درێژه‌ی مانگرتن له‌خواردنی زیندانییه‌كی سیاسی له‌ زیندانی بیرجه‌ند

649
به‌ پێی راپۆرته‌كان، مانگرتن له‌ خواردنی زیندانی سیاسی “محه‌ممه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵاهی” خه‌ڵكی شاری بۆكان له‌ زیندانی بیرجه‌ند چووه‌ نێو ٢٥مین رۆژی به‌رده‌وامی خۆیه‌وه‌.
به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی زیندانی سیاسی مانگرتوو محه‌ممه‌د ئه‌مین عبدوڵڵاهی له‌ وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ كاناڵی مافی مرۆڤی كوردستان هه‌واڵی درێژه‌ی مانگرتن له‌ خواردنی ناوبراوی راگه‌یاند و وتی: ئه‌م زیندانییه‌ سیاسییه‌ هه‌روا له‌ مانگرتن له‌ خواردندا به‌سه‌ر ده‌بات. ناوبراو له‌ درێژه‌دا جه‌ختی كرده‌وه‌، “محه‌ممه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵاهی” ماوه‌ی ٢٥ رۆژه‌ مانی له‌ خواردن گرتووه‌ و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌. شایانی باسه‌ محه‌ممه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵاهی خه‌ڵكی شاری بۆكان ساڵی ١٣٨٤ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی رژیمه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و ساڵی ٨٥ به‌ تۆمه‌تی محاربه‌ له‌ لایه‌ن لقی ١ی دادگای رژیم له‌ شاری مهاباد به‌ ١٨ ساڵ زیندان و ته‌بعید بۆ زیندانی ته‌به‌س مه‌حكوم كرا. ئه‌م زیندانییه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ زیندانه‌كانی ره‌شت، مهاباد، ورمێ و ته‌به‌س له‌ زیندان به‌ندكراوه‌ و له‌م ماوه‌یه‌شدا جارێكی تر به‌ تۆمه‌تی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنه‌كان و ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤ له‌ لایه‌ن دادگای رژیمه‌وه‌ له‌ شاری ورمێ، به‌ شه‌ش مانگ زیندان مه‌حكوم كرا.