درێژه‌ی تێكهه‌ڵچوون له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی توركیه‌

430
هه‌واڵنێرییه‌كان باس له‌ درێژه‌ی نائارامی و تێكهه‌ڵچوون له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی توركیه‌ و هێرشی پۆلیسی توركیه‌ بۆسه‌ر ئه‌م ناوچانه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ رۆژی جومعه‌ ٢٠ی مانگی خه‌رمانان، كومیسێری مافی مرۆڤی شورای ئوروپا داوای له‌ ده‌وڵه‌ت كردووه‌ تا ئیزنی ئه‌وه‌ به‌ چاودێرانی نێونه‌ته‌وه‌یی بدات له‌ ناوچه‌ كوردنیشینه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ بازدید بكه‌ن. ناوبراو هه‌روه‌ها له‌ جه‌ریانی هێرشی هێزه‌ نیزامییه‌كانی توركیه‌ بۆسه‌ر هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌ ناوچه‌ كوردنیشینه‌كان نیگه‌رانی ده‌ربڕیوه‌. ده‌وڵه‌تی توركیه‌ له‌ رێكه‌وتی ١٣ی مانگی خه‌رمانانه‌وه‌ له‌ جه‌ریانی هێرشی نیزامی خۆیان بۆسه‌ر شاری جیزره‌، حكومه‌ت نیزامی راگه‌یاندووه‌ و خه‌ده‌مات و ئیمكاناتی ریفاهی له‌م شاره‌ی بڕیوه‌. له‌ دوایین ده‌وری تێكهه‌ڵچوون له‌ شاری “جیزره‌”، لانیكه‌م ٢١ هاوڵاتی مه‌ده‌نی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. عه‌مه‌لیاتی نیزامی ئه‌رته‌شی توركیه‌ له‌دژی خه‌ڵكی راپه‌ڕیو له‌ شاری جیزره‌، توڕه‌یی خه‌ڵكی كوردستانی توركیه‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌. راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ كوشتاری خه‌ڵكی جیزره‌ له‌ لایه‌ن ئه‌رته‌شی توركیه‌ و هاوپشتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌، ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ شاره‌كان و ناوچه‌ جیاجیاكانی ده‌وروبه‌ری، پیاده‌ و له‌ ریزی چه‌ند كیلومیتریدا به‌ره‌و جیزره‌ رۆشتوون. خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ر به‌ربه‌ستی ئه‌رته‌شی توركیه‌یان شكاند و به‌ره‌و ده‌روازه‌كانی جیزره‌ نزیك بوونه‌ته‌وه‌.