رۆژی شه‌ممه، خه‌ڵكی ئازادیخوازی شاری “سه‌رده‌شت” بۆ پشتیوانی له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی مهاباد و هاوده‌نگی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌م شاره بۆ مه‌حكووم كردنی كه‌سانی سه‌ر به رژیم و گیان له‌ده‌ستدانی “فه‌ریناز خوسره‌وانی”، خۆپیشاندانیان وه‌ڕێخست.خه‌ڵكی ئازادیخواز و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌بی شاری سه‌رده‌شت، له‌دژی كرده‌وه‌ی جهنایهتكارانهی رژیمی كۆماری ئیسلامی و كاربه‌ده‌سته‌كانی كه بۆته هۆی گیان له‌ده‌ستدانی فه‌ریناز خوسره‌وانی، رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و به به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمه‌كانی “ئێمه هه‌موومان فهرینازین، مهاباد ته‌نیا نییه، خوازیاری ناساندن و محاكمه كردنی به‌ڕێوه‌به‌رانی قه‌تڵی فهرینازین”، نه‌فره‌ت و بێزاری خۆیان له‌دژی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ی رژیم نیشاندا. هێزه ئینتزامی و ئهمنییهتییهكانی رژیم له ناوچه جیاجیاكانی شار جێگیر كرابوون و وێڕای هێرشی وه‌حشیانه بۆسه‌ر خۆپیشانده‌ران، لانیكه‌م ١٢ كه‌سیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. له لایه‌كی دیكه‌وه، بارودۆخی ئێستای شاره‌كانی كوردستان هه‌روا ئاڵۆزه، به شێوه‌یه‌ك كه شاره‌كانی سنه، سه‌قز، بۆكان و مه‌ریوان به‌ته‌واوه‌تی میلیتاریزه و شایه‌تی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له هێزه‌كانی یه‌گان تایبه‌ت و سپا و هێزی ئینتزامی و لیباس شه‌خسییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاته. شایانی باسه، هه‌واڵی گه‌یشتوو باس له حزووری به‌ربڵاوی هێزه‌كانی ئه‌منییه‌تی رژیم و كه‌شوهه‌وای سه‌ركووتی توند له شه‌قامه‌كانی شاری سنه و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی چه‌ندین كه‌س ده‌كات.