درێژه‌ی گوشاری رژیم بۆسه‌ر هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی و مه‌ده‌نی له‌ كوردستان

800
گوشار و هه‌ڕه‌شه‌ی رژیم له‌ هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی و مه‌ده‌نی له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا هه‌ڵسووڕاوێكی سیاسی و فه‌رهه‌نگی خه‌ڵكی مهاباد به‌ ناچار وڵاتی به‌جێهێشتووه‌.
رۆژی جومعه‌ ٢٢ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، هه‌ڵسووڕاوێكی سیاسی به‌ ناوی “غەفوور ئازەر پوور” بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنیەتیەكانی رژیم ناچار بووە كە كوردستان بەجێبهێڵیت و روو له‌ وڵاتی توركیه‌ بكات. ناوبراو پێشتریش بە تۆمەتی هاوكاری له‌گه‌ڵ حێزبێكی نه‌یاری رژیم حوكمی دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سه‌پا و پاش تێپەڕ بوونی زیاتر لە ١٣ مانگ لە زیندان ئازاد كرا. دواتر ئیدارەی ئیتلاعات به‌ردوام ناوبراوی خستبووه‌ ژێر گوشاره‌وه‌ و دوای چەند جار بانگ كردنی تەلەفۆنی لەلایەن ئەو ئیدارەوە و خۆبواردنی غەفوور لە چوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، مەئموورانی ئەو ئیدارەیە هیرش دەكەنە سەر ماڵەكەی و سەرجەم بەڵگە و كەلوپەلەكانی زەوت دەكەن و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یبه‌ن. جێگەی ئاماژەیە كە لە ماوەی رابردوودا گوشار بۆ سەر هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی و فەرهەنگی لە شارەكانی كوردستان پەرەی سەندووه‌ و ژنە چالاكێكی سیاسی بە ناوی “زه‌ینەب بابایی”  ناچار بووە كە وڵات بەجێبهێڵێت.