دوایین هه‌واڵه‌كان سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستان

225y
ئه‌مڕۆ جومعه‌ ١٨ی مانگی گوڵان، دوابه‌دوای راپه‌ڕینی قاره‌مانانه‌ی خه‌ڵكی شاری مهاباد له‌دژی جه‌نایه‌تی رژیمی كۆماری ئیسلامی، كه‌شوهه‌وای ئه‌و شاره‌ به‌ توندی ئه‌منیه‌تی كراوه‌ و هێزه‌كانی كومه‌كی رژیم له‌ هه‌موو شوێنه‌ هه‌ستیاره‌كانی شاردا جێگیر كراون.له‌ ده‌روازه‌كانی شاری مهابادیش رێگریان ده‌كرد له‌وه‌یكه‌ خه‌ڵكی شاره‌كانی تر خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و شاره‌. ئه‌م بارودۆخه‌ له‌ باقی شاره‌كانی تری كوردستانیش هه‌روا به‌ توندی به‌ڕێوه‌چووه‌. له‌ ماوه‌ی ٢٤ سه‌عاتی رابردوودا له‌ گه‌لێك له‌ شاره‌كانی كوردستان ئه‌و ئاماده‌ییه‌ پێكهاتبوو كه‌ بۆ‌ پشتیوانی له‌ خه‌ڵكی شاری مهاباد، خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌بچێت. رژیم كه‌ هه‌ستی به‌ مه‌ترسی له‌مبابه‌ته‌وه‌ ده‌كرد، بارودۆخێكی شێوه‌ حكومه‌ت نیزامی له‌ هه‌موو كوردستان به‌رقه‌رار كرد. هێزی كومه‌كی له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی ئێرانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی سنه، بۆكان، سه‌قز، مه‌ریوان، شنۆ و شوێنه‌كانی تر كرابوون. هه‌موو مه‌ره‌خه‌سییه‌كانی هێزه‌ ئینتزامییه‌كان هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌ و ئاماده‌باشیان پێدرا. هه‌روه‌ها له‌ پاڵ ئه‌م ئاماده‌كاریانه‌ بۆ پێشگرتن له‌ خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ر‌، هێڵی ئینترنێتی شاره‌كانیشیان بڕیبوو.جێگری سیاسی ـــ ئه‌منیه‌تی رژیم له‌ ئۆستانی ئازه‌ربایجانی غه‌ربی بۆ یه‌كه‌م جار هاته‌ سه‌ر خه‌ت و حێزبه‌ سیاسیه‌كانی كوردستانی به‌ هانده‌ری حه‌ره‌كه‌تی جه‌ماوه‌ری له‌ شاری مهاباد و شاره‌كانی كوردستان ناولێبرد. ئه‌و وتانه‌ی ناوبراو، به‌ واتای رێگاخۆش كردن بوو بۆ په‌ره‌پێدانی سیاسه‌تی سه‌ركوتگه‌رانه‌ له‌ كوردستان. له‌م هه‌مان كاتدا راسته‌وخۆش هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ خه‌ڵكی مهاباد كرد كه‌ كۆتایی به‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی خۆیان بێنن. به‌ پێی دوایین هه‌واڵه‌كان، هێزه‌كانی رژیم له‌ شاری مه‌ریوان ده‌ستیان دایه‌ زه‌بروزه‌نگ نواندن. سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ جومعه‌ به‌ پێكهێنانی كه‌شوهه‌وای ترس و وه‌حشه‌ت له‌ ئاستی شاردا و به‌ تایبه‌ت له‌ چوارڕای “شه‌بڕه‌نگ” كه‌ چاوه‌ڕێیان ده‌كرد خه‌ڵك له‌و شوێنه‌ كۆببنه‌وه‌، ده‌ستیان كرد به‌ ته‌قه‌ كردنی بێ ئامانج. ده‌وترێت كه‌ له‌ چه‌ند شوێنی شار له‌ نێوان خه‌ڵك و هێزه‌كانی رژیمدا تێكهه‌ڵچوون روویداوه‌.
هه‌روه‌ها راپۆرته‌كان له‌ شاری بۆكانیشه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێن كه‌ سه‌رتاسه‌ری كه‌شوهه‌وای شار بڕیتی بوو له‌ ئاماده‌یی بۆ پشتیوانی له‌ خه‌ڵكی شاری مهاباد. جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ چه‌ند شوێنه‌وه‌ به‌ره‌و بینای فه‌رمانداری شار وه‌ڕێكه‌وتن كه‌ هێزه‌كانی رژیم بڵاوه‌یان پێكردن.دوایین هه‌واڵه‌كان له‌ شاری مهاباد باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌ی برینداره‌كان نزیكه‌ی ٥٠ كه‌سن. هه‌روه‌ها هێزه‌كانی رژیم به‌ بیمارستانه‌كانی شاردا ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌یكه‌ برینداره‌كان شناسایی بكه‌ن.