خۆپیشاندان له‌ ئیستانبوول له‌ دژی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ بۆ سه‌ر باكووری سوورییه‌

402w
ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئێستانبوول له‌ ناڕه‌زایه‌تیی به‌ ده‌خاڵه‌تی نیزامیی توركییه‌ و هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئه‌م وڵاته‌ بۆ سه‌ر باكووری سوورییه‌ ده‌ستیاندایه‌ خۆپیشاندان.
خۆپیشانده‌ران خوازیاری كۆتایی هێنانی به‌ هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل له‌ باكووری سوورییه‌ بوون. “سه‌لاحه‌دین دێمیرتاش”، سه‌رۆكی پارتی دیمۆكراتیكی گه‌لان له‌ قسه‌ و باسێكدا له‌م خۆپیشاندانه‌دا، هێرشی نیزامیانی توركییه‌ی بۆ سه‌ر جرابلۆسی سوورییه‌ی به‌ هه‌وڵێكی “دوژمنانه‌” له‌ دژی هێزه‌ كوردییه‌كان دایه‌ قه‌ڵه‌م. ده‌وڵه‌تی توركییه‌ له‌ ڕێی به‌ڕێوه‌بردنی عه‌مه‌لیاتی نیزامی “قه‌ڵغانی فۆرات” له‌ باكووری سوورییه‌، هێرشی به‌ربڵاوی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی هێزه‌ خه‌باتكاره‌ كوردییه‌كان ده‌ستپێكردووه‌. هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا، سه‌رۆك وه‌زیری توركییه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ قسه‌وباسێكدا له‌ شاری كوردنشینی ئامێد، وتی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ هیچكات ئیزن نادات “ده‌وڵه‌تی كورده‌كان” له‌ باكووری سوورییه‌ پێك بێت.