خۆپیشاندانی بەرینی جەماوەری، تروسکاییەک لە شەوەزەنگی فەزای سیاسی عێراقدا

نزیک بە ١٠ رۆژە کە شارەکانی عێڕاق شاهیدی خۆپیشاندانی بەرینی جەماوەریی خەڵکە. لوتکەی ئەم ناڕەزایەتیانە رۆژی جومعه‌ ١٦ی گەلاوێژ بوو. لەم رۆژەدا سەدان هەزار کەس لە خەڵکی شارەکانی بەغدا، بەسرە، دیوانیە، سەماوە، ناسریە، کەربەلا، نەجەف، عەمارە، سەلاحەدین، موسەنا، میسان، زیقار و بابل لە ناڕەزایەتیەکی سەرتاسەریدا رژانەسەر سەقامەکان. خۆپیشاندەران لەدژی گەندەڵی لە دەزگا دەوڵەتیەکاندا دروشمیان به‌رز كرده‌وه‌. ئەوان کاربەدەستانی عێڕاقیان بە “دز و تاڵانچی” ناولێبرد و ئەو پلاکاردانەیان پێبوو کە لەسەری نوسرابوو: “بە ناوی دینەوە دزیمان لێمەکەن”. ئەوان سەبارەت بە کەم بوونی زۆری ئیمکانات و خزمەتگوزاری سەرەتایی، لەوانە ئاو و کارەبا و بێهداشت ناڕازی بوون. خۆپیشاندەران هەڕەشەیان دەکرد کە ئەگەر دەوڵەت بەخێرایی وڵامی داواکاریەکانیان نەداتەوە، دەست ئەدەنە مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری.504لە حاڵێکدا دەوڵەتی عێراق تا ئێستا بەڕواڵەت، بەپێی ئامارە ڕەسمیەکانی خۆی، بە ملیارد دۆلاری سەرفی پڕۆژەکانی دابین کردنی کارەبا کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ماوەیەکی زۆر و لە گەرمای سەرووی ٥٠ پلەی سانتی گڕاد دا، جەریانی بەرق تەنانەت لە بەغدا، بەردەوام دەپچڕێتلەگەڵ ئەوەدا گەلێک دێهات و ناوچە لە په‌راوێزی شارەکان، لە بنەڕەتدا لە دەستڕاگەیشتن بە به‌رق بێبەشن. سیستمی دابەش کردنی ئاو و باقی خزمەتگوزارییه‌ شارییه‌كان لەوانە گەیاندن و گواستنه‌وه‌ی بێهداشتی گشتیش لە بارودۆخێکی باشتردا نییە.سازمانی شەفایەتی نێونەتەوەیی، یەکێک لە ناوەندە مەدەنیە جیهانیەکانە کە ساڵانە راپۆرتێک سەبارەت بە رێژەی گەندەڵی ئیداری و ماڵی لە وڵاتانی جۆراوجۆر بڵاو دەکاتەوە. بەپێی راپۆرتی ئەم سازمانە بۆ ساڵی ٢٠١٤ی زایینی، عێڕاق لەنێو ١٧٣ وڵاتی دنیادا پلەی ١٧٠ی لە باری رێژەی دزی و گەندەڵی ماڵیەوە بۆخۆی بەدەست هێناوە. وڵاتی عێڕاق لەمبارەیەوە تەنیا بە جیاوازییەکی کەم لەگەڵ وڵاتانی سودان و سومالیدا لەپێشترە! بەپێی هەڵسەنگاندنی کارناسانی کاروباری ئابووری عێڕاق، دەوڵەتی ئەم وڵاتە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا رەقەمێکی نزیک بە ٩٠٠ ملیارد دۆلار لە داهاتە نەوتیەکانی ئەم وڵاتەی بە هەدەر داوە، بەبێ ئەوەیکە خزمەتگوزاریەکی دیاریکراوی ئەنجام دابێت.ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەی وڵاتی عێراق خاوەنی گرینگیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تایبەتە. لەبەر ئەوەی بۆ یەکەمجارە لەم ساڵانەی دواییدا کە خەڵکی ئەم وڵاتە، بەدەر لەوەیکە سەربە چ مەزهەب و عەقیدە و عەشیرەیەکن، تەنیا لەسەر بنەمای رەنج و ئازارێکی هاوبەش کە لە ئاکامی حاکمیەتێکی کۆنەپەرستانەی سەرتاپا گەندەڵدا کە بەسەریاندا سەپاوە و لەسەر بنەمای ویست و داواکاری ئینسانی و سەرەتاییان، وەک کۆمەڵێک جۆگەلەی پەراکەندە لە شەقام و مەیدانەکانی بەغدا و باقی شارەکانی عێڕاق دەکەونە ڕێ، یەکدەگرنەوە.خەڵکی عێڕاق لە دەست دیکتاتۆڕی خوێنڕێژی سەدام و حیزبی بەعس رزگاریان هات، بەڵام نەک هەر نەیانتوانی لە سەمەرەی ئەم رزگار بوونە بەهرەمەند بن، بەڵکوو کەوتنە زەلکاوی هەژاری و فەلاکەت و نائەمنی گەلێک بەرینترەوە. ئەمرۆ لە عێراقدا کەسێک کە لە ماڵ دەچێتەدەرەوە، ناتوانێ سەبارەت بە گەڕانەوەی بە سڵامەت دڵنیا بێت. ئەم نائەمنیە لەحاڵێکدایە کە لەهەمانحاڵدا نزیک بە ٥٠ لەسەدی خەڵکی ئەم وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەم هەژاریە بەرینە لە وڵاتێکدایە کە لەسەر دەریایەک لە نەوت و سەرچاوەری سروشتی رۆنیشتووە و بە درێژایی هەموو ساڵەکانی شەڕ و نائەمنی، درهێنان و هەناردە کردنی نەوت تەنانەت بۆ رۆژێکیش پەکی نەکەوتووە.لە ماوەی ساڵەکانی دوای روخانی رژیمی سەدام، ئەحزاب و جەریاناتی سوننی مەزهەب و شیعە مەزهەب بە پەرەدان بە ناکۆکی مەزهەبی و فیرقەیی گەلێک کوشتاری بێڕەحمانه‌یان کە بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی هەزاران کەس لە هەردولا، هەوڵیاندا تا خەڵک ناچار بکەن ئەگەر بۆ پاراستنی ئەمنیەتیشیان بووە، پاڵبدەن بە گروپێکی چەکداری سەربەم یان ئەو جەریانەوە. مانەوەی نفوزی ئەم حێزب و گروپانە ئەساسەن پشت ئەستورە بەم نەفرەت پەراکەنیەوە و نیاز بە ئەمنیەت. لەگەڵ ئەوەدا ئەم گروپانە کە هەرکامە و لە بەشێکی عێڕاقدا بەکردەوە دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو، خراپترین نمونەیان لە بەڕێوەبردنی ناوچەی ژێر نفوزی خۆیان پیشاندا.خۆپیشاندانی ١٠ رۆژی رابردوو دەتوانێ یەکەم نیشانەکانی رزگار بوونی خەڵکی عێڕاق بێت لە چنگ کابوسێک کە لە ئاکامی لەشکرکێشی ئامریکا و حاکمیەتی ئەحزابی مەزهەبی و کۆنەپەرست بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا سەپاوە. لەمرۆدا دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک لەدژی دەوڵەتێکی گەندەڵ کە سەرەڕای بەهرەمەند بوون لە سەرچاوەی زۆری ماڵی نەیتوانیوە تەنانەت سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی ئەمرۆی کۆمەڵگا وەک کارەبا و ئاوی خاوێن بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە دابین بکات، بەرز بۆتەوە. ئەم ناڕەزایەتیانە نیشانی ئەدات کە رەوتە دەسەڵاتدارەکان لەم وڵاتەدا ئیتر ناتوانن لەوە زیاتر خەڵک بە کەڵک وەرگرتن لە کینە و نەفرەتێک کە خۆیان ئاگاهانە پەرەیان پێداوە، لەپشت سەری خۆیان بەخەت بکەن. لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا دوای روخانی رژیمی بەعس، هێزە سیاسیەکانی نێو عێراق لە نەفرەت و کینەیەک کە لە ئاکامی توندتیژییە فیرقەیی، عەشیرەیی و مەزهەبیەکاندا بەدی هاتبوو، بۆ تەقویەتی پێگەی سیاسی خۆیان کەڵکیان وەردەگرت، بەڵام ناڕەزایەتیەکانی ئەم رۆژانەی دوایی نیشانی ئەدات کە ئەم دەورە پڕ لە وەحشەت و هەژارییە دەتوانێ کۆتایی بێت. خەڵکی عێراق لە مێژووی ئەم سەد ساڵەی دوایی خۆیدا خاوەنی گەلێک سوننەتی خەباتکارانەی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێشڕەو بوون. زۆرینەیەکی بێدەنگ کە لە چەند دەیەی دواییدا لەژێر گوشاری دیکتاتۆڕی بەعس و دواتر حاکمیەتی ئەحزابی کۆنەپەرستی شیعەدا رازی بەم بارودۆخەی ئێستا بوون، دەکرێ بگەڕێنەوە مەیدانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایه‌تی. خۆپیشاندانی ئەم رۆژانەی دوایی یەکەم تروسکاییەکانی ئەم وشیار بوونەوە کۆمەڵایەتیەیە.ئەگەرچی ئەم هێزە جه‌ماوه‌ریه‌ بەرین و چارەنووس سازە، هێشتا زەرفیەت و تواناییە راستەقینەکانی دەرنەخستووە، ئەگەرچی هێشتا خاوەنی رێبەریەکی رادیکاڵ و رۆشن بینی خۆی نییە، ئەگەرچی هێشتا ناهاتۆتە مەیدانی یەکلاکەرەوە لەگەڵ گروپە مەزهەبیەکانی حاکم بەسەر ئەم وڵاتەدا، بەڵام تا ئێرەش، کە لە فەزای پڕ لە نائەمنی و دوبەرەکی مەزهەبیدا، دەنگی خۆی لەدژی گەندەڵی و بۆ دەستەبەر کردنی ویست و داواکارییە سەرەتاییەکان بەرز کردۆتەوە، هیوا بە گەڕانەوە بۆ وەحدەتی ئینسانە هاوچارە نووسەکانی، زیندوو کردۆتەوە.

About admin

mnykkargarhastam

View all posts by admin →