دابین کردنی مەسکەن تەنیا دەکرێ بەرهەمی خەبات و تێکۆشان بێت

عەباس ئاخوندنی، وەزیری رێگا و شه‌هرسازی ئێران رۆژی ٢٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر لە حەفدەهەمین کۆبونەوەی نێونەتەوەیی گەیاندن و گواستنەوەی ره‌یلی باسی لە بارودۆخی خراپی مەسکەنی یەک لەسەر سێی جەمعیەتی شه‌هری ئێران کرد. بەوتەی ئەو، لە ئێستادا ١٨ میلیون کەس بەرابەر له‌گه‌ڵ یەک لەسەر سێی جەمعیەتی دانیشتووی شارەکان لە ئێران، لە بارودۆخێکی خراپی سەرپەناییدان کە لەم ژمارەیە ١١ میلیۆن کەس لە قەراخ شارەکان و ٧ ملیۆن کەسیشیان لە نێو شارەکاندا لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین. ئەگەر ٢٤ ملیۆن گوندنشینی به‌زۆری بەد مەسکەنیش بەم جەمعیەتەوە ئیزافە بکەین، رەقەمێکی نزیک بە ٤٠ میلیۆن بەد مەسکەن لە کۆماری ئیسلامیدا بەدەست دێت.روون نییە کە لە روانگەی وەزیری رێگا و شارسازی رژیمەوە مەسکەنی باش و یان مەسکەنی گونجاو، خاوەنی چ تایبەتمەندیەکە. کارناسان ٧ تایبەتمەندیان بۆ مەسکەنی گونجاو دیاری کردووە کە تەنیا یەکێکیان ئیمه‌نی مەسکەن لە بەرانبەر موسیبەتە سروشتیەکانی وەک بوومه‌لەرزە، تۆفان و سێڵاو دایە. دەبێ سرنج بدرێت کە ئێران یەکێک لەو ناوچانەیە کە بوومه‌له‌رزه‌ی زۆری تێدا روو ئەدات. بەقەولی کارناسان ٢٤ گوسەلی بوومه‌لەرزە لەم وڵاتەدا هەیە کە ٨ دانەیان مەترسیان زۆرە و لەم نێوانەدا پڕمەترسی ترینیان گوسەلی باکوری شاری تارانە. لەوێوە کە بەشێکی زۆر لە ماڵی دانیشتوانی ئێران و بەتایبەت شوێنی نیشتەجێ بوونی کرێکاران و زەحمەتکێشانی شار و دێهاتەکان بەبێ رچاو کردنی ستاندارد و لەسەر گوسەلەکان دروست کراون، دەبێ بوترێت کە زۆربەی جەمعیەتی ٧٨ ملیۆنی ئێران بەد مەسکەنن.583

لە کۆماری ئیسلامیدا و لەسەر بنەمای پێوانە لانیکەمەکانی جێی سرنج بۆ مەسکەنی گونجاو، هێڵی هەژاری مەسکەنیش توێژینەوەی له‌سه‌ر کراوە. بەپێی توێژینەوەیەک کە محەممەدڕەزا فەرهادپور، ئەندامی هەیئەتی عیلمی دامەزراوەی ئاموزشی باڵای بانکدارانی ئێران، ئامادەی کردوە: بنەماڵەیەکی ٤ کەسی لە تاران دەبێ مانگانە ٥٣٢ هەزار تمەن بۆ دابین کردنی مەسکەن بدات دەنا دەکەوێتە ژێر هێڵی هەژاری مەسکەنەوە. هەروەها بە وتەی ئەم کارناسە ئابوورییە دوای ئۆستانی تاران بەرزترین هێڵی هەژاری مەسکەن لە ئێراندا ئۆستانی هورمزگان بە ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار تمەن لەساڵدا، ئوستانی ئەلبورز بە ملیۆنێک و ١٥٠ هەزار تمەن و دواتر ئوستانی سیستان و بەلوچستان بە ٩٦٠ هەزار تمەن خاوەنین. ئەم توێژینەوەیە بە تەواوی ئاڵۆزەش دەریدەخات کە بەد مەسکەنەکان، بە سرنجدان بە پێوه‌ره‌كانی لانیکەمی جێی سرنجی ئۆرگانی رژیم، بە زۆری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشن کە لەلایەن رژیمی ئیسلامی سەرمایەوە بەرەو ژێر هێڵی هەژاری پاڵپێوەنراون. هەروەک ئاماژەی پێکرا گرفتی مەسکەن کێشەی زۆربەی دانیشتوانی ئێرانە، بەڵام ئەم گرفتە بۆ ئەم بەشە لە جەمعیەتی ئێران دژوار ترە.دان پێدانان بە بوونی بەشێک لە کەموکوڕیەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و لەوانە لە بواری مەسکەندا لە لایەن کاربەدەستان و هەروەها سەجەم ئەو توێژینەوە رەسمیانەی ئەنجامدراون، دانی وەعدە و بەڵێنی پوچ و بێ ناوەرۆکی چارەسەری گرفتەکانی لە لایەن دەوڵەتەوە لەگەڵدایە. بۆ نمونە لە رۆژی ٥ی مانگی خەزەڵوەدا عەلی رەبیعی، وەزیری تەعاون، کار و رێفاهی کۆمەڵایەتی وتی کە دەوڵەتی یازدەهەم دوای وەلانانی گەڵاڵەی شکست خواردوی “مەسکەنی مێهر”، پێوەندیدار بە کابینەکانی ئەحمەدی نژادەوە، تەرحێکی نوێی بەناوی “مەسکەنی ئومید” خستە دەستوری کارەوە، بەم ئیدیعایە کە له‌ نێوان ٣ تا ٦ میلیۆن کرێکاری بێ مەسکەن لە ماوەی دەورەیەکی ٥ ساڵەدا دەکاتە خاوەنی مەسکەن. هەڵبەت بەرەوپێش بردنی ئەم تەرحە بەستراوەتەوە بە لاچونی ته‌حریمه‌كان، هاتنی زۆری سەرمایە بەرەو ئێڕان، دروست بوونی رەونەق و رەخساندنی هەلی کار و شتی لەم بابەتەوە. بەڵام دەوڵەتی یازدەهەم لە یەکەم هەنگاوی دوای قەبوڵ کردنی پڕ لە سوکایەتی بەرنامەی جامعی ئێقدامی هاوبەش یان بەرجام، بەرەوڕووی کۆمەڵێک کۆسپ بۆتەوە لەنێوخۆودەرەوەدا کە لە ئێستادا سەرمایەگوزاری لە بەشی بەڕاستی ئابووریی بۆ داهاتویەکی نادیار دواخستوە.دانی وەعدە و بەڵێنی باشتر بوونی بارودۆخەکە بە خەڵک و به‌كرده‌وه‌ ده‌رنه‌هێنانیان لە یه‌كه‌م رۆژه‌كانی هاتنەسەر کاری رژیمەوە و بە تایبەت دوای تەواو بوونی شەڕی ئێران و عێراق شتێکی باو بووە. ئەم وەعدە و بەڵێنانە بۆ رژیم هەمان کاردی وەعدەی هاتنی ئیمامی نادیاری دوازدەهەم بۆ دروست کردنی بەهەشتی زەمینی هەیە. زۆربەی خەڵکی ئێران بە تەجروبە بۆیان دەرکەوتوە و بەتایبەت کرێکارانی پێشڕەو و زەحمەتکێشانی وشیار دەزانن کە ئەم وەعدانە پوچ و بێ ناوەرۆکن. هەڵسوراوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری دەزانن کە کۆماری ئیسلامی بەو قەیرانە هەمە لایەنانەی بەرۆکیان گرتوە و بەو پێکهاتە گەندەڵە حکومەتیەی، وەک تەجروبە نیشانی داوە رۆژ بە رۆژ بە کێشە و گرفتەکانی خەڵکەوە زیاد دەکات. ئەم راستیە بۆتەهۆکار تا بەشێك لە کرێکاران داخولازی بنەڕەتی و گشت گیری مەسکەن لە ئاکسیۆنەکانی خۆیاندا و بە شێوەی کۆمەڵێک دروشم بگەیەننە گوێی کاربەدەستانی رژیم. لە نمونەکانی ئەم دروشمانە دەکرێ ئاماژە بەم دروشمانەی خوارەوە بکرێت کە شۆفیرەکانی شیرکەتی واحید لە ئاکسیۆنی ناڕەزایەتی خۆیاندا بەرزیان کردەوە. ئەوان دانی دروشمی وەک “مەسکەنی گونجاو مافی سەلمێندراوی ئێمەیە”، “خوسوسی سازی رابگرن و بیر لە حاڵی ئێمە بکەنەوە”، “کرێکاران وشیارن لە مافکوژی بێزارن” و دروشمی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه‌، داواکاریە سەرەکیەکانی زۆربەی خەڵکی ئێرانیان سەبارەت بە کێشەی مەسکەن دەربڕی.ئاکسیۆنەکانی کرێکارانی تێکۆشەر وەبیرهێنەرەوەی ئەم راستیەن کە کرێکارانی پێشڕەو بۆ دابین کردنی مەسکەن چاویان نەبڕێوەتە لوتفی دەوڵەتەکان. جەماوەری کرێکاران دەبێ خەباتی کرێکارانی شیرکەتی واحید بکەنە سەرمەشقی خۆیان. ئەوان هەرگیز و بە هیچ شێوەیەک نابێ بۆ چارەسەر کردنی بابەتی سیاسی و ئاڵۆزی ماسکەن چاوەڕێی کرداری دەوڵەتەکان و لەوانە دەوڵەتی رۆحانی بن. دابین کردن و دروست کردنی مەسکەنی ئیمه‌ن و گونجاو تەنیا دەکرێ بەرهەمی خەباتی موتەشەکل و بەهێزی کرێکاران بێت. پارە و ئیمکاناتی دەوڵەت، کە بەرهەمی چەوسانەوەی خودی کرێکاران و داهاتەکانی فرۆشتنی نەوت، پێترۆشیمی و باقی کالا بەرهەمهاتووەکانە لە لایەن کرێکارانەوە، دەبێ بە هێزی خەبات و تێکۆشان بخرێتە خزمەت دابین بوونی ماڵ و مەسکەنی گونجاو، ستاندارد و ئیمه‌ن كه‌ له‌ هه‌موو خزمەتگوزاریه‌كی کامڵی شه‌هری به‌هره‌مه‌ند بێت.