درێژه‌ی خۆراگری جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌ به‌رابه‌ر هێرشه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌

85q.jpgzzzzzzzzzzzzzzzzzzzzz
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌ بڵاوكراوه‌كان، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ رێكه‌تی ١٠ی مانگی به‌فرانبار، هێرشی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی ئه‌رته‌شی توركییه‌ بۆ سه‌ر شاره‌كانی كوردستان و خۆراگری جه‌ماوه‌ری پێ ده‌نێته‌ نێو ٣٠هه‌‌‌مین رۆژی به‌رده‌وامی خۆیه‌وه‌.
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ له‌ ئه‌نجامی درێژه‌ی په‌لاماری بێبه‌زه‌یانه‌ی ئه‌رته‌شی توركییه‌ بۆ سه‌ر خه‌ڵكی شارستانی” سوور”، لاوێكی ١٦ ساڵ ته‌مه‌ن كوژرا. هاوكات هه‌زاران كه‌س له‌ خه‌ڵكی پارێزگای “دیاربه‌كر” به‌ مه‌به‌ستی تێكشكاندنی گه‌مارۆی نیزامیی له‌ “سوور” و پێشتیوانی له‌ خه‌باتی خه‌ڵك، به‌ره‌و ئه‌مشاره‌ رێپێوانیان كرد. هێزه‌كانی پۆلیسی توركییه‌ به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر خه‌ڵك، ژماره‌یه‌كیان بریندار و ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ راپۆرته‌كان باس له‌ په‌ره‌سه‌ندنی خۆراگریی خه‌ڵك له‌ شاری “جه‌زیره‌” ده‌كه‌ن. خه‌ڵكی شاری جه‌زیره‌ به‌ خۆراگریی جه‌ماوه‌ریی خۆیان، پێشیان به‌ هاتنی هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كان بۆ‌ گه‌ركه‌ “خۆبه‌رێوه‌به‌ره‌كانی ئه‌مشاره‌ گرتووه‌. به‌ دوای نه‌توانیینی پۆلیس بۆ تێكشكاندنی خۆڕاگریی خه‌ڵك، هێزه‌كانی ئه‌رته‌ش ماڵ و حاڵی خه‌ڵكی ئه‌مشاره‌یان داوه‌ته‌ به‌ر په‌لامار. هاوكات خۆراگریی خه‌ڵكی شارستانی “سڵوپی” له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی تۆپ و تانكی ئه‌رته‌شی توركییه‌ بۆ سه‌ر ئه‌مشاره‌ هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌. به‌ هۆی قورس بوونی هێرشه‌كان و حكومه‌ت نیزامیی له‌ سڵوپی، ئه‌سپه‌رده‌كردنی ته‌رمی مردوه‌كانیان ئیمكانی نییه‌ و بنه‌ماڵه‌كان خۆشه‌ویسته‌كانیان له‌ ژێرزه‌وی ماڵه‌كان رادگرن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ دانیشتوانی شاری “دارگه‌چیت” توركییه‌ به‌ دوای پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی توركییه‌، دوای ١٩ رۆژ چوونه‌وه‌ ناو شاره‌كه‌یان. شارۆمه‌ندانی ئه‌مشاره‌ رایانگه‌یاند، كه‌ شاره‌كه‌یان بووه‌ته‌ وێرانه‌. شایانی باسه‌، “ره‌جه‌ب ته‌یه‌ب ئه‌ردۆغان” سه‌رۆك كۆماری توركییه‌ له‌ قسه‌وباسێكدا به‌ بۆنه‌ی ساڵی تازه‌ی زایینی، له‌ كوشتاری خه‌ڵكی كوردستان له‌لایه‌ن هێزكانی ئه‌م وڵاته‌وه‌ پشتیوانی كرد. ئه‌ردۆغان خه‌ڵكی بێ دیفاع كه‌ رۆژانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌رته‌شی ئه‌م وڵاته‌ به‌ تۆپ و تانك هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ریان “تێرۆریست” به‌ئه‌ژمار دێنێت. به‌ پێی راپۆرته‌كان، له‌ رووداوی هێرشی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ بۆ سه‌ر كوردستان له‌ مانگی ژۆئه‌نه‌وه‌ تا ئێستا لانیكه‌م ٤٠٠ كه‌سی مه‌ده‌نی له‌وانه‌ ٦١ مناڵ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.