خەباتی سەرتاسەری و ڕێکخراو تەنیا ڕێگای داسەپاندنی لانیکەمی حەقدەستی گونجاو بەسەر دەوڵەت و خاوەنکاراندایە

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری حکومەتی ئیلنا، نوێنەری خاوەنکاران لە شوڕای باڵای کاردا بە بیانوی هەبوونی موشکلات و کۆسپ لەسەر ڕێگای بەرهەمهێنان ڕایگەیاندووە کە خاوەنکاران ناتوانن حەقدەستەکانی ساڵی ٩٤ بەپێی مادەی ٤١ ی قانونی کار زیاد بکەن. شوڕای باڵای کاریش بە بیانوی وڵامدانەوە بە نیگەرانیەکانی خاوەنکاران چەند وەزیر و بەرپرسی سازمانی دابین کردنی کۆمەڵایەتی و بانکی ناوەندی بانگ کردوە تا لە جەلەسەکانی شوڕادا بەشداری بکەن. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری حکومەتی ئیلنا قەرار بوو رۆژی سێشەممە ١٢ی مانگی ڕەشەممە بانگهێشت کراوان لە ئاوا جەلەسەیەکدا بەشداری بکەن، بەڵام تا ئێستا ئەم جەلەسەیە پێکنەهاتووە. هەواڵنێری دەوڵەتی مێهر رۆژی ٩ی رەشەممە رایگەیاند کە خاوەنکاران ئامادە بوون بەبێ لەبەرچاو گرتنی سەبدی بەڕێچونی کرێکاران ناوەرۆکی مادەی ٤١ ی قانونی کار رەچاو بکەن. بەپێی ئەم مادەیە لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران دەبێ لەسەر بنەمای ڕێژەی تەوەڕوم و هەروەها نرخی سەبەدی بەڕێچونی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی دیاری بکرێت. لەوێوە کە تەوەڕومی ڕاگەیەندراو لە لایەن دەوڵەتەوە ١٥ لەسەدە، خاوەنکاران حازر بوون تەنیا ١٥ لەسەد بە لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانەوە زیاد بکەن.

 379

سەرەڕای ئەوەیکە دەوڵەت رایگەیاندووە کە لەم مانگانەی دواییدا نرخی گەشەی قیمەتەکان دابەزیوە، بەڵام هەواڵنێری مێهر دانی بەوەدا ناوە کە لە هێندێک بواردا وەک هەزینەی مەسکەن، گواستنەوە و گەیاندن و خۆراک نرخەکان زیادیان کردووە. وەک نمونە بەپێی سەرچاوە هەواڵنێرییه‌كانی نزیک لە ڕژیم، نرخی مریشک لە مانکی ڕێبەندانی ئەمساڵدا لە کیلۆی ٥ هەزار و ٨٠٠ تمەنەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٧ هەزار و ٩٠٠ تمەن، نرخی گۆشتی مەڕیش لە کیلۆی ٢٣ هەزارەوە گەیشتۆتە ٣٤ هەزار تمەن.

قیمەتی میوە لانیکەم ٤٠ لەسەد زیادی کردوە و هەزینەی دەرمانی ٤٣ لەسەد بەرز بۆتەوە، هاتوچۆ ٢٠ لەسەد و هەزینەکانی مەسکەن و ساختمانیش ١٨ لەسەد بەرز بوونەتەوە. فەرامەرز تۆفیقی، کە وەک نوێنەری دەوڵەتی بۆ کرێکاران لە شوڕای باڵای کاردا بەشدارە، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری مێردا، تەحەمول کردنی حەقدەستی چەند جار لەژێر هێڵی هەژاری لە لایەن کرێکارانەوەی سەرچاوە گرتوو لە “نەجابەتی” ئەوانەوە زانیوە. بەڵام تەشەکولە سەربەخۆ کرێکارییەکان، رۆژی ١٢ ی مانگی ڕەشەمە ڕاگەیاندنێکیان بڵاو کردوە و تێیدا وێڕای ناڕەزایەتی بە داسەپاندنی حەقدەستی چەند بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاری و موسیبەتە بێ ئەژمارەکانی کرێکاران، نوسیویانه‌ کە سەرەڕای سەرکوت و گرتن و زیندان، گەلێک جار و بە شێوەی جۆراوجۆر دیفاعیان لە ئاستی بەڕێچون و مافە کرێکاریەکانی خۆیان کردوە و دیسانیش دەیکەن. ئەوان لە بەشی کۆتایی ڕاگەیاندنەکەیاندا نووسیویانە:

“بەپێی دان پیانانی کارناسان و ناوەندە ڕەسمیە حکومەتیەکان سەبەدی هەزینەی بنەماڵیەکی ٤ کەسی گەیشتۆتە زیاتر لە ٣ ملیۆن تمەن و بەمجۆرە درێژەی حەیات و مانەوەی ئێمە کرێکاران بەکردەوە نامومکین بووە. لەبەر ئەوە لەسەر ئەساسی ئەم ڕاستیە دیار و حاشا هەڵنەگرانە، ئێمە واژۆکەرانی ئەم بەیانیە لەگەڵ وەبیرهێنانەوەی ناڕەزایەتی ئەم دواییانەی موعەلیمان و کرێکارانی سەنایعی ماشێن سازی و عەزم و ئیرادەی پتەوی گشتی کرێکاران بۆ بەهرەمەند بوون لە ژیانێک هاوسەنگ لەگەڵ ستانداردەکانی ئەمرۆ بە دەوڵەت و خاوەنانی سەرمایە رادەگەیەنین: ئەگەر بێت و بە خێرایی کەلێنی نێوان سەبەدی هەزینەی باڵای ٣ ملیۆن تمەنی لەگەڵ لانیکەمی موزدی سوکایەتی ئامێزی ٦٠٨ هەزار تمەنی پڕ نەکرێتەوە، رۆژ بە رۆژ بە قوڵایی و ئاستی ناڕەزایەتی کرێکارانەوە زیاد دەبێت و ئێمە بە پشت بەستن بە هێزی یەکێتی و هاوپشتیمان ساتێک بۆ دیفاع لە ژیان و برێچونمان غافڵ نابین”.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە داسەپاندنی هەژاری و موسیبەتی سیستمی سەرمایەداری بەسەر کرێکاراندا، ئەگەر بەبێ وڵامی خەباتکارانە بمێنێتەوە، بێجگە لە ئیجادی تەباهی و لەنێو چوون لەنێو بەرەی ئێستادا و نەوەکانی داهاتوی کرێکاراندا ئاکامێکی دیکەی بەدواوە نابێت.

لەم رۆژانەدا کە ڕژیمی ئیسلامی سەرمایە لە سەرودەمی ڕاگەیاندنی تەسلیم بوون لە بەرانبەر ئامریکادا و هەروەها دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ٩٤ دایە، بە توند کردنەوەی سەرکوت بە شکڵ و شێوەی جۆراروجۆر لەوانە ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی و عادی کە دەمێکە، لە زینداندا رایگرتون، هەوڵ ئەدات بە دامەزراندنی کەش و هەوای ترس و وەحشەت، بەر بە پەرەسەندنی نارەزایەتی کرێکاران و توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگە، سەبارەت بە بارودۆخی دژواری بەڕێچونیان بگرێت. بەڵام ئەو کرێکارانەی کە خۆیان یان باوکیان ٣٦ ساڵ لەوەپێش ڕژیمی پاشایەتیان بەخاتری دابین کردنی ئازادی و ڕیفاه لە تەختی دەسەڵات کێشایە خوار و روخاندیان، بە درێژەدان بە خەبات نیشانیان داوە کە هەوڵەکانی ڕژیم لە ڕاستای لە ترس و نیگەرانیدا ڕاگرتنی کرێکاران کوتانی ئاو لە هاوندا بووە. خەباتی کرێکاران بۆ بەرگرتن لە لەنێو چوونی خۆیان و بنەماڵەکانیان لە لایەن دەوڵەت و خاوەنکارانەوە درێژەی هەیە. بەڵام ئەم خەباتە پڕژ و بڵاوە. بە سەرتاسەری کردنەوە و ڕیکخستنی ئەم خەباتە دەکرێ خاوەنکارانی چاوچنۆک، حکومەت و دەوڵەتی یازدەهەمی شپرزە ئەحواڵی وادار بکرێت تا لەبەرانبەر داواکاری دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی گونجاو لە لایەن تەشەکولە واقعیە کرێکاریەکانەوە سەری تەسلیم دانەوێنن. کرێکاران بە سەرکەوتن لەم مەیدانەدا دەتوانن رێگا بۆ دەستەبەر کردنی مافە سیاسی و ئینسانیەکانی خۆیان و هەموو گروپە ئازادی خوازەکانی کۆمەڵگە خۆشتر بکەن.