ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیری رۆمانی دوابه‌دوای ناڕه‌زایه‌تی

610
به‌ پێی راپۆرتی یۆرۆنیوز، دوابه‌دوای په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری له‌ رۆمانی له‌دژی گه‌نده‌ڵی ماڵی كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت، ویكتۆر پونتا سه‌رۆك وه‌زیری ئه‌م وڵاته‌ وازی له‌ پۆسته‌كه‌ی هێنا.
به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، سه‌رۆك وه‌زیری رۆمانی به‌ راگه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه‌ پێداگری كرد تا كاتی دیاری كردنی ده‌وڵه‌تی نوێ وه‌ك رێبه‌ری ده‌وڵه‌تی كاتی درێژه‌ به‌ چالاكییه‌كانی ده‌دات. ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیری رۆمانی دوابه‌دوای خۆپیشاندانی به‌رینی ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌خه‌ڵكی بوخارێست پێته‌ختی ئه‌م وڵاته‌ روویدا. ئه‌م خۆپیشاندانه‌ به‌رینه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ كه‌مته‌رخه‌می ده‌وڵه‌ت سه‌باره‌ت به‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌ كلۆپه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ كه‌ زیاتر له‌ ٣٠ كه‌س كوژران، ده‌ستی پێكرد. خۆپیشانده‌ران له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ گه‌نده‌ڵی و تاڵان و بڕۆی كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت، خوازیاری ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیر و وه‌زیری ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ بوون.