درێژه‌ی كوشتاری غه‌یره‌ نیزامیان به‌ هۆی هێرشی ئه‌رته‌شی توركیه‌

641
رۆژی جومعه‌ ٢٢ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، گه‌مارۆدان و بۆمباران كردنی ئاسمانی ناوچه‌یی له‌ شاری “وان” له‌ لایه‌ن فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی توركیه‌، گیان له‌ده‌ستدانی كه‌سێك و بریندار بوونی ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی جومعه‌ دوابه‌دوای ئه‌وه‌یكه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی توركیه‌ ناوچه‌ی “زیلان” سه‌ر به‌ شاری وانیان داگیر كردووه‌، هه‌لیكۆپته‌ره‌كانی ئه‌رته‌شی توركیه‌ش ده‌ستیان كرد به‌ بۆمباران كردنی ئه‌م ناوچه‌یه‌. له‌ ئاكامی ئه‌م هێرشانه‌ لانیكه‌م كه‌سێكی مه‌ده‌نی گیانی له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كیش بریندار بوون. هه‌روه‌ها هێزه‌ ئه‌منیه‌تیه‌كان چه‌ندین ئاوایی سه‌ر به‌ وانیان گه‌مارۆ دا و به‌نیازی چۆڵ كردنی ئه‌م ئاواییانه‌ له‌ خه‌ڵكن. به‌ پێی هه‌واڵێكی دیكه‌، كاردانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی شارستانی “ئه‌رجه‌یش”یش به‌ره‌وڕووی هێرشی پۆلیس و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی ژماره‌یه‌ك له‌ هه‌واڵنێران و ناڕازییان بۆوه‌. له‌ لایه‌كه‌وه‌ هێزه‌كانی ژاندارمێری له‌ “سلووپی” شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی “شه‌هید هاروون” ده‌ستیان كرد به‌ هاویشتنی بۆمب. له‌ جه‌ریانی ئه‌م هێرشانه‌ش كه‌سێك گیانی له‌ده‌ستدا و سێ كه‌سیش بریندار بوون.