درێژه‌ی خه‌بات و خۆڕاگریی جه‌ماوه‌ریی له‌ كوردوستانی توركییه‌

26q
هاوكات له‌گه‌ڵ قورسبوونه‌وه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌ بۆسه‌ر كوردوستان و بۆردوومانی شاره‌كان و خانووی خه‌ڵك، خه‌بات و به‌رخۆدانی جه‌ماوه‌ریش په‌ره‌یسه‌ندووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ لۆتكه‌.
هاوكات له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی حكومه‌تی نیزامیی له شاره‌كانی كوردوستان، خه‌ڵكی ناڕازیی له‌دژی هێرش و په‌لاماری نیزامییه‌كانی توركییه،‌ له‌سه‌رشه‌قامه‌كانن. خه‌ڵك له‌ شاره‌كانی “نه‌سیبین، سلۆپی ، سوور، جه‌زیره‌ و كه‌ربۆران” نیزامییانی توركییه‌، دروشمی “بژی به‌رخۆدان” ده‌ڵێنه‌وه‌. راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ژنێكی دیكه‌ له‌ جه‌زیره‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه. نیزامییانی ئه‌رته‌ش و پۆلیس نه‌خۆشخانه‌ و ناوه‌نده‌ ده‌رمانییه‌كانیان كردۆته‌ مقه‌ری خۆیان و پێش به‌ چاككردنه‌وه‌ی برینداران ده‌گرن. نیزامییان و پۆلیسی توركییه‌ به‌دوای داماویی له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌رخۆدانی جه‌ماوه‌ریی ، بۆ ئه‌وه‌یكه‌ خه‌ڵك ناچار به‌ به‌جێهێشتنی شار بكه‌ن، بیناكان و تانكێری ئاوی سه‌ر بانه‌كان ده‌ده‌نه‌ به‌ر فیشه‌ك. هێرشی نیزامییان بۆته‌هۆی بڕانی به‌رقی هه‌ندی له‌ شاره‌كان و ناجێگیربوونی بارودۆخی خه‌ڵك. لاوانی شار به‌ هه‌ڵقه‌ندنی خه‌نده‌قی سه‌رشه‌قام، هه‌وڵ ده‌ده‌ن” تا پێشی هاتنی نیزامییان و تانكه‌كانی توركییه‌ بۆ شار بگرن. هاوكات له‌ مێرسین و شارستانی “تارسوس”یش خه‌ڵك به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانی له‌ به‌رخۆدانی كوردوستان، چونه‌ سه‌رشه‌قام و له‌دژی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ ئیعترازیان كرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ پۆلیسی توركییه‌ به‌ هێرشكردنه‌سه‌ر ماڵێك له‌شاری ئیستانبوول دوو ژنه‌ چالاكی به‌ناوه‌كانی “شیرین ئووتێر” و “یێلیز ئه‌ربای”یان كوشتووه‌. شایانی باسه‌ له‌دوای چه‌ند مانگ گه‌مارۆدان و هێرشی بێ پسانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ بۆسه‌ر خه‌ڵكی بێدیفاعی كوردوستان، ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ رۆژی سێشه‌ممه‌ به‌ ده‌ركردنی به‌یانییه‌یه‌ك، كوشتاری خه‌ڵكی كوردوستان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركییه‌ مه‌حكوم كردو خوازیاری كوتاییهێنان به‌م هێرشه‌ خوێناوی و وێرانكه‌رانه‌ بووه‌. به‌ پێی راپۆرتی چاودێری مافی مرۆڤ، له‌ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌ له‌دژی خه‌ڵكی كوردوستان هه‌تائێستا ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌سی مه‌ده‌نیی و له‌وانه‌ مناڵان كوژرا و یا خود بریندار كراون.