ده‌ركردنی حوكمی زیندان له‌دژی دوو هاوڵاتی له‌ ورمێ و مهاباد

547
له‌ ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا، دوو هه‌ڵسووڕاوی مه‌ده‌نی به‌ ناوه‌كانی “رئوف محه‌ممه‌د عه‌لی و پێشه‌وا ساڵح زاده‌”، له‌ لایه‌ن دادگای شاره‌‌كانی “مهاباد و ورمێ”، به‌ زیندان مه‌حكوم كران.
“رئوف محه‌ممه‌د عه‌لی” زیندانی سیاسی و خه‌ڵكی شاری ورمێ به‌ند كراو له‌ زیندانی ناوه‌ندی ئه‌م شاره‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژ له‌وه‌پێشه‌وه‌ له‌ لایه‌ن لقی ١ی دادگای شاری ورمێ به‌ تۆمه‌تی “ته‌بلیغ له‌دژی ئه‌منیه‌تی میللی و هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ حێزبه‌ نه‌یاره‌كانی رژیم”، به‌ ١٠ ساڵ زیندان مه‌حكوم كرا. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، “پێشه‌وا ساڵح زاده‌” هه‌ڵسووڕاوی مه‌ده‌نی خه‌ڵكی شاری مهاباد له‌ لایه‌ن دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ورمێ به‌ ١٠ ساڵ زیندان مه‌حكوم كرا. ناوبراو رێكه‌وتی ٦ی مانگی ره‌شه‌ممه‌ی ساڵی ٩٣ له‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانی شاری سه‌رده‌شت له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی شاری مهاباده‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و راپێچی زیندانی ناوه‌ندی ئه‌م شاره كرا و دواتر به‌ قه‌راری وه‌سیقه‌ی ١٥٠ میلیۆنی به‌ شێوه‌ی كاتی له‌ زیندان ئازاد كرا. شایانی باسه‌، ناوبراو له‌ لایه‌ن دادگای شاری مهاباده‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی “هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ حێزبه‌ نه‌یاره‌كانی رژیم و ته‌بلیغ له‌دژی نیزام”، به‌ دوو ساڵ زیندان مه‌حكوم كرا و دواتر له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ ٦ی مانگی ره‌زبه‌ره‌وه‌ حوكمه‌كه‌ی گۆڕدرا به‌ ١٠ ساڵ زیندان.