درێژه‌ی مانگرتن له‌ خواردنی زیندانیه‌كی سیاسی له‌ زیندانی مهاباد

393y
به‌ پێی راپۆرتی كه‌مپه‌ینی دیفاع له‌ زیندانیانی سیاسی و مه‌ده‌نی، له‌ رۆژی شه‌ممه‌ ٩ی مانگی جۆزه‌ردانه‌وه‌، زیندانیه‌كی سیاسی به‌ناوی عه‌لیڕه‌زا ره‌سووڵی مانی له‌ خواردن گرتووه‌ و مانگرتنه‌كه‌ی هێشتا به‌رده‌وامه‌.
به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، ماوه‌ی ٢٩ مانگه‌ كه‌ ئه‌م زیندانییه‌ سیاسییه‌ له‌ زیندان به‌سه‌ر ده‌بات و به‌ هۆی توومۆری له‌گه‌ن و عفونه‌تی سی، بارودۆخی جه‌سته‌یی زۆر خراپ و ناله‌باره. ناوبراو چه‌ندین جار داوای له‌ كاربه‌ده‌ستانی زیندان كردووه‌ كه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی بكه‌ن، به‌ڵام به‌ره‌وڕووی كه‌مته‌رخه‌می كاربه‌ده‌ستانی ئه‌م زیندانه‌ بۆته‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا، له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ كه‌مته‌رخه‌می كاربه‌ده‌ستانی زیندان،‌ بۆ سێهه‌مین جاره‌ كه‌ مان له‌ خواردن ده‌گرێت. شایانی باسه‌، ناوبراو ساڵی ١٣٩١ به تۆمه‌تی‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی تراكت و ئێعلامییه‌ له‌ رۆژی جه‌هانی زمانی دایكی و به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پشتیوانی له‌ منداڵانی شیناوێ ده‌ستبه‌سه‌ر‌ و له‌ دادگای شاری مهاباد به‌ تۆمه‌تی چالاكی له‌دژی ئه‌منیه‌تی میللی، حوكمی سێ ساڵ زیندانی پێدرا. دواتر ئه‌م زیندانییه‌ سیاسییه‌ له‌ دادگایه‌كی دیكه‌دا‌ له‌ شاری سه‌رده‌شت به‌ تۆمه‌تی “بڕینی نایاسای سنووره‌كان” به‌ سێ مانگ و یه‌ك رۆژ زیندانی ته‌عزیری، مه‌حكوم كرا.