خەباتی کرێکاری و جەماوەری ئەم دوو مانگەی دوایی لە ئاستی دنیادا

لە ماوەی ئەم دوو مانگەی دواییدا لە باکوری قاڕەی ئامریکا گەلێک بزووتنەوە و ئاکسیۆنی کرێکاری گرینگ به‌ڕێوه‌چووه‌. لەنێو هەواڵە گرینگە کرێکاریەکانی ئەم قاڕەیەدا پێویستە ئاماژە بە مانگرتنی دەیان هەزار کەسی کرێکاری کشت وکاڵ لە ناوچەی “سن کوینتین”، هەڵکەوتو لە وڵاتی مێکزیک و لە سنوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بکەین. ئەم کرێکارانە لە نێوەڕاستی مانگی مارسدا مانگرتنی خۆیان دەستپێکرد. لە رۆژی سێشەممە ٢٤ی مارس بەدواوە زیاتر لە ٥٠ هەزار لە سەرجەم ٧٠ هەزار هێزی شاغڵ لە ناوچەکەدا بە مانگرتن، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەوە پەیوەست بوون. داواکاری مانگرتووان بریتیە لە زیاد کرانی حەقدەست، کۆتایی هێنان بە هه‌ڵسۆكه‌وتی خراپ لە لایەن مودیران و سەرپەرستەکانەوە، دابین کردنی بیمەی دەرمانی، دانی حەقدەستی ئیزافەکاری، دانی مەرەخەسی بە حەقوقەوە و باشتر کردنی بارودۆخی کار.397

ئەم کرێکارانە، کە زۆربەیان بومی و کۆچبەری نێوخۆیین، بۆ ١٠ سه‌عات کاری رۆژانە تەنیا ٧ دۆلار حەقدەست وەردەگرن کە بەرابەرە لەگەڵ حه‌قده‌ستی رۆژانەی کرێکارێکی مه‌زرا لە ٤٠ ساڵ لەوەپێشی ئامریکادا. کرێکاران داواکاری ٢٠ دۆلار حه‌قده‌ستی رۆژانەن. ئەم مانگرتنە گرینگ و رێکخراوە تا ئێستاش درێژەی هەیە.

یەکێک لە نیگەرانیەکانی کاربەدەستانی ئیالەتی و خاوەن موجتەمەعە زەبەلاحەکانی میوە ئەوەیە کە رۆحیەی رەزمەندەگی و مافخوازی ئەم کرێکارانە بچێته‌ نێو کرێکارانی بەشی کشت و کاڵ و کۆچبەری نێوخۆیی ئامریکاشه‌وه‌. ئەم نیگەرانیە لە مانگرتن و رێپێوانی ٣ هەزار کرێکاری کەشاوەرزی لە شاری سێنت پترزبۆرگ، هەڵکەوتوو لە ویلایەتی فلوریدای ئامریکا خۆی نیشاندا. ئەم کرێکارانە لە ٢١ی مارسدا دوای رێپێوان بە مەسیرێکی دوور و درێژدا لە پارکی ناوەندی شارەکە کۆبوونەوە و داواکاری دادپەروەری و یەکسانی بۆ کرێکارانی کشت وکاڵ بوون. ناڕازیان هەروەها داواکاری دابینکردنی خۆراکی گونجاو و کافی بۆ هەمووان بوون. ئەم کۆبونەوەیە لە لایەن کانونی کرێکارانی کەشاوەرزی ئامریکایی، میکزیکی و خه‌ڵكی هائیتی و بە یارمەتی باقی رێکخراوە کرێکارییەکانی ویلایەتی فلوریداوە هیدایەت و بەڕێوەبرا. رێکخەرانی ئەم کۆبونەوە ناڕەزایەتیە لەسەر ئەو بڕوایەن کە بارودۆخی کاریی کرێکارانی کەشاوەرزی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە شێوەی کۆیلەداریە و دەبێ بۆ گوڕێنی خەبات بکرێت.

لە رۆژی چوارشەممە ١٨ی مانگی مارسی ٢٠١٥ ، رۆژی ریزگرتن لە کومۆنی پاریس، دەیان هەزار چالاکی دژی سەرمایەداری لە شاری “فرانکفۆرت”ی ئاڵمان دەستیاندایە خۆپیشاندان تا بەر بە بەڕێوەچوونی مەراسمی کرانەوەی بینای نوێی بانکی ناوەندی ئوروپا لەم شارەدا بگرن. ئەوان ئەم بانکە بە هێمای وەحشیگەری سەرمایەداری و مەزهەری داسەپاندنی ریازەتی ئابووری لە وڵاتانی یەکێتی ئوروپا دەزانن. نەیارانی سەرمایەداری و گروپە چەپەکان نەتەنیا لەسەرتاسەری ئاڵمان، بەڵکوو لە باقی وڵاتانی ئوروپاییەوە هاتبوونە شاری فرانفۆرت تا بە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە ناڕەزایەتی خۆیان لەدژی ریازەتی ئابووری و ده‌سه‌ڵاتی سەرمایەداری نیشان بدەن.

لە رۆژی ٨ی مارسدا بە ملیۆن ژن و پیاو لە نیویورکەوە تا مادرید، لە تۆرنتۆوە تا سیدنی، لە لەندەنەوە تا وەرشۆ، لە دێهلیەوە تا مانیل، لە پکینەوە تا بیرلین، لە ئیستانبولەوە تا تاران، سنە و سەقز و بانە لە رێوڕەسمە جۆراوجۆرەکاندا لەوانە لە رێپێوانەکاندا بەشداریان کرد تا داواکاری ژنانی کرێکار و باقی ژنان بەگوێی هەموو دنیا بگەیەنن.

رووداوی گرینگی کرێکاری تر لەم ماوەیەدا، مانگرتنی ٦٥٥٠ کرێکاری پاڵاوگەکانی نەوتی ئامریکا بوو کە لە سەرەتای مانگی فێوریەوە دەستیپێکرد. کرێکارانی پیشەسازی نەوت به‌ بۆنه‌ی زیاد کرانی حەقدەست، كه‌مکردنەوەی سه‌عات کاری، باشتر بوونی ئیمه‌نی پاڵاوگەکان و دایمی کردنی کرێکارانی قەراردادی دەستیان لەکار هەڵگرت. شیرکەتە زەبەلاحە نەوتیەکان، واتە ئەکسون موبیل، شورۆن، شێل و شیرکەتی نەوتی بریتانیا خاوەنکارانی کرێکارانی مانگرتوون. مودیرانی شیرکەتی شل رۆژی ٥ی مارس رایانگەیاند کە مانگرتن شکێنەکان بەجێگای کرێکارانی مانگرتوو ئیستخدام دەکەن. بەڵام رەزمەندگی کرێکاران و پشتیوانی بەرینی خەڵک لە كرێكارانی نه‌وت بوو بەهۆی ئەوەی کە ئەم شیرکەتانە ئامادەی وتووێژ بن لەگەڵ یەکێتیە کرێکارییەکان. ئەم مانگرتنە و هەروەها نەرمی نواندنی داسەپاو بەسەر شیرکەتە زەبەلاحەکاندا لە سی و پێنج ساڵی رابردودا بێ وێنە بووە. ئەم مانگرتنە گرینگە کرێکارییە تا ئێستاش بەردەوامە. رۆژی ٢٤ی مارس بەرابەر لەگەڵ ٤ی خاکەلیوە شۆفیرانی ئوتوبوس و کرێکارانی خزمەتگوزاری ترام لە چەند شاری بلژیک بۆ دەربڕینی هاودەردی لەگەڵ ئەو ناڕازیانەی کە لە ناڕەزایەتی بە ریازەتی ئابووری خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، دەستیان دایە مانگرتن. مانگرتووان ئەندامی یەکیتی سوسیالیستی بەشی گشتی ناسراو بە “ئی سی دی ئێن”.

ئەم خەباتە لە بارودۆخێکدا روودەدات کە سیستمی سەرمایەداری لە ساڵی ٢٠٠٨ بەملاوە نەک بە یارمەتی میکانیزمی خودی سەرمایەداری بەڵکوو بە تەزریقی چه‌ند تریلیۆن دۆلار لە لایەن بانکە ناوەندیەکانەوە بە نیزامی ماڵی، بەسەر پێوە ماوە. لەو کاتەوە تا ئێستا هەرچەند هێندێک باش بوونی لاوازی وەک نمونە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی لێ بیندراوە، بەڵام لە ئوروپا توانایی کڕینی کرێکاران و خەڵکی کەم داهات، لە رێگای داسەپاندنی سیاسەتی ریازەتی ئابووریەوە گەلێک دابەزیوە. چین و وڵاتانی ئاسیای جنوبی شەرقیش بەرەوڕووی هاتنەخواری نرخی گەشە و زیاد بوونی وامەکان بونەتەوە.

نیشانەکان دەرخەری ئەوەن کە سەرمایەداری نەخۆش دوای بوژانەوەیەکی کورت ماوە لێرەو لەوێ سەرلەنوێ لە قەیرانێکی قووڵتر دەچەقێتەوە. سیستمی ماڵی دنیا کەوتۆتە مەسیری هەڵدێری قەیرانێکی دیکەوە. لەنێو ئەو هۆشدارانەدا دروان هۆشداری وارن بافیت، مۆڵتی ملیاردێری ناسراو، دووهەمین کەسی دەوڵەمەندی دنیا و یەکێک لە گەورەترین سەرمایەگوزارەکان، بە هاوچینەکانی جێی سرنجە. بەپێی هەواڵی گۆڤاری ماڵی فورچون، ناوبراو وتویەتی کە بڵقێکی گەورەی ماڵی دروست بووە کە سات لەگەڵ سات ئەگەری تەقینی هەیە. رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لەم راستایەدا لە ژمارەی رۆژی ٢٤ی مارسی خۆیدا نووسیویەتی کە، لە ساڵی ٢٠٠٨وە تا ئێستا سیستمی ماڵی و بەتایبەت ئەوراقی قەرەزە بارودۆخێکی ئاوا جێی نیگەرانی بەخۆیەوە نەدیوە. لەسەر ناوەرۆکی ئەم بارودۆخەی ئێستای سیستمی سارمایەداری و کەلێنی بەرینی پێكهاتوو لەنێوان چینی بورژوا و کرێکاردا ئەم خەباتە کریکاریانە گەلێک هیوا بەخشن.

دوای دامرکانەوەی ئاکسیۆنە گەورە کرێکارییەکانی ئوروپا لەدژی ریازەتی ئابووری و رازی بوونی بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکان لە کاناڵی ئەحزابێکی وەک سیریزاوە لە یۆنان و پۆدمۆس لە سپانیا لە ئێستادا ئەم خەباتە دەتوانێ جووڵەیەکی تازە بە بزووتنەوەی کرێکاری ئوروپا ببەخشێت. بزووتنەوەی کرێکاری ئوروپا لە رێکخراوە رفۆرمیستیە سوننەتیەکان بێ هیوا بووە و هەنگاوی ڕادیکاڵی بۆ پێشەوە هەڵێناوەتەوە.