دژایه‌تی ئامریكا له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی ته‌حریمه‌كان

82y
دوابه‌دوای وته‌كانی “عه‌لی خامنه‌یی” سه‌باره‌ت به‌ پێویستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌حریمه‌كان هاوكات له‌گه‌ڵ ئیمزای رێكه‌وتنامه‌ی كۆتایی، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریكا جارێكی دیكه‌ له‌سه‌ر به‌شێنه‌یی و به‌ره‌به‌ره‌ لابردنی ته‌حریمه‌كان، پێداگری ده‌كات.
رێبه‌ری رژیمی ئیسلامی له‌ وته‌گه‌لێكی دژبه‌یه‌كدا له‌ لایه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌دبینی به‌ ئامریكا پێداگری كردووه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ وتی، متمانه‌ی ته‌واوی به‌ وتووێژكارانی هه‌سته‌یی ئێران هه‌یه‌ و پشتیوانیان لێده‌كات. ناوبراو له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا، له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌حریمه‌كان هاوكات له‌گه‌ڵ ئیمزا كردنی رێكه‌وتنامه‌ی كۆتایی، پێداگری كردبوو. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریكا له‌ كاردانه‌وه‌ به‌م وتانه‌، به‌ بێ ناولێبردن له‌ خامنه‌یی، جه‌ختی كرده‌وه‌: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌حریمه‌كان به‌ پێی رێكه‌وتنامه‌كه‌ی لۆزان، هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌كرده‌وه‌ ده‌ردێت. ناوبراو رایگه‌یاندووه‌، به‌ پێی چوارچێوه‌یه‌ك كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتنی كۆتایی ئاماده‌ كراوه‌، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌حریمه‌كان كاتێك ده‌ستپێده‌كات كه‌ ئێران وه‌عده‌ و به‌ڵێنه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات.