دادگایی كردنی سێ هه‌ڵسووڕاوی كرێكاریی له‌ سنه‌

58
له‌ ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا، جه‌له‌سه‌ی دادگایی كردنی سێ هه‌ڵسووڕاویی كرێكاریی به‌ ناوه‌كانی “حامد مه‌حموود نژاد، فوئاد و ئارام زه‌ندی”، له‌ شاری “سنه”‌ به‌ڕێوه‌چوو.به‌ پێی راپۆرتی “كه‌مپه‌ینی دیفاع له‌ زیندانیانی سیاسی و مه‌ده‌نی”، رۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٠ی مانگی پووشپه‌ڕ، حامد مه‌حموود نژاد له ‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ قه‌زاییه‌كانی رژیمه‌وه‌ له‌ شاری سنه‌، به‌ تۆمه‌تی “ته‌بلیغ له‌دژی نیزام و چالاكی له‌دژی ئه‌منیه‌تی میللی”، به‌ ٩١ رۆژ زیندانی ته‌عزیری مه‌حكوم كرا. ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكارییه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی رۆژی جیهانی “كرێكار”دا له‌ نزیكی ماڵی خۆی، له ‌لایه‌ن مه‌ئموورانی لیباس شه‌خسی رژیمه‌وه‌ گه‌مارۆ درا و پاش لێدان و سوكایه‌تی پێكردن، ده‌ستبه‌سه‌ر كرا. هه‌روه‌ها به‌ پێی راپۆرتی “كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ یارمه‌تیدان به‌ پێكهێنانی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان”، رۆژی دووشه‌ممه‌ ٨ی مانگی پووشپه‌ڕ، دوو برا به‌ ناوه‌كانی “ئارام و فوئاد زه‌ندی” له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاریی له‌ لقی ١ی دادگای رژیم له‌ شاری سنه‌ به‌ تۆمه‌تی چالاكی كرێكاری و ئه‌ندامیه‌تی له‌ كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی دادگایی كران. شایانی باسه‌، ئه‌م دوو هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكارییه‌، رێكه‌وتی ٢٥ی مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ، ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.