خێرایی داخرانی کارخانەکان و رکودی کەشاوەرزی و دورنمای تاریکی ئابووری ئێران

رەوتی داخرانی کارگا و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و بێکاری کرێکاران خیراییەکی بێ وێنەی بەخۆیەوە گرتوە. چاوگێڕانێک بەسەر راپۆرتە بڵاو کراوەکان تەنیا له‌ ١٠ رۆژی سەرەتای مانگی جۆزەرداندا ئەم خێراییە بە روونی نیشان ئەدات:داخرانی کارخانەکانی ئەکریل تاپ، نەساجی ئاکباتان لە هەمەدان، کارخانەی نوقرە نەخ و ” ئلکترۆد پارس”، داخرانی ٨٠ لەسەد لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی ” شارەکی کهنوج”. ئەمانە هەواڵەکانی ٣ رۆژی سەرەتای مانگی جۆزەردانن. رۆژی چواری مانگ ” جەعفەر سادق ئەسکەندری” سەرۆکی سازمانی سەنعەت، و تجاڕەتی ئازەربایجانی رۆژئاوا بە ئاماژە بە ژمارەی یەکە نیوە فەعال و راوەستاوەکانی ئەم ئوستانە، وتی:”هەزار و ٢٦٤ یەکەی سەنعەتی ئوستان نیوە فەعال و یان نا فەعالن. ئەو ژمارەی واحیدە نیوە فەعالەکانی ئوستانی ٤٠٠ یەکە ناوبرد و وتی: لەم نێوانەدا ٨٦٤ یەکەش بە تەواوی دستیان لە فەعالیەت هەڵگرتوە.””عەبدوالمحەممەد زاهدی” ئوستانداری کوردستان لە دیدار لەگەڵ سەرۆکی کومیتەی ئیمدادی وڵات لە سنە کە لە رێکەوتی ٦ ی مانگی جۆزەردان بەڕیوەچو، بە ئاماژە کردن بە داخران و نیوە چالاک بونی ژمارەیەکی بەرچاو لە واحیدەکانی بەرهەمهێنانی مەوجود لە ئوستاندا، وتی: ٥٠ لەسەدی یەکەکانی بەرهەمهێنانی ئوستانی کوردستان لەبەر گرفتی ماڵی، پێکهاتەیی، مودیریەتی و هیتر داخراون.446

“حەسەن فیروزی” جێگری تەوسعەی مودیریەت و مەنابعی ئینسانی ئوستانی کوردستانیش رۆژی شەممە ٩ی مانگی جۆزەردان لە مەڕاسمی معارفەی مودیری ئوستانیی یەکێک لە بەشەکانی زانکۆی فەرهەنگیانی کوردستان کە لە سنە بەڕیوەچوو، گرنگترین بابەت لە ئۆستانی کوردستانی مەسەلەی بێکاری زانی و وتی:” ئاماری بێکاری لەم ئوستانە بەداخەوە لە ئێستادا گەیشتوەتە سنوری قەیران.”

هەواڵی داخرانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و دەرکردنی کرێکارانی کارگا و کارخانەکان لە حاڵێکدا رووی لە زیاد بوونە کە، بەرپرسێکی دەوڵەتی رایگەیاند:” نرخی بێکاری لە ١١ شاری ئوستانەکانی لوڕستان، کرماشان، بەشێک لە کرمان و سیستان و بەلوچستان زیاتر لە ٤٠ لەسەدە.”
بەڵام ئەمە تەنیا ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی لە شارەکان نییە کە بەرەو رووی رکود و قەیران بونەتەوە. کەشاوەرزی ئێرانیش چۆتە نێو قۆناغێکی نوێی رکودەوە و قەیرانی کەم ئاوی ئەم رکودەی توند تر کردۆتەوە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە، جەمعیەتی دانیشتوی ئاواییه‌كانیان بە ٢١ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس بەراورد کردوە. لەم جەمعیەتە ١٧ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیان ئامادەی کارن. بەپێی ئاخرین ئاماری بڵاوکراوە ١٠ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لەم جەمعیەتەی ئامادەی کارە، وەک نا فەعال بە حیساب دێن و هیچ نەخشێکیان لە فەعالیەتی ئابووری و دستەبەرکردنی داهاتدا نییە. دەرسەدێکی زۆر لەم جەمعیەتە لاوانن کە بە هیوای دۆزینەوەی کار روودەکەنە قەراغی ئەو شارانەی کە خۆیان قەیرانی بێکاری یەخەی گرتوون. کرێکارانی لەسەرکار لە واحیدە سەنعەتیە نەخۆشەکاندا بەشێوەی ئاسایی قەراردادی و یان بە قەردادی سپی ئیمزا لەسەر کارن و شاملی پشتیوانیە قانونیەکان نابن. بڕێك جاریش چەندین مانگ حەقدەستی دواخراویان هەیە کە پێیان نەدراوە.
هۆکاری داخرانی یەک لەدوای یەکی کارخانەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و هێرشی سەمایەی نێوخۆیی بەرەو دەڵاڵی و بازرگانی هەرچیەک بێت، ئەم شەپۆلە تازە و هەڵبەت ئیدامەدارە لە داخرانی ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان، هەڵگری پەیامێکی تاڵە بۆ چینی کرێکار و جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی هەژار و وێنایەک لە توند بوونەوەی ئازار و مەینەتیەکانی ژیانی کرێکارانی بێکار لە مانگەکانی داهاتودا دەردەخات. ئەگەر بۆ سەرمایەدار تەعتیل بوونی کار لە بوارێکدا بە واتای دەست پێکردنی چالاکی لە مەیدانێکی تردایە، بۆ کرێکاران داخرانی کارخانە بەم واتایەیە کە سەرجەم ژیان و بەڕێچونی خۆی و بنەماڵەکەی کەوتۆتە مەترسیەوە.
دەوڵەتی حەسەن رۆحانی دەرچون لە رکودی ئابووری و باشتر بوونی بارودۆخی ژیانی خەڵکی ئێران لە گرەوی تەوافوقی هەستەیی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی و لاچونی گەمارۆ ئابووریەکاندا باس دەکات. پێکهاتنێک کە بەپێی وەعدەکانی ئەو و تیمی هاوکارانی لە ئاکامیدا دەکرێ ئیعتیمادی سەرمایە گوزارانی رۆژئاوایی بۆ سەرمایە گوزاری کردن لە ئابووری لە پێ کەوتوی ئێران رابکێشرێت. بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە یەکەم، قەیرانی ئابووری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ تەحریمەکاندا دەستی پێنەکردوە تا بە لاچونی گەمارۆکان کۆتایی بێت. کۆماری ئیسلامی ٣٦ ساڵە ئەساسەن بە هۆکاری سیاسی ئەم قەیران و شپرزەییە ئابووریە بەشوێن خۆیدا دەکێشێ. دووهەم، لاچونی تەحریمەکان ئەو جۆرەی کە لە لایەن ئامریکا و دەوڵەتانی رۆژئاواییەوە بەرنامەی بۆ دارێژراوە، بەرە بەرە، شیاوی گەڕانەوە و بەشێوەیەک دەبێت کە ئیمکاناتی ماڵی بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ناوچەکە بە کۆماری ئیسلامی نەدات.کەوایە ئابووری ئێران تا کاتی قابیلی پێش بینی لە بەرانبەر لاچونی تەحریمەکاندا ناتوانێ ببوژێتەوە. سێهەم، ئەگەر قەرارە سەرمایە گوزارانی خاریجی بڕژێنە ئێرانەوە و لەو دەرفەتانەی کە رژیم بۆیان فەراهەم دەکات دەست بکەن بە کۆکردنەوەی قازانج، لە ئەگەری ئەمەدا دەستپێکی ئەم کارە پێویستی بە بوونی ژێرخانی ئابووری بەهێز لە بوارەکانی وەک ئاو و بەرق و جادە و رێگای ئاسن و بەندەرگا و خزمەتگوزاری شاری و هیتردا هەیە. بەڵام هەموو ئەم بوارانە لەمرۆدا ناتەواو و ناکاران و پێویستیان بە نۆژەن کردنەوە هەیە. کاری بنیادنان و نۆژەن کردنەوەی ژێرساختەکان، ئەگەر بە فەڕز لە توانای سیستمی ئیداری و حقوقی گەندەڵ و ناکارای ئێرانیشدا بێت، کە نییە، تازە لە ئەگەری ئەوەدا ئەنجامدانی لەلایەنی کرداریەوە پێویستی بە بەرنامەڕێژی درێژماوە و کاتێکی دوورو درێژە. کاتێک کە نە ئابووری ئێران توانایی تەحەمول کردنی ئەوەی هەیە و نە گەشە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک ئەو دەرفەتەی ئەداتێ. بەڵام رژیمی کۆماری ئیسلامی خۆشی ئەم راستیە بەباشی دەزانێ لەبەر ئەوەی لێی حاڵیە کە هیچ موعجیزەیەکی ئابووری لەڕیدا نییە، لەم روەوە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ کاردانەوەی سیاسی و خەباتکارانەی ئەم قەیرانە دەستی داوەتە دروست کردنی فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا لە رێگای زیاد کردنی ئێعدامەکان، توند کردنەوەی گوشار بۆسەر فەعالینی خەباتی مەدەنی و زیاد کردنی گوشار بۆسەر زیندانیانی سیاسی. سیاسەتەکانی دەوڵەتی رۆحانی بۆ کۆنترۆڵ کردنی قەیرانەکان توشی بونبەست بووە و رووی کردۆتە تەنیا رێگای بەردەمی کە ئەویش بریتیە لە سیاسەتی سەرکوت و گرتن و زیندانی کردن بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵک. بەڵام کاسەی سەبری خەڵک پڕ بووە و پەیڕەو کردنی ئەم سیاسەتەش لەمرۆدا یاری کردنە بە ئاگری توڕەیی خەڵک.