ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هێرشی ئاسمانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمان له‌ یه‌مه‌ن

197y
رۆژی شه‌ممه‌ ١٩ی مانگی گوڵان، له‌ جه‌ریانی بۆمبارانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی “سه‌نعا” پێته‌ختی “یه‌مه‌ن” له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمان، ٤ كه‌سی مه‌ده‌نی كوژران و زیاتر له‌ ١٠ كه‌سیش بریندار بوون.
به‌ پێی راپۆرتی “هه‌واڵنێریی فه‌رانسه‌”، بۆمبارانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی “سه‌نعا”، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ گروپی “حه‌وسی” رایگه‌یاند، ئه‌م فڕۆكه‌خانه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی یارمه‌تی مرۆڤدۆستانه‌ كراوه‌ته‌وه‌. شایانی باسه‌، ئه‌م گروپه‌ ئیسلامگه‌رایه‌، كۆنترۆڵی به‌شێك له‌ خاكی یه‌مه‌نی له‌وانه‌ سه‌نعا له ‌ده‌ستدایه. جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ عه‌ره‌بستانی سعودی رۆژی جومعه‌ ١٨ی مانگی گوڵان، ئاگربه‌سێكی ٥ رۆژه‌ی مرۆڤدۆستانه‌ی بۆ یه‌مه‌ن راگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه‌‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌ردێت. به‌م حاڵه‌وه‌، ده‌وڵه‌تی “ریاز” وتوویه‌تی كه‌ هێرش بۆسه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گروپی حه‌وسی، درێژه‌ی ده‌بێت.‌