خۆپیشاندانی به‌رین بۆ مه‌حكوم كردنی ته‌قینه‌وه تیرۆریستیه‌‌كه‌ی ئانكارا

509
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ خه‌ڵكی ئانكارا له‌ مه‌یدانێك له‌ نزیك شوێنی ته‌قینه‌وه‌كان، كۆبوونه‌وه‌ و له‌دژی هێرشیه‌ تیرۆریستیه‌‌كان له‌ ئانكارا و كوژرانی زیاتر له‌ ١٠٠ كه‌س له‌ هێزه‌كانی چه‌پ، ئاشتیخواز و ئازادیخواز، دروشمیان به‌رز كرده‌وه‌.
ئه‌م خۆپیشاندانه‌ له‌ باقی شاره‌كانی توركیه‌ له‌وانه‌ ستانبول و ئێزمیریش به‌ڕێوه‌چوو. خۆپیشانده‌ران به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمی “خه‌ڵك ده‌زانن قاتڵ كێیه‌، ئه‌ردۆغان قاتڵه‌” و هه‌ڵگرتنی وێنه‌ی قوربانیان، له‌دژی ده‌وڵه‌تی توركیه‌ ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی. “سه‌لاحه‌دین دێمیرتاش” یه‌كێك له‌ رێبه‌رانی حێزبی دیمۆكراتیكی گه‌لانی توركیه‌ش له‌گه‌ڵ گروپێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌م حێزبه له‌ نێو خۆپیشانده‌رانی شاری ئانكارا ئاماده‌ بوو. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌رته‌شی توركیه‌ له‌ درێژه‌ی بۆمبارانی بنكه‌ و باره‌گاكانی په كه كه و هێرش بۆسه‌ر شاره‌كانی كوردستانی توركیه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ١٩ی مانگی ره‌زبه‌ر شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌رته‌شی توركیه‌، ئه‌ندامانی گروپی په‌كه‌كه‌ له‌ باشوری رۆژهه‌ڵاتی توركیه‌ و باكوری هه‌رێمی كوردستانی عراقیان بۆمباران كرد. ئه‌م بۆمبارانه‌ له‌ حاڵێكدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ په‌كه‌كه‌ رۆژی رابردوو ئاته‌ش به‌سی یه‌ك لایه‌نه‌ی راگه‌یاند.