درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له‌ شاره‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان

587
ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك له‌ شاره‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌دژی گه‌نده‌ڵی ماڵی ده‌وڵه‌ت و نه‌درانی حه‌قده‌سته‌ دواخراوه‌كانیان هه‌روا به‌رده‌وامه‌.
به‌ پێی راپۆرته‌كان، رۆژی شه‌ممه‌ ١٨ی مانگی ره‌زبه‌ر، موعه‌لیمانی شاری که‌لار له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ نه‌درانی سێ مانگ له‌ حه‌قده‌سته‌ دواخراوه‌كانیان، له‌به‌رده‌م ئیداره‌ی ئاموزش و په‌روه‌رش کۆبوونه‌وه‌ و شه‌قامی به‌رده‌م ئه‌و ئیداره‌یان داخست که‌ رێگای سه‌ره‌کیی که‌لار ـــ سلێمانیه‌. جێگای ئاماژه‌یه‌ رۆژی جومعه‌ ١٧ی ره‌زبه‌ریش خه‌ڵكی ناڕازی سه‌ره‌تا له‌ به‌رده‌م قائیمقامیه‌تی قه‌ڵادزێ خۆپیشاندانیان وه‌ڕێخست و پاشان به‌ره‌و مقه‌ڕی پارتی دیمۆكراتی كوردستان وه‌ڕێكه‌وتن و به‌ره‌و ئه‌م مقه‌ڕه‌ به‌ردیان هاویشت‌ و خۆپیشاندانه‌که‌ گرژی‌ و ئاڵۆزی لێکه‌وته‌وه ‌و ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵك كرا كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ دوو كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له‌ ٢٠ که‌سیش بریندار بوون. هه‌ر‌له‌م پێوه‌نده‌دا رۆژی شه‌ممه‌ هاوڵاتیانی سه‌ید سادق بۆ پشتیوانی له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی خه‌ڵكی قه‌ڵادزێ و له‌دژی گه‌نده‌ڵی ده‌وڵه‌تی، رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆپیشاندانیان وه‌ڕێخست. هه‌روه‌ها رۆژی پێنجشه‌ممه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵك، موعه‌لمیان و فه‌رمانبه‌رانی ئیداره‌كان به‌ وه‌ڕێخستنی خۆپیشاندان له‌ شه‌قامه‌كانی شاری حه‌ڵه‌بچه‌، خوازیاری كۆتایی هێنان به‌ گه‌نده‌ڵی و بێ عه‌داڵه‌تی بوون. شایانی باسه‌ ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك له‌ شاره‌ جیاجیاكانی وڵاتی عێراق له‌وانه‌ هه‌رێمی كوردستانی ئه‌و وڵاته‌، له‌ ماوه‌یه‌ك له‌وه‌پێشه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌.