ده‌ركردنی حوكمی ئێعدام بۆ سێ كه‌س له‌ شاری مهاباد

315y
حوكمی ئێعدامی ٣ كه‌س له‌ په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسمی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی رژیم له‌ شاری مهاباد كه‌ ٥ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر روویدا، به‌ تاوانبارانی ئه‌و رووداوه‌ راگه‌یه‌ندرا.
جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌، نزیكه‌ی ٥ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر واته‌ له‌ رۆژی ٣١ی خه‌رمانانی ١٣٨٩، له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسمی رێژه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی رژیم له‌ شاری مهاباد، بۆمبێك ته‌قییه‌وه‌ و بووه‌ هۆی كۆژرانی ١١ ژن و منداڵێك و بریندار بوونی ٧٥ كه‌سی دیكه‌. دوابه‌دوای ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ ٣ كه‌س به‌ ناوه‌كانی “حوسێن عوسمانی، دیاكۆ ره‌سوڵزاده‌ و سابر شێخ عه‌بدوڵڵا” به‌ تۆمه‌تی به‌شداری له‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و له‌ مانگی ره‌شه‌ممه‌ی ساڵی ١٣٩٣ له‌ دادگای رژیم له‌ شاری مهاباد، به‌ تۆمه‌تی محاربه‌ له‌ رێگای ئه‌ندامیه‌تی له‌ یه‌كێك له‌ حیزبه‌ نه‌یاره‌كانی رژیم و بۆمبگوزاری ساڵی ١٣٨٩، دادگایی و دواتر بۆ زیندانی ناوه‌ندی شاری ورمێ گواسترانه‌وه‌. پێویسته‌ بوترێت كه‌ ده‌زگا ته‌بلیغاتییه‌كانی رژیم، چه‌ند رۆژ دوای ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ رایانگه‌یاندبوو كه‌ هه‌موو ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و رووداوه‌ی له‌سه‌ر سنوور كووشتووه‌.