درێژه‌ی هێرش بۆسه‌ر كاسبكاران و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌له‌كانیان

 

394t

لە كوێستانەكانی‌ ناوچەی‌ سنووریی‌ “سەلاسی‌ باوەجانی‌” سەر بە ئۆستانی كرماشان، هێزە ئینتزامییه‌كانی رژیم دەستیان بەسەر كەلوپەلی ١٣ كۆڵبەردا گرتووە. بەپێی‌ راپۆرتی‌ ماف نیووز، سەرلەبەیانی‌ رۆژی‌ دووشەممە ٢٧ی رێبەندان، كۆمەڵێك لە كۆڵبەران و كاسبكارانی‌ سەر سنوور لەسەر چیای‌ سنووریی‌ سەلاسی‌ باوەجانی‌ لە لایەن هێزەكانی رژیمه‌وه‌ تەقەیان لێكرا و پاشان كەلوپەلەكانیشیان لە لایەن ئەم هێزانەوە بە تاڵان برا. بەپێی‌ راپۆرتی‌ ئەو سەرچاوەیە، خەڵكی‌ ئاواییە سنوورییەكان، پاش بیستنی‌ دەنگی‌ تەقەی‌ گوللە، خۆیان گەیاندە ئەم شوێنە و رێگەیان نەدا مەئموورەكان ئەم كاسبكارانە دەستگیر بكەن. ئەوە چەندەمین جارە كە هێزە نیزامییەكانی‌ رژیم لەو شوێنە تەقە لە كۆڵبەران دەكەن. بەو جۆرە كە لەو راپۆرتەدا هاتووە، شەڕ و كێشمەكێشی‌ نێوان خەڵكی‌ ئەم ناوچەیە و هێزە نیزامییەكان تا ٣ سه‌عات بەردەوام بووە. شایانی‌ باسە كە بەهۆی‌ هەژاری‌ لەڕادەبەدەری‌ خەڵكی‌ ئەم ناوچەیە و نەبوونی‌ كار و كاسبییەكی‌ باش، دانیشتووانی‌ ناوچە سنوورییەكانی‌ كوردستان بە ناچاری‌ و بۆ دابین كردنی‌ بژیوی‌ ژیانی‌ خۆیان و ماڵ و منداڵیان، پەنایان بۆ پیشەی پڕ لە مەترسیی‌ كۆڵبەری‌ بردووە و كەمتر رۆژێك هەیە كۆمەڵێك لەو كۆڵبەرانە بە دەستی‌ هێزە نیزامییەكانی‌ رژیم نەبنە قوربانی. ئەوە لە حاڵێكدایە كە ئەم كۆڵبەرانە بۆخۆیان خاوەنی‌ بارەكانیان نین، بەڵكوو لە بەرامبەر هەڵگرتنی‌ ئەم بارەدا تەنیا بڕە پارەیەكی‌ كەمیان پێ‌ دەدرێت.