەتر دەچن و کردارەکانی کابینەکەی لە راستای دژایەتی لەگەڵ بەناو عیزەتی کۆماری ئیسلامیدا لێکداوەتەوە. ئەوان دوای گیڕانەوەی ڕستەیەک لە رۆحانی کە وتویەتی: “دەبێ تەحریمەکان هەڵبگیرێن تا سەرمایە بێت و گرفته‌كانی ژینگە، هەلی کار، سەنعەت و ئاوی خواردنەوەی خەڵک چارەسەر بێت.” دەستیان دایە مەسخەرە کردنی. ئەوان نووسیان کە نەیانزانیوە دوای ٣٦ ساڵ خەبات لەگەڵ بەناو ئیستکبار لە ئێستادا دابین بوونی ئاوی خواردنەوەشیان لە گرەوی سەردانەواندن لە بەرانبەر ئامریکادایە.رۆحانی لە سه‌روبه‌ندی هەڵبژرادندا گەلێک بەڵێنی بە کەرتی تایبەت، کرێکاران، ژنان، لاوان و باقی شارۆمەندان سەبارەت بە باشتر بوونی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیان دا. بەڵام فاکتەکان دەرخەری ئەو راستیەن کە ئەو بەڵێنانە هیچ کە بەکردەوە دەرنەهاتون، بەڵکو بارودۆخەکە خراپتریش بووە. سەبارەت بە دامەزراندنی بێکاران و لاوان دەبێ بوترێ بە قەولی دەست ئەندەرکارانی حکومەتی لە بەرانبەر هەر هەلی کارێکدا کە رەخساوە، ژمارەیەکی زیاتر کارەکانیان لەدەست داوە. لە راستیدا بە سه‌رنجدان به‌ زیاد بوونی وەرشکستەگی ناوەندەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و خزمەتگوزاری، بێکاری زیاتر بووە. ژنان لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردودا لەژێر ئەسید پاشیدا بوون و قانونی عیفاف و حیجابیان بۆ پەسند کردون. ئەگەر ئەسید پاشیەکان بەردەوام نەبوون و یاساکانی دژبە ژن دەرفەتی پیادە کردنیان بۆ نەڕەخسا، تەنیا بەهۆی دەرێژەی خەباتی خودی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب بووە. لە ماوەی ئەم ٢ ساڵەدا هەموو رۆژێک دارەکانی ئێعدام لە زیندانەکان و تەنانەت بە بەرچاوی خەڵکەوە بەرپا بوون و زیاتر لە ٢ هەزار کەس لە مەحکومانی دادگا عادیەکانیانی بۆ ترساندنی کۆمەڵگا ئێعدام کردووە.رۆحانی و سەرجەم کاربەدەستانی دەوڵەتی چ لە حەفتەی دەوڵەتدا و چ لە دەرفەتەکانی تردا هەوڵیانداوە و هەوڵ ئەدەن بە ئاماژە کردن بە دەستکەوتە خەیاڵیەکان، ژنان و پیاوانی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش لەم چاوەڕوانیەدا ڕابگرن کە ڕەنگە لە ئابووری دوای ته‌حریمه‌كاندا کرانەوەیەک لە ژیانیاندا بەدی بێت. بەڵام درێژەی خەباتی رۆژانەی کرێکاران، موعه‌لیمان، پەرستاران و توێژە بێبەشەکانی تری کۆمەڵگا، دەرخەری ئەم ڕاستیەیە کە ئەوان ئیدیعاکانی رۆحانیان لە کردەوە و لە ژیانی رۆژانەی خۆیاندا تەجروبە کردوە و ئەمجۆرە قسانە ناتوانن هیچ كه‌سێك فریو بده‌ن. ئەوان چاوەڕێی وەعدە و وەعیدەکانی رژیم نابن و بۆ دەستەبەر کردنی ویست و داواکاریەکانیان تا ڕزگار بوونی بەتەواوەتی لە چنگ و سوڵتەی رژیمی کۆماری ئیسلامی، درێژه‌ به‌ خەبات و تێكۆشان ده‌ده‌ن.