دابینکردنی ئەمنییەتی دەروونیی خەڵک لە گرەوی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دایە

ڕۆژنامەی ئاسیای چاپی تاران لە ژمارەی ڕۆژی دۆینێی خۆیدا باسی لە چوونەسەرەوەی ئاستی دەروونپەرێشیی لە کۆمەڵگای ئێران کردووە. ئەم ڕۆژنامەیە لەسەر زاری دکتور حەمیدڕەزا مۆهاجێرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی “ئەعسابی کاربۆردی”ی زانکۆی ئازادی ئیسلامی دەنووسێت: ٣٠ لەسەد لە جەمعییەتی ئێران تووشی نەخۆشیی ئەعساب و دەروون هاتوون. یەک ساڵ لەمەوبەر وەزارەتی تەندرووستیی کۆماری ئیسلامی لە لێکۆڵینەوەیەکی ڕەسمیی خۆیدا ئەم ئامارەی نزیک بە ٢١ ملیۆن کەس لە ئێران ڕاگەیاند.  بە پێی ڕاپۆرتی ئێعتماد ئانلاین، ئامارەکانی وەزارەتی تەندرووستیی کۆماری ئیسلامی ئاشکرایان کردووە کە نزیکەی ٢١ ملیۆن کەس واتە نزیکەی ٣٠ لەسەدی خەڵکی ئێران تووشی دەروونپەرێشی هاتوون. مەجید سادقی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دەروونناسانی ئێران، ڕایگەیاندووە کە ئاماری نەخۆشانی دەروونی وەپێش زۆرێک لە نەخۆشییە جەستەییەکان کەوتووە و لە هەر چوار بنەماڵە یەک بنەماڵە دەرگیری نەخۆشیی دەروونین.

لە ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندرووستی و دەرماندا هاتووە کە: “٦٠ لەسەدی خەڵک لە نەخۆشیی دەروونیی خۆیان ئاگادار نین، ٤٠ لەسەدی خەڵکیش سەرەڕای ئاگاداربوونیان سەردانی پزیشک ناکەن”. هەر ئەم ئامارەی وەزارەتی تەندرووستی دەرخەری ئەوەیە کە واقعییەت لەوەیکە ئامارە ڕەسمی و دەوڵەتییەکان باسی لێدەکەن، دڵتەزێنتر و کارەساتبارترە. چونکە تەنیا بەشێک لەو کەسانەی وا نەخۆشیی دەروونییان هەیە سەردانی پزیشکی دەروونی و دەروونناس دەکەن.

دکتور ئیرەج خۆسرۆنیا، سەرۆکی کۆمەڵگەی پسپۆڕانی ناوخۆیی ئێران دەڵێت: “کاتێک ٣٠ لەسەدی خەڵکی ئێران نەخۆشیی دەروونییان هەیە، بێگومان ٣٠ لەسەدی نەخۆشخانەکانیش دەبێ بۆ ئەم نەخۆشانە تەرخان بکرێت”. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ژمارەی پزیشکانی دەروونی لە سەرتاسەری ئێران ناگاتە ٢ هەزار کەس و ئەم ژمارەیەش زیاتر لە تاران و شارە گەورەکان کۆبوونەتەوە. سەرەڕای ئەوەیکە بەشێوەی گشتی فەرهەنگی چوونە لای پزیشکی دەروونی لە ئێران لاوازە، لە هەمان حاڵیشدا دەستڕاگەیشتنی بۆ زۆربەی خەڵکیش دژوارە.

پەرەسەندنی شەڕاشۆیی و تووڕەیی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، شادنەبوون و لەخۆنامۆبوون، خوکوژی و هیتر، هەر هەموویان ئاکامی ڕاستەوخۆی ئەم باروودۆخەن. ڕۆژانە لە ئاستی شاردا خەڵک بەخاتری تەسادوفێکی سادە، لەگەڵ یەکتر دەست بە یەخە دەبن و تەنانەت هێندێک جار قەتڵیش ڕوودەدات.

پڕسیاری گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی کۆمەڵی ئێران تۆشی وەها باروودۆخێک بووە؟ بێکاری، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، هەژاریی بێسنوور، بەدخۆراکی، نەخۆشیی کۆرۆنا و گەلێک هۆکاری دیکە دەتوانین بۆ شیکردنەوەی پەرەسەندنی وەها دیاردەیەک لە ئاست کۆمەڵی ئێراندا باس بکەین. بەڵام بوونی هەموو ئەم هۆکارانەش ئەم ئاستە لە بەرینایی دەروونپەرێشی لەناو کۆمەڵگای ئێراندا لێناکەوێتەوە. ئەگەرچی هەموو ئەم نەهامەتی و ئازارە کۆمەڵایەتییانەش خۆیان سەرچاوەگرتوو لە دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی لە ئێرانن بەڵام لەڕاستیدا سەرکوتی دەوڵەت و سووکایەتیی بەردەوام بە خەڵک لەلایەن ئەم ڕژیمەوە هۆکاری سەرەکیی ئەو باروودۆخەیە کە بەسەر کۆمەڵی ئێران هاتووە. کاتێک لە شوێنی گشتی و لەبەرچاوی منداڵان، مەحکوومانی بێدادگاکان لەسێدارە دەدرێن، کاتێک لەبەرچاوی خەڵک دەست دەکەن بە شەللاق لێدانی مەحکوومان، باوکێکیش پەیدا دەبێت کە بە داس سەری ڕومینای کچی ببڕێت و پاشان بە پاساوی ئەوەیکە سەرپەرستی کچەکەیە لە سزا دەرباز بێت. دایک و باوکێکیش کوڕە دەرهێنەر و زاوا و کچەکەیان لەت لەت دەکەن و دواتر بە پاساوی بێ مانا لەم کردەویان دیفاع دەکەن.

دکتور نورئیمان قەهاری، لەم پێوەندەدا دڵێ:

“خەڵک بۆ هەبوونی ئەمنییەت لە ئازادی دەگوزەرێن بەڵام بە بەهای لەخۆنامۆبوون. بۆ دەسەڵات، خەڵکێک کە لەخۆنامۆبوون و لەگەڵیان بەشێوەی جەماوەری سووکایەتی پێکراو هەڵسووکەوت دەکرێت، ئاسانترە”. ناوبراو ئەم پڕۆسەیە “پڕۆسەی فێربوونی بێتوانایی” ناو لێدەنێت کە “خەڵک تێیدا بەشێوەی گشتی دەکەونە حاڵەتی ناچالاکییەوە و بەبێ ئەوەیکە بزانن کەی و چۆن، دەبنە کەسێک کە لەپێشدا نەبوون. دەبنە کەسانێکی دوولایەن کە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و ناوماڵیان یەک نییە. لە دەرەوە لە بەرامبەر یاسا و دەوڵەتدا تەسلیمن و لە پەیوەندی تاکەکەسیشدا تووڕە و شەڕاشۆن.

پاش چوار دەیە لە زاڵبوونی دەسەڵاتی ئیسلامی بەسەر ئێراندا، پتر لە هەموو کاتێک، سڵامەتی دەروونی و جەستەیی خەڵک و کۆمەڵ لە گرەوی ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە و کۆتایی هێنان بە نیزامێک دایە کە لە بەرچاوی خەڵک ئەشکەنجە و ئێعدام دەکات، لە مەدرەسەکان لە ڕادیۆ و تەلەویزیۆن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ستایشی توندوتیژیی مەزهەبی دەکات. دەسەڵاتێک کە پتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی بردووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. بێگومان لەسەر وێرانەکانی ئەم نیزامە دەکرێ نیزامێکی ئازاد، خۆشبژێو، بەرابەر، سێکۆلار، دژە هەڵاواردن و دژە توندوتیژی دابمەزرێت کە سڵامەتیی جەستەیی و دەروونی خەڵک و کۆمەڵ دابین و زەمانەت بکات.

About admin

mnykkargarhastam

View all posts by admin →