خۆڕاگری كرێكارانی نه‌وه‌رد و لوله‌ی سه‌فا بۆ درێژه‌دان به‌ مانگرتن

343y
رۆژی دووشه‌ممه‌ ٢١ی مانگی گوڵان، كرێكارانی مانگرتووی كارخانه‌ی “نه‌وه‌رد و لوله‌ی سه‌فا” به‌ شێوه‌ی یه‌كگرتووانه‌، ده‌نگیان به‌ درێژه‌ی مانگرتندا و رایانگه‌یاند، تا كاتی گه‌یشتن به‌ داواكارییه‌كانیان درێژه‌ به‌ مانگرتن ده‌ده‌ن.به‌ پێی راپۆرتی “یه‌كیه‌تی ئازادی كرێكارانی ئێران” له‌ ٢١مین رۆژی ئه‌م مانگرتنه‌دا، كرێكارانی نه‌وه‌رد و لوله‌ی سه‌فا بۆ بڕیاردان له‌ بابه‌ت پێشنیاره‌كانی خاوه‌نكار، ده‌ستیان به‌ به‌ڕێوه‌بردنی مه‌جمه‌عێكی عموومی له‌ سالۆنی “كووتینگ”ی ئه‌م كارخانه‌یه‌ كرد. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌ره‌تا، نووێنه‌رانی كرێكاران راپۆرتێكی چڕوپڕیان له‌ وتووێژه‌كانی رۆژی رابردووی خۆیان له‌گه‌ڵ خاوه‌نكار له‌ تاران و پێشنییاره‌كانی خاوه‌نكار پێشكه‌ش كرد و دوابه‌دوای ئه‌م وتووێژانه‌، قه‌بووڵ كردن و یان ره‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌م پێشنییارانه‌یان خستۆته‌ قۆناغی ده‌نگدانه‌وه‌. كرێكارانی مانگرتوو پاش بیستنی پێشنیاره‌كانی خاوه‌نكار، به‌ سه‌رنجدان به‌ به‌ڵێنی درۆی ناوبراو كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ رایانگه‌یاندووه‌، تا كاتێك كه‌ یه‌كمانگ له‌ حه‌قده‌سته‌كانیان به‌ ته‌واوه‌تی په‌رداخت نه‌كرێت و زه‌مانه‌تێك بۆ ده‌سته‌به‌ربوونی داخوازییه‌كانیان نه‌دات، حازر به‌ كۆتایی هێنان به‌ مانگرتنه‌كه‌یان نین.