دان پێدانان به‌ دابه‌زینی ٦٧ له‌سه‌دیی توانای كڕینی كرێكاران

33
جێگری وه‌زیری كار دانی به‌وه‌دانا كه‌ هه‌قده‌ستی كرێكاران له‌ ساڵی ٨٤وه‌ هه‌تا ئێستا ٦٧ له‌سه‌د توانای كڕینه‌كه‌ی له‌ ده‌ست داوه‌.
“حه‌سه‌ن هێڤده‌ ته‌ن”، جێگری وه‌زیری كار و ته‌عاونیی كار، وێڕای ڕاگه‌یاندنی ئه‌م ته‌وه‌ره‌ كه‌ له‌ بری هه‌ر هه‌زار تمه‌ن كه‌ هێزه‌ی كار به‌ ده‌ستی دێنێت به‌ ئه‌ندازه‌ی ٣٠٠ تمه‌نی ساڵی ٨٤ توانای كڕینی له‌ ده‌ست ده‌دات وتی، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ی كاره‌به‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ته‌ له‌ داڕشتنی ئابووریی گشتیی وڵات و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌شی زۆر سه‌خته‌. له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی دواییدا، هه‌ڵسووڕاوان و ڕێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان چه‌ندینجار خوازیاری برانه‌سه‌رێی لانیكه‌می هه‌قده‌ستی مانگانه‌ی كرێكاران به‌پێی به‌ندی دووی ماده‌ی ٤١ی یاسای كار و تێچووی ژیانی بنه‌ماڵه‌ كرێكارییه‌كان بوون. هه‌ر ئێستا لانیكه‌می هه‌قده‌ستی مانگانه‌ی كرێكاران ٨١٢ هه‌زار تمه‌نه‌. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ به‌ پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان، تێچووی ژیان زیاد له‌ سێ میلیۆن تمه‌ن له‌ مانگدایه‌. هه‌ڵسووڕاوێكی كرێكاریی وێڕای ئاماژه‌ به‌ گۆڕانی سه‌به‌ته‌ی به‌ڕێچوونی بنه‌ماڵه‌ كرێكارییه‌كان وتی كه‌ ته‌نها له‌ساڵی ڕابردوودا، له‌ ساڵی ٩٢ هه‌تا ٩٥ نرخی كالا و خزمه‌تگوازرییه‌ مه‌سره‌فییه‌كان له‌ سه‌به‌ته‌كه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی توێژه‌ كه‌مداهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ تایبه‌ت كرێكاران ١٥٧ له‌سه‌د به‌رز بووه‌ته‌وه‌.