دژایەتی دەوڵەتی ئامریکا لەگەڵ مافی چارەنووسی خەڵکی کورد لە سوریە

 رۆژی چوارشەممە ١٥ی مانگی رێبەندان جنیفر ساکی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا رایگه‌یاند کە، ئامریکا لەگەڵ راگەیاندنی ناوچەی خودموختار و یان ھەر شکڵێکی ھاوشێوەی تر لە ده‌سه‌ڵاتی خەڵکی لە باکوری سوریە دژایەتی ھەیە و بەڕەسمی ناناسێت. “جینفر ساکی”، لە کۆنفرانسێکی مەتبوعاتیدا بە ھەواڵنێرانی وت، وڵاتەکەی سێ کانتۆنی پێکهاتو لە لایەن کوردەکانەوە و ساختاری خۆبەڕیوەبەری لە جزیرە، کۆبانی و عەفرین بەڕه‌سمی ناناسێ. ئەو لە درێژەدا وتی کە، ئەمە تەنیا ھەڵوێستی ئێستامان نییە بەڵکووئامریکا زۆر لەوە پێشەوە خاوەنی ئاوا سیاسەتێک بوو357ە.

ئەو تەنانەت سەبارەت بە “کوردەکانی باکوری عێراق”یش جەختی کردەوە کە، تا ئێستا ناردنی ھەمووجۆرە یارمەتیەکی نیزامی بۆ کوردەکانی عێراقیش بە رەزامەندی بەغدا بەڕێوەچووە. بەڵام ساکی لەدریژەدا وتی کە “سیاسەتی ئێمە ھەروا ئەوە دەبێت کە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە لەدژی داعش شەڕ دەکەن ھاوکاری بکەین.”

پێشتر ئه‌ردوغان، سەرۆک کۆماری تورکیە بەتوندی رەخنەی لە “بەرنامە و پلانی کوردەکان” بۆ دابەش کردنی سوریە گرتبوو، و ئامریکایشی به‌هۆی ناردنی چەک بۆیان بۆ سەندنەوەی کۆبانی لە دەستی داعش، دابووە بەر رەخنە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیە خۆی گروپی تیرۆریستی داعشی لە شەڕ لەدژی خەڵکی کۆبانیدا، لە ھەموو بارێکەوە یارمەتیداوە. پاش ئازاد کردنی شاری کۆبانی لە لایەن “یەکینەکانی پاراستنی کۆبانی”ەوە و شکستدانی داعش، سەرۆک کۆماری تورکیە روونی کردەوە کە وڵاتەکەی داواکاری پێکهاتنی دەوڵەتێکی خۆبەڕێوەبەر بۆ کوردەکان لە سوریە وەک ئەوەی لە کوردستانی عێراق ھەیە، نییە و لە وتووێژ لەگەڵ ھەواڵنێراندا وتی: “ئێمە ناتوانین بارودۆخێکی وەک ئەوەی لە عێراقدا له‌ئارادایە لە باکوری سوریە دووپات بکەینەوە و ناتوانین پێکهاتنی دەوڵەتێکی خودموختاری کوردی لە باکوری سوریە قەبوڵ بکەین. ئەم نیزامە خودموختارە دەبێتە ناوەندی کێشە و گرفتێکی گەورە بۆ ئێمە لە داھاتوودا” خۆپاراستنی ئامریکا و باقی دەوڵەتەکانی دیكه‌ لە بەکارھێنانی وشەی “کوردستان” چ بۆ عێراق و سوریە و چ بۆ تورکیە و ئێران و بەجێگای ئەو بەکارھێنانی “باکۆری عێراق” یان ” باکووری سوریە” یان “باشوری رۆژھەڵاتی تورکیە” سیاسەتێکە کە ئاگاھانە لە لایەن ئامریکا و دەوڵەتانی ناوچەکەوە بەکار دەبردرێت و بە واتای رەدکردنەوەی مافی خەڵکی کوردستانە لە دیاری کردنی مافی چارەنووسی خۆیاندا. دژایەتی ئامریکا و باقی دەوڵەتانی سەرمایەداری لەگەڵ مافی خەڵکی کوردستان لە دیاریکردنی چارەنووسیاندا لەحاڵێکدا تێکرار دەبێتەوە کە خەڵکی کورد لە سوریە لەماوەی سێ چوار ساڵی رابردوودا نیشانیان داوە کە توانایی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای خۆیانیان ھەیە. ئەم ھەڵویستەی دەوڵەتی ئامریکای بەناو “ھاوپەیمانی کوردەکان” بەرەوڕووی ھیچ کاردانەوەیەک لە لایەن جەریاناتی ناسیۆنالیستی کوردەوە نەبۆوە کە بەڕواڵەت ئیدیعای لایەنگری لە ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خەڵکی کورد دەکەن و تەنیا رێگای بەشدار بوونی خۆیان لە دەسەڵاتدا دەبەستنەوە بە دخاڵەتی ئامریکاوە لە کاروباری ناوچەکەدا. ئامریکا لە بارودۆخێکدا دژایەتی خۆی لەگەڵ مافی ده‌سه‌ڵاتی خەڵکی کوردستان دەردەبڕێت، کە باقی ناوچەکانی سوریە چوار ساڵە لە ئاگری شەڕێکی بەتەواو مانادا دەسوتێ. شه‌ڕێك کە لە نێوان دەوڵەتی دژی بەشار ئەسەد و دەوڵەتانی پشتیوانی وەک روسیە و ئێران لەلایەک و گروپە ئیسلامیە جنایەتکارەکان و ئەرتەشی ئازادی دروست کراوی دەستی تورکیە و باقی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و باقی دەوڵەتانی هاوپه‌یمانی ئامریکا لەلایەکی دیکەوە، لە ئارادایە. بەھۆی ئەم شەڕ و وەحشیانه‌وە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس کوژراون و چەند ملیۆن کەسیش ئاوارە و بە سەدان ھەزاریشیان لێ بریندار بووە و ھەموو سوریەش بۆتە وێرانە. بەڵام کوردستانی سوریە کە لەم ماوەیەدا لەژێر حاکمیەتی دەوڵەتی ناوەندیدا نەبووە و لەلایەن خەڵک خۆیەوە بەڕێوەچووە، لەم کوشتار و وێرانییە بەدوور بووە. دەوڵەتی ئامریکا لە بارودۆخێکدا دژایەتی خۆی لەگەڵ حاکمیەتی خەڵکی کوردستانی سوریە دەردەبڕێت کە خۆی و باقی ھێزە سەرمایەداریەکان دەزانن کە خەڵکی کۆبانی کە لەگەڵ پێکهێنانی ناوەندی حاکمیەتدا نەتەنیا توانیویەتی کۆمەڵگا ئیدارە بکار بەڵکوو بە دیفاع لە دەستەکەوتەکانی خەباتی چەندین ساڵەیان و بە خۆراگری قارەمانانە توانیان بە ١٣٤ رۆژ خۆڕاگری لە بەرانبەر ھێزی وەحشی و دژی ئینسانی داعشدا کە بەرھەمی سیاسەتی دەوڵەتانی سەرمایەداریە و تا ئێستا لە عێراق و سوریە چەندین ئەرتەش و گروپی چەکداری لەشەڕدا شکستداوە و ئامریکا بەڕواڵەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیئتیلافێکی نیونەتەوەیی پێکهێناوە، شکست بدات و داعش بە سەرشۆڕی لە شار بکەنە دەرەوە. ھەڵبەت لەم شەڕە داسەپاوە لە لایەن داعشەوە بەسەر خەڵکی کۆبانیدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە رێگای دیفاع لە خۆ و له‌ دەستکەوتەکانیاندا گیانیان بەختکرد و ئاوارە بوون و شارەکەش تووشی وێرانی ھات.

بەڵام ئامریکا و تورکیە و ئێران و باقی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە بۆچی لەگەڵ ھەموو جۆرە بەڕێوەبردنێکی بەشێکی کوردستان لەلایەن ناوەندەکانی حاکمیەتی خەڵکیەوە دژایەتی دەکەن؟ راستیەکەی ئەوەیە کە ئەزمونی کۆبانی نیشانیداوە کە ھۆکاری شەڕ و کوشتار و نائەمنیەکان، خودی ئەم دەوڵەتانەن کە لەبەر بەرژەوەندی خۆیان گەلێک وڵاتیان کردووە بە قوڕگی شەڕدا. ئەوان بەھیچ جۆرێک نایانەوێ قەبوڵی بکەن کە جەماوەری خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا دەور و نەخشیان ھەبێت. ئەوان دەیانەوێ هه‌ر ته‌نیا خۆیان و بەدور لە دەخاڵەتی خەڵک چارەنووسی سیاسی ناوچەکە بەپێی بەرژەوەندیەکانیان دیاری بکەن. دەوڵەتانی سەرمایەداری نیگەرانن کە جەماوەری خەڵک لە باقی وڵاتانی ناوچەکە لە تەجروبەی کۆبانی دەرس وەربگرن و بە لادانی حاکمیەتی دیکتاتۆڕەکان و دەوڵەتانی دەست نیشاندە، حاکمیەتی خۆیان دامه‌زرێنن. ئەوان دەزانن خەڵکێک کە بەدەستی خۆی و بە پێی بەرژەوەندیەکانی حاکمیەتی جەماوەری دابمەزرێنێ، دیفاع لە مەوجودیەت و دەستکەوتەکانیشی دەکات و لە بەرانبەر ئیرادەی ئەم خەڵکەدا تەنانەت جەریانێکی وەحشی وەک داعشیش توانایی خۆڕاگری نابێت. خۆڕاگری و دیفاعی لێبڕاوانەی خەڵکی کۆبانی لە حاکمیەتەکەیان بە خەڵکی دنیای نیشاندا کە نەتەنیا رێگای بەرەنگاربوونەوەی جیدی لەگەڵ ھێرشی ھێزێکی تا ئەوپەڕ کۆنەپەرستی وەک داعش، بەڵکوو رێگای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ده‌خاڵەتگەری ھێزە ئیمپریالیستیەکان و حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەش تەنیا بە مەسیری خەباتی جەماوەری لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆریدا تیدەپەڕێت.

ئامریکا و تورکیە و کۆماری ئیسلامی و باقی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە لە سەرکەوتنی خەڵکی کۆبانی ناڕازی و نیگەرانن. ئەگەر ئه‌ردوغان ھاوار دەکات و دەڵێ “ئەم نیزامە خودموختارە لە داھاتوودا دەبێتە سەرچاوەی کێشە و گرفتێکی گەورە بۆ ئێمە.” لەبەر ئەوەیە کە بە وەڕێکەوتنی وەھا حەرەکاتێکی کۆمەڵایەتی لە ئاستی جەماوەریدا، رای گشتی جیهانی و بەشەریەتی پێشکەوتنخوازیش بۆ پشتیوانی لێکردنی شکڵ دەگرێت. پشتیوانی و پشتگیری جەماوەری خەڵکی وڵاتانی دیكه‌ لە خۆراگری کۆبانی، لە ھەمانحاڵدا کە دیفاعە لە ئازادی و یەکسانی و مافی ئینسانی جەماوەری راپەڕیو، نیشانەی نەفرەت و بێزاری قووڵیشە لە دخاڵەتی ھێزە سەرمایەداریەکان و دەوڵەتانی کۆنەپەرست و جینایەتکاری ناوچەکە لە حەیات و چارەنووسی خەڵکدا. دخاڵەتێک کە له‌ پێناو بەرژەوەندی سەرمایە بۆتە ھۆی کوشتار و وێرانی و ئاوارە بوونی ملیۆنی و ھەژاری و فەلاکەتی ئابووری لە دنیادا