له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا و دوای به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسمی نه‌ورۆز له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان، هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانی رژیم ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له‌وانه له شاره‌كانی ورمێ و مه‌ریوان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد.له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا “نادر خیلان، محه‌ممه‌د ئێلیاس پور، عێسمه‌ت قودره‌تی و عه‌لی ئاهه‌نگه‌ران، چوار كه‌سی دیكه له هاوڵاتیانی خه‌ڵكی شاری ورمێن كه له لایه‌ن مه‌ئمورانی ئه‌منیه‌تی رژیمه‌وه له‌و شاره ه‌ستبه‌سه‌ر كراون. ئه‌م كه‌سانه دوای بازداشت، راپێچی شوێنێكی نادیار كراون. تۆمه‌تی ئه‌وان به‌شداری له مه‌راسمی ساڵی نوێ و وتنی دروشمی دژه حكومه‌تی راگه‌یه‌ندراوه. به پێی هه‌واڵێكی دیكه له مه‌ریوان، دوو كه‌س له‌م شاره دوای هه‌ڵكردنی ئاگر، ده‌ستبه‌سه‌ر كران كه ناونیشانی یه‌كێك له‌وان “موراد” راگه‌یه‌ندراوه و تا ئێستا له شوێنی راگیرانیان، زانیارییه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییه.