خنكانی ده‌یان په‌ناخوازی دیكه‌ له‌ ئاوه‌كانی مه‌دیته‌رانه‌

347
به‌ پێی راپۆرتی رێكخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی كۆچبه‌ری، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٢ی مانگی خه‌رمانان، زیاتر له‌ ٣٠ په‌ناخوازی دیكه‌ له‌ ئاوه‌كانی مه‌دیته‌رانه‌ خنكان.گاردی ساحیلی ئیتالیا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ گروپێكی دیكه‌ له‌ په‌ناخوازانی له‌ حاڵێكدا رزگار كرد كه‌ قایقه‌كه‌یان وه‌رگه‌ڕابوو. له‌ جه‌ریانی ئه‌م عه‌مه‌لیاته‌ هه‌روه‌ها ٩٠ كه‌سی دیكه‌ رزگاریان بوو. له‌ هه‌واڵێكی دیكه‌دا هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌، سه‌دان په‌ناخواز كه‌ بۆ چه‌ندین رۆژ بوو كه‌ له‌ ئیستگای ناوه‌ندی قه‌تاری بوداپێست گیریان خواردبوو، دوانیوه‌ڕۆی رۆژی جومعه‌ ١٣ی مانگی خه‌رمانان به‌ پیاده‌ به‌ره‌و ئۆتریش وه‌ڕێكه‌وتن. په‌ناخوازان كه‌ زۆربه‌یان سورین، به‌نیازن كه‌ به‌ره‌و ئۆروپای رۆژئاوا و به‌ تایبه‌ت ئاڵمان بڕون. هه‌وڵی ئه‌م كوچبه‌رانه‌ بۆ چوون به‌ره‌و سنووره‌كانی ئۆتریش له‌ حاڵێكدا روویدا كه‌ پۆلیسی مه‌جارستان ته‌واوی هه‌وڵی خۆی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م كوچبه‌رانه‌ به‌ره‌و ئۆردوگاكان وه‌گه‌ڕخستبوو. راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ هێرشی پۆلیس بۆسه‌ر گروپێك له‌ په‌ناخوازان كه‌ بۆ ئۆردوگاكان ده‌گواسترانه‌وه‌، به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ گازی فرمێسكرێژ، چه‌ند كه‌سێك بریندار كران. هاوكات سه‌درئه‌عزه‌می ئۆتریش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌م وڵاته‌ و ئاڵمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكه‌وتوون كه‌ سنووره‌كانیان به‌سه‌ر په‌ناخوازانێك كه‌ له‌ مه‌جارستانن بكه‌نه‌وه‌. شایانی باسه‌ یه‌كه‌مین گروپی په‌ناخوازان به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ چوونه‌ وڵاتی ئۆتریش.