درێژه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستانه‌كانی كوردستان

431y
به‌ پێی راپۆرته‌كان، جارێكی دیكه‌ به‌ هاتنی وه‌رزی هاوین، ئاگركه‌وتنه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جیدییه‌ بۆسه‌ر دارستان و به‌رزاییه‌كانی ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان.به‌ پێی راپۆرتی كانونی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤی كوردستان، له‌ نزیكه‌ی سه‌ره‌تای مانگی جۆزه‌ردانه‌وه‌، هه‌ر رۆژه‌ به‌شێك له‌ جه‌نگه‌ڵه‌كانی ئۆستانی كوردستان‌ به‌ تایبه‌ت له‌ شاره‌كانی مه‌ریوان، سه‌وڵاوا، سنه‌ و هه‌ندێك له‌ شاره‌ سنوورییه‌كان له‌ نێو ئاگردا ده‌سووتێن. به‌ پێی راگه‌یاندنی به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی ژینگه‌ی چیا له‌ شاری مه‌ریوان، ته‌واوی ئه‌م ئاگركه‌وتنه‌وانه‌ به‌ هه‌وڵی دانیشتوانی مه‌حه‌للی ناوچه‌كه‌ و هاوكاران و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ و مه‌هار كراون‌. یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی چیای مه‌ریوان سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانی ده‌ربڕین، رایگه‌یاند: “راده‌یه‌كی به‌رچاو له‌ له‌وه‌ڕگا و لێڕه‌وار و به‌رزاییه‌كانی ئه‌م ناوچانه‌ له‌ نێو ئاگردا سووتاون. له‌وانه‌ ئه‌م ئاگركه‌وتنه‌وانه‌ هه‌روا له‌ ناوچه‌ جیاجیاكان دا درێژه‌ی هه‌یه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ش پێویستی به‌‌ هێمه‌ت و عه‌زمێكی پته‌و و هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌یه‌ تا پێش به‌ ته‌شه‌نه‌ سه‌ندنی بگیردرێت”. فرێ نه‌دانی سیگار و هه‌ر جۆره‌ مه‌وادی ئاته‌شزا بۆ نێو سروشت، ئاگرنه‌كردنه‌وه‌ و یان كوژاندنه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی له‌ دوای كه‌ڵك وه‌رگرتنی، له‌ زومره‌ی ئه‌و رێگایانه‌ن كه‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت ره‌چاوی بكات تا رێژه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان كه‌متر بێته‌وه‌.