سینه‌ماگه‌رانی ئیتالیا و فه‌رانسه له به‌یانییه‌یه‌كی جیاجیادا ده‌ركردنی ئه‌حكامی شه‌لاق و زیندان له‌دژی “كه‌یوان كه‌ریمی” فیلمسازی لاوی ئێرانیان مه‌حكوم و خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م حوكمانه بوون.
كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی نووسه‌ران، كارگهردانان و به‌رهه‌مهێنه‌رانی فه‌رانسه، ئه‌نجومه‌نی میللی كارگهردانان، به‌رهه‌مهێنه‌ران، فیلمنامهنووسان و ده‌ست ئهندهركارانی سینه‌ما و ته‌له‌فزیۆنی ئیتالیا، له راگه‌یاندنه‌كانی خۆیاندا وێڕای نیگه‌رانی قووڵ له وه‌زعیه‌تی كه‌یوانی كه‌ریمی، سه‌ركوتی ئازادی به‌یان و ئه‌ندیشه له لایه‌ن رژیمی كۆماری ئیسلامیان مه‌حكوم كردووه و رێزیان له “بوێری و ئازادیخوازی” ئه‌م فیلمسازه لاوه گرتووه. شایانی باسه له ماوه‌ی ئه‌م رۆژانی دواییشدا ٤٥ نوێنه‌ری پارله‌مانی ئوروپا له كاردانه‌وه به حوكمی شه‌ش ساڵ زیندان و ٢٢٣ زه‌ربه شه‌لاق بۆ كه‌یوان كه‌ریمی، به ئیمزا كردنی نامه‌یه‌ك روو له “حه‌سه‌ن رۆحانی”، خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م سزاگهله بوون.