درێژه‌ی گوشار بۆسه‌ر زیندانیانی سیاسی زیندانی مهاباد

791
به‌ پێی راپۆرتی مافی مرۆڤی كوردستان، له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌رپرسانی زیندانی مهاباد گوشار و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ زیندانیانی ئه‌م زیندانه‌یان چڕتر كردۆته‌وه‌.
به‌ پێی ئه‌م هه‌واڵه‌، به‌رپرسانی زیندانی مهاباد به‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ زیندانیانی سیاسی و عه‌قیده‌تی گوشاریان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر و به‌رده‌وام بۆ حێفازه‌تی ئیتلاعاتی زیندان بانگیان ده‌كه‌ن و له‌وێ سوكایه‌تیان پێده‌كه‌ن. شایانی باسه‌ به‌رپرسانی زیندان له‌ نێو به‌نده‌كانی ئه‌م زیندانه‌ ١٢ ده‌ستگای پارازیتیان داناوه‌ و ئه‌مه‌ش ته‌ندروستی زیندانیانی به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی كردۆته‌وه‌. جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ ٢٦ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ٥٠٠ زیندانی پیاو و ٣٠ ژنی زیندانی به‌ندی ژنانی مهاباد له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ ئه‌زیه‌ت و ئازار و گوشار خستنه‌ سه‌ریان له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی نوێی زیندان، به‌ شێوه‌ی گشتی مانیان گرت و دواتر به‌ به‌ڵێنی چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ كۆتاییان به‌ مانگرتنه‌كه‌یان هێنا.