درێژه‌ی شه‌پولی پشتیوانی له‌ په‌ناخوازان له‌ شاره‌كانی ئوروپا

386
له‌ درێژه‌ی پێشیوانییه‌كانی خه‌ڵك له‌ په‌ناخوازان، رۆژی شه‌ممه‌ ٢١ی مانگی خه‌رمانان، ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاته‌ ئوروپاییه‌كان بۆ پشتوانی له‌ په‌ناخوازان، رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆپیشاندانیان وه‌ڕێخست.
ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ له‌ شاره‌كانی “له‌نده‌ن، بێرلین، كۆپێنهاگ، ویه‌ن، ستكهۆلم، هامبۆرگ، مادرید” و چه‌ندین شاری دیكه‌ی ئاڵمان به‌ڕێوه‌چوو. خۆپیشانده‌ران به‌ وتنه‌وه‌ی دروشم و هه‌ڵگرتنی پلاكاردگه‌لێك له‌ ژێر ناوی “سنووره‌كان بكه‌نه‌وه‌، په‌ناخوازان به‌خێربێن، ده‌وڵه‌ته‌ ئۆروپاییه‌كان ده‌بێ په‌ناخوازی زۆرتر قه‌بووڵ بكه‌ن”، سیاسه‌تی‌ دژه‌ ئینسانی له‌ به‌رامبه‌ر په‌ناخوازانیان مه‌حكووم كرد. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، دوابه‌دوای ناله‌بارتر بوونی بارودۆخی په‌ناخوازان له‌ مه‌جارستان، چاودێری مافی مرۆڤ له‌ راپۆرتێكدا سه‌باره‌ت به‌م بارودۆخه‌ به توندی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی. راپۆرتی چاودێری مافی مرۆڤ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پۆلیسی مه‌جارستان، كۆچبه‌ران و په‌ناخوازانیان له‌ بارودۆخێكی یه‌كجار نامرۆڤانه‌دا له‌ دوو ناوه‌ندی بازداشتی كۆچبه‌ران له‌ شاری “روسكه‌” له‌ نزیك سنووری سربستان راگرتووه‌. سه‌رۆك وه‌زیری “ئۆتریش”یش هه‌ڵسووكه‌وتی ده‌وڵه‌تی مه‌جارستان له‌دژی په‌ناخوازانی، به‌ ده‌وره‌ی ده‌سته‌ڵاتداریه‌تی نازییه‌كان و “هۆلۆكاست” له‌ قه‌ڵه‌م دا.