درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ ئازه‌ربایجان له‌دژی سوكایه‌تی سه‌داوسیمای رژیم

264q
له‌ درێژه‌ی خۆپیشاندانی به‌رینی جه‌ماوه‌ریی له‌ ئازه‌ربایجان و باقی شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران له‌دژی سوكایه‌تی سه‌داوسیمای رژیم به‌ هاوڵاتیانی تورك زمان، خوێندكارانی دانیشگا ته‌ورێز رۆژی سێشه‌ممه‌ ١٩ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، جارێكی دیكه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیان وه‌ڕێخست.
خوێندكارانی ناڕازی به‌ هه‌ڵگرتنی پلاكارد و وتنه‌وه‌ی دروشم، سیاسه‌تی دووبه‌ره‌كی نانه‌وه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی سوكایه‌تی ئامێزی به‌رنامه‌كانی سه‌دا و سیمای رژیمیان مه‌حكوم كرد و ئه‌م كرده‌وه‌یان به‌ “فاشیستی” ناولێبرد. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه هه‌واڵنێرییه‌كانی هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی ــ مه‌ده‌نی توركی ئازه‌ربایجان، رۆژی سێشه‌ممه‌ هه‌واڵی بازداشتی به‌رین له‌ شاره‌ تورك نشینه‌كانی ئێران له‌وانه‌ ورمێ، ته‌ورێز، ئه‌رده‌بیل و ناوچه‌ تورك نشینه‌كانی تارانیان راگه‌یاند. به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی رژیم كه‌ له‌ شاره‌كانی دیكه‌وه‌ بۆ سه‌ركوتی هه‌ڵسووڕاوانی توركی ئازه‌بایجان به‌ره‌و ناوچه‌ و شاره‌ تورك نشینه‌كان نێردرابوون، سه‌ره‌ڕای بازداشتی رۆژی رابردوو و له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریی، شه‌وی رابردوو هێرشیان كرده‌ سه‌ر ماڵی هه‌ڵسووڕاوانی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ و ژماره‌یه‌كیان لێ ده‌ستبه‌سه‌ر كردن. شایانی باسه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ خه‌ڵكی ئێران له‌ شاره‌كانی تاران، ته‌ورێز، ورمێ، زه‌نجان، ئه‌رده‌بیل، مشكین شه‌هر، خۆی و هه‌ندێك له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی ئازه‌ربایجان رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و سه‌ره‌ڕای رێوشوێنی توندی ئه‌منیه‌تی و سه‌ركوت له‌لایه‌ن مه‌ئمورانی رژیمه‌وه‌، له‌دژی سوكایه‌تی به‌ خه‌ڵكی ئازه‌ری و تورك زمان له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی به‌ ناوی “فتیله‌” له‌ سه‌داوسیمای رژیمی كۆماری ئیسلامی، خۆپیشاندانی به‌رینیان وه‌ڕێخست. خه‌ڵكی ناڕازی به‌ هاویشتنی به‌رد به‌ره‌و مه‌ئمورانی رژیم له‌ به‌رامبه‌ر هێرش و سه‌ركوتی ئه‌وان بێده‌نگ نه‌بوون و له‌ خۆیان به‌رگریان كرد.