خوێندكارێكی خه‌ڵكی شاری مه‌هاباد كه له‌م دواییانه‌دا پاش ٢٦ رۆژ بازداشت به قه‌راری وه‌سیقه‌ی ٢٠٠ ملیۆن تمه‌نی به‌شێوه‌ی كاتی ئازاد كرابوو، له دادگای ئینقلابی ئه‌م شاره، به ساڵێك زیندان مه‌حكوم كرا.
به پێی راپۆرتی “كه‌مپه‌ینی دیفاع له زیندانیانی سیاسی و مه‌ده‌نی”، هێزه ئه‌منیه‌تی و لیباس شه‌خسیه‌كانی رژیم رۆژی ١٨ی مانگی سه‌رماوه‌زی ئه‌مساڵ، هه‌ڵیانكۆتایه سه‌ر شوێنی كاری خوێندكارێك به‌ناوی “ئاسۆ عه‌زیزی” و وێڕای زه‌وت كردنی كه‌ل و په‌لی شه‌خسی و كامپیوتێرهكهی، ده‌ستبه‌سه‌ریان كرد. ئاسۆ عه‌زیزی رێكه‌وتی ١٤ی مانگی به‌فرانباری ئه‌مساڵ، به قه‌راری وه‌سیقه ئازاد كرا. ئه‌م خوێندكاره رۆژی دووشه‌ممه ٢٧ی مانگی رێبه‌ندان له لقی ١ی دادگای ئینقلابی مه‌هاباد به ساڵێك زیندان مه‌حكوم كرا. شایانی باسه ئاسۆ عه‌زیزی خوێندكاری رشته‌ی علووم سیاسی دانیشگای په‌یام نووری مه‌هاباد و یه‌كێك له هه‌ڵسووڕاوانی ژینگه‌ی ئه‌م شاره‌یه.