ده‌ركردنی حوكمی زیندان له‌دژی زیندانی سیاسی مێهدی فه‌راحی شاندیز

70
به‌ پێی راپۆرتی “هێرانا”، “مێهدی فه‌راحی شاندیز” زیندانی سیاسی زیندانی ره‌جایی شاری كه‌ره‌ج به‌ تۆمه‌تی ٣ جار سووكایه‌تی به‌ رێبه‌ری رژیمی كۆماری، سه‌رجه‌م به‌ ٩ ساڵ زیندان مه‌حكووم كرا. به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، له‌ كۆی ئه‌م ٣ په‌روه‌نده‌یه‌، دوو حوكم له‌ حاڵێكدا ده‌ركراوه‌ كه‌ ناوبراو له‌ زینداندا بووه‌. ئه‌م زیندانییه‌ به‌مزووانه‌ له‌ حوكمێكی دیكه‌دا كه‌ رێكه‌وتی ٥ی مانگی جۆزه‌ردان ده‌ركرا، به‌ تۆمه‌تی سووكایه‌تی به‌ خامنه‌یی، به‌ ٣ ساڵ حه‌بس مه‌حكووم كرا. مێهدی فه‌راحی شاندیز، مانگی رێبه‌ندانی ساڵی رابردوویش به‌ تۆمه‌تی سووكایه‌تی به‌ رێبه‌ری رژیم، به‌ ٣ ساڵ زیندان مه‌حكوم كرا و پێشتریش له‌ مانگی گوڵانی ساڵی ٩٠، هه‌ر به‌م تۆمه‌ته‌ به‌ ٣ ساڵ زیندان حوكم داربوو. ناوبراو كه‌ پێشینه‌ی بازداشته جۆراوجۆره‌كانی هه‌یه‌، له‌ رێكه‌وتی ١١ی مانگی گوڵانی ساڵی ٨٨یش له‌ مه‌راسمی رۆژی جیهانی كرێكار له‌ پاركی لاله‌ی تاران، ده‌ستبه‌سه‌ر و به‌ ٩ مانگ زیندان مه‌حكووم كرابوو.