داعش بیانوە، پیلانەکە لەدژی بزوتنەوەی خەڵکی کوردستانە

پۆلیس و هێزە تایبەتەکانی دژە تیرۆری تورکیە، رۆژی هەینی ٢ ی مانگی گەلاوێژ عەمەلیاتێکی کەم وێنەیان لە ٣١ ئوستانی ئەم وڵاتە لەدژی هێزە چەپ، سوسیالیست، ئازادی خواز و هاوپەیمانەکانی پ کا کا ئیجرا کرد. تەنیا لە ئیستانبول، ٢٦ شوێنی ئەم شارە لە لایەن کۆماندۆکانی” بەناو دژە تیرۆرەوە” هێرشی کراوەتەسەر. لە جەریانی ئەم عەمەلیاتە بەرینەدا کە بڕیارەکەی لە کۆبونەوەی هاوبەشی دەوڵەت و سەرانی هێزە ئینتیزامی و ئەمنیەتیەکاندا دراوە، تا ئێستا کەسێک کوژراوە و ٢٩٧ کەسیش گیراون. دەوترێ ئەو کەسەی گیانی لەدەست داوە ئەندامی ” بەرەی شۆڕشگێڕی ئازادی خەڵکە”، کە ڕەوتێکی چەپە. گوایا لەنێو ئەو کەسانەدا کە گیراون ژمارەیەک لە ئەندامانی داعش بە ناسنامەی جاریجیەوە بوونیان هەیە.491بەشوێن ئەم عەمەلیاتەدا کە ٥ هەزار پۆلیس و ٢ هەزار هێزی تایبەتی دژە تیرۆر بە پشتیوانی هێلیکوپتێڕ تییدا بەشدار بوون، دەفتەری ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆک وەزیری تورکیە بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک نووسی: ئەم عەمەلیاتە لەدژی ئەندامانی پ کا کا و داعش بەڕیوە چووە. هەواڵنێریەکانی نێوخۆیی و ناوچەیی بڵاویان کردەوە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە گیراوەکانی ئەم عەمەلیاتە لە ئەندامانی “حیزبی یەکێتی دیموکڕاتیکی گەلان( ها. د. پ.) و گروپە چەپ و هەوادارەکانی “پ کا کا” بوون.هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچونی ئەم عەمەلیاتەدا، فرۆکە جەنگیەکانی تورکیە هێرشیان کردە سەر چەندین پێگەی داعش لە لێواری مەرزی سوریە لەگەڵ ئەو ولاتە. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکان قورس ترین هێرشی ئاسمانی لەدژی پێگەکانی پ کا کا ئەنجام دراوە. لە هەمان حاڵدا ئەڕتەشی تورکیە چۆتە نێو خاکی سوریەوە و بەشێک لەخاکی ئەم وڵاتەی لە ناوچە کورد نشینەکان داگیر کردوە. دەوڵەتی تورکیە پێشتر سیاسەتی خۆی سەبارەت بە دروست کردنی ناوچەیەکی چۆڵ و بۆشایی لە سنوری سوریە و تورکیە ڕاگەیاند بوو. وادیارە کە ئەم حەرەکەتە ئیجرای بەکردەوەی بەشێک لەو پرۆژەیە بێت.دەست بردنی دەوڵەتی تورکیە بۆ ئەم عەمەلیاتە تەنیا ٣ رۆژ داوی عەمەلیاتێکی تیرۆریستی بەڕیوەدەچێت کە، گیانی ٣٢ لاوی ” ئەندامی فیدڕاسیۆنی ئەنجومەنەکانی لاوانی سوسیالیستی” تورکیە لە شاری ” پرسوس” لە کوردستانی تورکیە ئەستاندوە. جەنایەتێک کە لەو وەک پیلانێکی هاوبەشی ” حیزبی داد و گەشە” و داعش لەدژی هاوپشتی ڕەوتی ڕادیکاڵی تورکیە لەگەڵ خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و کۆبانی ناو براوە و قامکی تاوان بۆلای دەوڵەتی تورکیە و حیزبی داد و گەشە درێژ کراوە. روداوێکی کە بەخێرایی فەزای سیاسی تورکیەی خستەژێر گاریگەری خۆیەوە و ١٩ شاری ئەم وڵاتە و ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئوروپایی کردە مەیدانی ناڕەزایەتی خەڵک لەدژی ئۆردوغان و حیزبەکەی.هاوتەریب لەگەڵ ئیجرای ئەم عەمەلیاتانە، هەواڵنێریە نێونەتەوەییەکان بڵاویان کردەوە دەوڵەتانی ئامریکا و تورکیە پێکهاتون کە، دەوڵەتی تورکیە سەرجەم پێگە هەواییەکانی ولاتەکەی لەوانە، پێگەی گرنگی ” ئینجرلیک” بۆ ئیجرای عەمەلیاتی هەوایی بنێتە ئیختیار هێزەکانی ئیئتیلافی دژی داعش بە ڕێبەری ئامریکاوە. ئەم هەواڵنێریانە نووسیان و وتیان کە، دەوڵەتی تورکیە لە بەرانبەر دانی ئەم ئیمتیازەدا، چرا سەوزی ئامریکای بۆ دروست کردنی ناوچەی بۆشایی و دژە فڕێن لەسەر سنوری تورکیە لەگەڵ کوردستانی سوریەی بەدەست هێناوە.رۆژنامەی “شەرق الاوسەت” نووسیویەتی کە ” تەوافوقی نێوان ئامریکا و تورکیە کە لەژێر ناوی قوڵ بوونەوەی هاوکاریە هاوبەشەکانی دوو وڵات لە دژی دوژمنانی تورکیە کە داعش، حیزبی یەکێتی دیکوکراتیک ( پ. ی. د) و پ کا کا وەک ئەم دوژمنانە ناودەبرێن، ئەساسەن لەدژی کوردەکانە. لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیە کوردەکان بە دوژمنی سەرەکی خۆی و کانتۆنە خۆبەرێوە بەرەکان لە کوردستانی سوریە بە هەڕەشەی جیدی لە دژی ئەمنیەتی خۆی دەبینێ.لە ئاڵوگۆڕێکی تردا و لە زمان رۆژنامەی ” سەباح”ەوە، هەیئەتی دەوڵەتی تورکیە لە ئاخرین کۆبونەوەیدا پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کردەکان و ئێقداماتی پ کا کا- ی تاوتوێ کردوە و بۆ ئاخرین جار داوای لە پ کا کا کردوە چەک دابنێ. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەوڵەتی تورکیە بڕیاری داوە لە ئەگەری ڕەد کرابەوەی داواکەی لە لایەن ” پ کا کا ” وە بۆ دانانی چەک، دەست بداتە عەمەلیاتێکی قورس لەدژی ئەم جەریانە.شیاوی پێس بینی بوو کە، سەرانی حیزبی داد و گەشە( ئا.ک.پ) بەشوێن شکست هێنان لە هەڵبژاردنی پارلمانی ٧ ی ژوئێنی ئەمساڵدا و سەرکەوتنی گەورەی حیزبی دیموکراتیکی گەلان هاوسەنگی هێزێکی نوێ تەحەمول ناکات و دەکەوێتە هەوڵی قەرەبوی ئەم شکشتەوە. ئەمنیەتی کردنی کەشوهەوای وڵات، عەمەلیات و ئاژاوە گێڕی لە دەرەوەی سنورەکان بە ئامانجی سەرکوتی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی لەنێوخۆی وڵاتدا، درێژەی دوژمنایەتی لەگەڵ دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانی سوریە، هەوڵدان بۆ تێکشکاندنی خۆڕاگری خەڵکی کۆبانی و دروست کردنی ناوچەی چۆڵ و بۆشایی ئەمنیەتی لەسەر سنورەکانی تورکیە لەگەڵ سوریە، بەهێز کردنی بونیەی ماڵی و تەسلیحاتی داعش، ڕیاکاری و دوو روویی و کڕینی دەرفەت بۆ تێکشکاندنی تەمایلی ئەسیل و ڕەسەنی خەڵکی کوردستان بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد لە پرۆسەیەکی ئاشتی خوازانەدا بەگشتی جیهەتگیری و تەرحی سەرانی حیزبی داد و گەشە بوون دوای ناکامی و شکستی لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا بۆ قەرەبوی ئەم شکستە و کۆنترۆڵ کردنی سەرلەنوێی بارودۆخەکە.کوشتاری لاوانی سوسیالیست لە پرسوس کە ” ئا.ک.پ” تاوانبار کراوە بە ڕیکخستن و دەست تێدا بوونی، رووداوێک بووە کە دەوڵەتی تورکیە کردویەتیە دەرفەتێکی گونجاو بۆ ئیجرای پیلانەکانی لەدژی پرۆسە و مەیلی ئاشتی خوازانەی خەڵکی کورد، لاواز کردنی حیزبی دیموکراتیکی گەلان، کپ کردنەوەی رۆحیەی خەبات گێڕانەی کرێکاران و سەندیکا کرێکاریەکان و لاوانی شۆڕشگێڕ لە تورکیە لە دژی دەوڵەتی ئۆردوغان بە هاوکاری دەوڵەتی ئامریکا بە بیانوی شەڕ لەدژی داعش و تیرۆریزم.دیارە دەوڵەتی تورکیە بە گرتنە پێشی ئەم جۆرە تاکتیکە ماجەرا جویانە ناتوانێ قەیرانی لە دەستدانی مەشروعیەتی روو لە پەرەسەندنی حیزبی داد و گەشە و بونبەستێکی سیاسی کە لە ئاکامی سیاسەتەکانیدا بەسەر ئەم وڵاتەدا سەپاوە لەکۆڵ بکاتەوە. تەنانەت ئەم جۆرەی کە پێش بینی دەکرێت ئەگەر تەنانەت لەم فەزای پڕ لە قەیرانەدا، هەڵبژاردن لەم وڵاتە بۆ قەرەبوی شکەستەکانی پێشوی، دوبارە بکاتەوە، ئاکامێکی باشتر لەوەی پێشتر بەدەست ناهێنێ. ئەوەی کە لەنێوان شاراوە و دیارەکانی ماجەراجویی ئۆردوغان- داود ئۆغڵودا ئاشکرایە، ئەوەیە کە، فەزای سیاسی تورکیە، لەسەر ناوەرۆکی ئاڵوگۆڕی قەیراناوی ناوچەکە کە ئۆردوغان و حیزبەکەی بە پشتیوانی کردن لە داعش لە دروست کردنیدا دەورو نەخشێکی کاریگەریان هەبووە، فەزای سیاسی تورکیەی بەتوندی قەیراناوی کردوە. بە پێچەوانەی تەسەوری سەرانی “ئا. ک. پ ” درێژەی ئەم سیاسەتە لە لایەن دەوڵەتەوە ناڕەزایەتی خەڵکی لەنێو خۆی وڵاتدا لەدژی ئۆردوغان و حیزبەکەی گەلێک زیاتر لە ئێستا بەشوێنەوە دەبێت. داعش دەسکەلا و ئامڕازی بەرەو پێش بردنی سیاسەتە ناوچەییەکانی ” ئا.ک.پ” و چەند دەوڵەتی ترە لە خاوەرمیانەدا. ئامانج داعش نییە. ئەم عەمەلیاتە پیلانێکە لەدژی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی تورکیە و بزوتنەوەی ئاشتی خوازانەی خەڵکی کوردستانی تورکیە و ئەزمونەکانی رۆژئاوا.