درێژه‌ی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی له‌ شاره‌كانی ئازه‌ربایجان

281q
به‌ پێی راپۆرتی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵی ئازه‌ربایجانی ئێران، رۆژی پێنجشه‌مه‌ ٢١ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، هاوكات له‌گه‌ڵ سێهه‌مین رۆژ له‌ ناڕه‌زایه‌تی دژبه‌ ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی له‌م ئۆستانه‌، سه‌دان هاوڵاتی خه‌ڵكی ورمێ جارێكی تر رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆپیشاندانیان وه‌ڕێخست.
هاوڵاتیانی ورمێ دوای كۆتایی یاری واڵیباڵی “شاره‌دار”ی ورمێ و “مه‌تین”ی وه‌رامین له‌ كاتی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ وه‌رزشگای غه‌دیر به‌ وتنه‌وه‌ی دروشم، جارێكی تر سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ هه‌ڵاواردن ئامێز و ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌كانی سه‌دا و سیمای رژیمیان مه‌حكوم كرد و خۆپیشاندانیان وه‌ڕێخست. به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، له‌ حاڵێكدا كه‌ ناڕازییان به‌نیاز بوون خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ یه‌كێك له‌ مه‌یدانه‌كانی ئه‌م شاره‌، به‌ره‌وڕووی ده‌خاڵه‌تی مه‌ئمورانی ئه‌منیه‌تی و گاردی تایبه‌تی رژیم بوونه‌وه‌. له‌ هه‌ندێك له‌ ناوچه‌كان، مه‌ئمورانی ئه‌منیه‌تی به‌ هاویشتنی گازی فرمێسكڕێژ، هێرشیان كرده‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران و ژماره‌یه‌ك له‌ ناڕازییانیان دایه‌ به‌ر لێدان. ده‌وترێت ژماره‌یه‌ك له‌ خۆپیشانده‌رانیش له‌ لایه‌ن مه‌ئمورانی ئه‌منیه‌تی رژیمه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كران. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٠ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ریش خوێندكارانی دانیشگای “موحه‌ققی ئه‌رده‌بیلی” به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمی مه‌رگ به‌ر ره‌گه‌زپه‌ره‌ستان‌ و فاشیست، له‌ به‌رامبه‌ر محه‌وه‌ته‌ی سلف و له‌ به‌رامبه‌ر ساختمانی ئیداره‌ی ئه‌م دانیشگایه‌ كۆبوونه‌وه‌. خوێندكارانی ناڕازی، سیاسه‌تی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ و سوكایه‌تی به‌ نه‌ته‌وه‌كان له‌ لایه‌ن به‌رنامه‌كانی رژیمیان مه‌حكوم كرد.