خۆڕاگری یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل له‌ كۆبانی

25
یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و سه‌رجه‌م هێزه‌كانی پاراستنی كۆبانی دوای هێرشی گروپی ئیسلامگه‌رای داعش بۆسه‌ر كۆبانی، له‌ خاكی توركیه‌وه‌ له‌ چوار خاڵی جیاجیاوه‌ هێزه‌كانی ئه‌م گروپه‌یان گه‌مارۆ دا و تێكهه‌ڵچوونه‌كان له‌م ناوچه‌یه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌.به‌ پێی راپۆرته‌كان، دوابه‌دوای هێرشی هێزه‌كانی داعش بۆسه‌ر كۆبانی، تا ئێستا لانیكه‌م ١٢ كه‌سی مه‌ده‌نی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ژماره‌یه‌كیش بریندار بوون. شایانی باسه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی داعش له‌ رێگای ئاوایی “حلنج” له‌ به‌ره‌ی باشوری كۆبانی، چوونه‌ نێو ئه‌و شاره‌ كه‌ دوابه‌دوای كاردانه‌وه‌ی خێرای یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل له‌ گه‌ڕه‌كی “كانی كوردان” و نه‌خۆشخانه‌ی “ئه‌مه‌ل”، تێكهه‌ڵچوون روویداوه‌. دوای ئه‌وه‌یكه‌ گروپی داعش له‌ رێگای خاكی توركیه‌وه‌ و له‌ نزیك ده‌روازه‌ی سنووریی به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ مۆتۆرسیكلێت و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو ده‌ستیان دایه‌ هێرش، یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل وڵامێكی لێبڕاوانه‌یان پێ دانه‌وه‌ و تێكهه‌ڵچوونه‌كان ده‌ستی پێكرد. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، نیزامیانی توركیه‌ جێگیر له‌ ده‌روازه‌ی سنووریی له‌ گواستنه‌وه‌ی برینداران بۆ كوردستانی توركیه‌، پێشیان گرت. شایانی باسه‌ بارودۆخی زۆرێك له‌م بریندارانه‌، خراپ راگه‌یه‌ندراوه‌.