رۆژی سێشه‌ممه ١١ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، كرێكارانی مه‌عده‌نی به‌ردی خه‌ڵووزی “سهنگروود” بۆ دووهه‌مین رۆژی به‌رده‌وام له به‌رامبه‌ر ساختمانی “سازمانی ئاماده كردن و به‌رهه‌مهێنانی مه‌وادی مه‌عده‌نی” رژیم له تاران كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیان وه‌ڕێخست.
به پێی راپۆرتی هه‌واڵنێری حكومه‌تی ئیلنا، كرێكارانی مه‌عده‌نی سهنگروود رۆژی دووشه‌ممه به‌مه‌به‌ستی ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به داخوازییه‌كانیان، له به‌رامبه‌ر ساختمانی “سازمانی ئاماده كردن و به‌رهه‌مهێنانی مه‌وادی مه‌عده‌نی” سه‌ر به وه‌زاره‌تی سه‌نعه‌ت، كۆبووه‌ی ناڕه‌زایه‌تیان وه‌ڕێخست. ناڕازییان له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا رایانگه‌یاند: “١٢٨ كرێكاری شاغڵ له مه‌عده‌نی سهنگروود كه هه‌ر ئێستا سه‌رقاڵی په‌رداخت كردنی بیمه‌ی بێكارین، ده‌بوا به حیساب كردنی رۆژانی بێكاری له‌گه‌ڵ یاسای پیشه سه‌خت و زیانباره‌كان خانه‌نشین بكرایان، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕ بوونی ١١ مانگ له كاتی په‌سه‌ند كردنی ئه‌م په‌سه‌ند كراوه‌ی ده‌وڵه‌ت، سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی پێش به خانه‌نشین كردنیان ده‌گرێت.