دڵی جیهان بۆ شۆڕشێكی ئۆكتۆبری دیكه‌ لێده‌دات

رۆژی ٧ی نوامبری ساڵی ١٩١٧ لە گەرماوگەرمی شەڕی جیهانی یەکەمدا، حێزبی بلشوێکی روسیە هەست کردن بە رەوتی روو لە گەشەی بارودۆخی شۆڕشگێڕانە لەم وڵاتەدا، ئاخێزی گەورەی کرێکاران و خەڵکی ژێر ستەمی روسیەی رێبەری کرد و چینی کرێکاری ئەم وڵاتە لە راپەڕینێکی سەرکه‌وتووانەدا حکومەتی بورژوایی روسیەی روخاند و دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە گرت. کرێکارانی روسیە رایانگەیاندبوو کە رێگای دەرچوون لە دۆزەخی شەڕ، شۆڕشە و لە راستیشدا ئینقلابی ئۆکتۆبر لە هەمان رۆژی یەکەمەوە بە فەرمانی ئاشتی خۆی، رێگای رزگار بوون لە دۆزەخی شەڕی بە رووی خەڵکی روسیەدا کردەوە.رۆژی ٧ی نوامبری ساڵی ١٩١٧ لە گەرماوگەرمی شەڕی جیهانی یەکەمدا، حێزبی بلشوێکی روسیە هەست کردن بە رەوتی روو لە گەشەی بارودۆخی شۆڕشگێڕانە لەم وڵاتەدا، ئاخێزی گەورەی کرێکاران و خەڵکی ژێر ستەمی روسیەی رێبەری کرد و چینی کرێکاری ئەم وڵاتە لە راپەڕینێکی سەرکه‌وتووانەدا حکومەتی بورژوایی روسیەی روخاند و دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە گرت. کرێکارانی روسیە رایانگەیاندبوو کە رێگای دەرچوون لە دۆزەخی شەڕ، شۆڕشە و لە راستیشدا ئینقلابی ئۆکتۆبر لە هەمان رۆژی یەکەمەوە بە فەرمانی ئاشتی خۆی، رێگای رزگار بوون لە دۆزەخی شەڕی بە رووی خەڵکی روسیەدا کردەوە.575
بۆ یەکەم جار لە مێژووی دنیادا، ئازار چێشتووانی وڵاتێک، چەوسێنەرانێک کە لە دەسەڵاتدا بوون لە کورسی حوکمڕانی کێشایەخوار و کۆنترۆڵی چەرخی چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە گرت. بڵێسەکانی ئەم شۆڕشە خێراتر لەوەی کە بیری لێ دەکرایەوە کۆمەڵگەی روسیەی داگرت. شوراکانی خەڵک لە هەموو شوێنێک پێکهاتن، کرێکارانی ئینقلابی و پێشڕەو لەنێو ئەم شورایانەدا دەنگ و پشتیوانی زۆربەی خەڵکی روسیە بە تایبەت سەربازان و جوتیارانی هەژاریان بەدەست هێنا و بە پشت بەستن پێی، دەسەڵاتی سیاسیان بەدەستەوە گرت. خه‌سڵەتی دیموکڕاتیک و ڕادیکاڵی شوراکان بە خێرایی ئەوی وەک ناوەندێکی حاکمیەت لە بەرانبەر ناوەندە دەوڵەتییه‌کاندا قەراردا.
شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ی روسیە بۆ دوهەم جار لە مێژوودا و دوای کومۆنی پاریس لە ساڵی ١٨٧١، وەک یەکەم شۆڕشی کرێکاری بە دروشمی “هەموو دەسەڵاتەکان بە دەست شوڕاکانەوە”، چینی کرێکاری ئەم وڵاتەی خستە سەر و ناوەرۆکی دەسەڵاتی سیاسیەوە.
حکومەتی شوڕاکان، بە خێرایی خاوه‌نداریه‌تی بەسەر زەویدا هەڵوەشاندەوە و زەوی مالیکەکان و دەوڵەت و کلیسای کردە مڵکی گشتی و نایە ئیختیار هەموو زەحمەتکێشانەوە. حاکمیەتی شوڕایی کرێکاران هەر زوو یەکسانی تەواوی حقوقی ژنان و پیاوانی لە هەموو بوارە ئابووری، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکاندا کردە یاسایی، مەزهەبی بە تەواوەتی لە دەوڵەت جیا کردەوە و دەستی کلیسای لە کاروباری دەوڵەتی و لەوانە لە ئاموزش و پەروەرش کورت کردەوە و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی لە ڕوسیەدا دەستەبەر کرد.
ئەم شۆڕشە و سیاسەتە کارساز و پێشڕەوەکانی چینی کرێکاری روسیە، کاریگەریەکی قوڵی لەسەر خەباتی ڕزگاری دەری خەڵکانی ژێر ستەم دانا و خۆی بەڵگەیەکی زیندو بوو لەسەر ئەوەی کە چینی کرێکار هیچ چەشنە بەرژەوەندیەکی لە مانەوەی هیچ شێوەیەک لە شێوەکانی ستەم و نایەکسانیدا نییە و پەیگیر ترین پێشڕەوی ڕێگای ڕزگار بوونە لە هەموو ستەم و نایەکسانیەک. لەم روەوە پیرۆز راگرتنی شۆڕشی ئۆکتۆبر، تەنیا تایبەت بە کرێکارانی وشیار و کومونیست نییە؛ بەڵکو لە جێی خۆیدایە کە هەموو جەماوەری ژێر ستەم و ئینسانە ئازادی خواز و شەڕافەتمەندەکان، دەستەکەوتەکانی ئەم شۆڕشە بە سەرکەوتنی ئاڕمانەکانی خۆیان بزانن و دەستەبەر بوونی ئامانجی دادپەروەرانەی خۆیان لەسەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاریدا ببینن.
یەکێک لە دەستکەوتە بەنرخەکانی شۆڕشی سوسیالیستی ١٩١٧ی روسیە دامەزراندنی حکومەتی شوڕاکانی خەڵک بوو، ئەو شوڕایانەی کە کرێکارانی وشیار و پێشڕەو لە ناوەندیاندا بوون و بەرنامەی سیاسی کۆمەڵایەتی خۆیان بە تەئید و پەسندی ئەوان گەیاندبوو.
یەکێک لە دەستکەتەکانی دیکەی شۆڕشی ئۆکتۆبر، کومیتەی کارخانەکان بوو. کومیتەی کارخانەکان لەڕێگای بزوتنەوەی شۆڕاییەوە و بە فەعالیەتی کرێکاران لە ناخی شۆرشدا شکڵیان گرت.
کرێکارانی روسیە دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە روسیە، روو بە هاوزنجیرەکانیان لە سەرتاسەری دنیادا ڕایانگەیاند: “سەرکەوتنی ئۆکتۆبر سەرکەوتنی هەموومانە.” وتیان: “دەسەڵاتی چینی کرێکار لە روسیە دەبێ سەرەتای دەستپێکی دەسەڵاتی ئەم چێنە جیهانیە بێت لە باقی وڵاتانی سەرمایەداریدا.” لە ڕاستیشدا، شۆڕشی ئۆکتۆبر سەرکەوتنی چینی کرێکار و مژدەی ڕزگار بوونی سەرجەم زەحمەتکێشان بوو.
ئەم شۆڕشە گورزێکی جیدی لە نیزامی جیهانی سەرمایەداری وەشاند، لە لایەکەوە قین و نەفرەتی سەرجەم سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان و توندترین دژ کردەوەی ئەوانی هەڵخڕاند و لە لایەکی دیکەوە شەپۆلی بەهێزی ئازادیخوازی و عەداڵەت تەڵەبی لە سەرتاسەری گۆی زەویدا وەجوڵە خست. کاریگەریەکانی شۆڕشی کرێکاری ١٩١٧ی روسیە لە دنیادا بە ڕادەیەک بوو کە بۆرژوازی رۆژئاوا لە ترس و وەحشەتی تێکرار بوونەوەی ئەم شۆڕشە، بە ناچار دەستیدایە کۆمەڵێک ڕیفۆڕمی وەک بەڕەسمی ناسینی مافی دەنگدان بۆ هەموو شارۆمەندان لەوانە ژنان، بەخۆڕایی ڕاگەیاندنی ئاموزش و پەروەرش بۆ هەموو منداڵان، پەسه‌ند کردنی حەقی بیمە و خانەنشینی بۆ بەساڵاچووان و کەم کردنەوەی ساعاتی کاری رۆژانە بۆ ٨ سه‌عات.
بەڵام شۆڕشی سەرکەوتوی کرێکاری لە روسیە بەرەوڕووی گەلێک دژواری بۆوە. ته‌حریمی ئابووری و سیاسی و دەخاڵەتی نیزامی ١٤ دەوڵەتی ئیمپڕیالیستی لەدژی حکومەتی کرێکاری، شەڕی نێوخۆیی، قەحتی و وشکەساڵی، لێکهەڵوەشانی ئابووری لەگەڵ هێندێک لاوازی دەروونی بوونە هۆکار تا ئەم شۆڕشە لە بەرەوپێش چوونەکانی بوەستێ و لەبەر ئەمەش قەت نەیتوانی بگاتە قۆناغی نیزامێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی سوسیالیستی کامڵ. بەهۆی نەبوونی ئۆلگویەکی ئابووری سوسیالیستی ئەمجارە، ئەوە بۆرژوازی برینداری روسیە بوو کە ئیمکانی هاتنەدی ئامانجە دێرینەکانی لە بەدەستەوە گرتنی سوکانی حیزب و دەوڵەت و ناوەندە ئینقلابیەکانیدا دۆزیەوە. کاتێک کە دەوڵەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتوی کرێکاری لە شۆرەوی نەیتوانی ئۆلگوی گەشەی ئابووری سوسیالیستی و شێوەی رێکخستنی ژیان لەم وڵاتەدا پێشکەش بکات، ئەوە بۆرژوازی روسیە بوو کە لە ناوەندە تازەکاندا ئەو زەرفیەتەی بینی بۆوە کە بە بەکار هێنانیان دەیتوانی بونبەستی خۆی بشکێنێ و ئاواتە دێرینەکانی واتە بنیاتنانی روسیەیەکی سەنعەتی و بەهێز لەبەرانبەر هێزە سەرمایەداریە ئیمپڕیالیستیەکانی ئەو دەورەیەدا بەدیبێنێ. باڵی حاکم لە حێزبی بلشوێکدا، بە جێگای پەیگیری کردنی ئاڕمانە رزگاری بەخشە سوسیالیستیەکان، هەڵوەشاندنەوەی مالیکیەتی خوسوسی، هەڵوەشاندنەوەی کاری موزدی، بەدیهێنانی ڕیفاهی مادی لە ژیانی خەڵکدا، بنیادنانی کۆمەڵگایەک پێکهاتو لە ئینسانە ئازاد و بەرابەرەکان و بە دوور لە بێ مافی، سوکایەتی و ستەم، بەکردوە ژیاندنەوەی ویجهەی نەتەوەی روس ی لە کۆمەڵگای نەتەوەکاندا کردە ئامانجی خۆی.
لەگەڵ تێپەڕ بوونی چەند دەیە لە شۆڕشی ئۆکتۆبر، سەرمایەداری رۆژئاوا بە شکستی حاکمیەتی سەرمایەداری دەوڵەتی لە شوڕەوی و تێکچوونی، هەوڵیدا بە هێنانە خواری پەیکەرەی لینین نە تەنیا قین و نەفرەتی خۆی سەبارەت بە ماڕکسیزم و کومونیزم رابگەیەنێت، بەڵکوو هەوڵیدا تا ئاخرین ئاسەوارەکانی بەردەوامیی شۆڕشی کرێکاری و حکومەتی شوراکان لە زەینی کرێکاران و جەماوەری خەڵک بشواتەوە.
ئەمرۆ و دوای تێپەڕبوونی ٩٨ ساڵ بەسەر شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبردا، چینی کرێکاری دنیا و بە تایبەت چینی کرێکاری ئێران بە دەرس وەرگرتن لە ئەزمونەکانی ئەم شۆڕشە، بە زیندوو راگرتنی سوننەت و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبر و بە پشت بەستن بە ئاڕمانە کرێکاری و کومونیستی و رزگاری بەخشەکانی، دەتوانێ مەسیری خەباتی چینایەتی و شۆڕشگێڕانەی خۆی لە هەموو بوارەکان و بارودۆخی تا ئەوپەڕ نابەرابەر و لێوڕێژ لە چەوسانەوە، ستەم، بێ مافی و بەڕبەڕیەتی زاڵ بەسەر بەشه‌ریەتی ئەمرۆدا، درێژە پێبدا و بە هێزی ڕێکخراو و موتەشەکل، ڕێگای گەیشتن بە سوسیالیزم خۆش و کورت تر بکاتەوە.
بە هیوای ئەوەی کە ئەزمونی سازمانیابی شورایی کرێکاران، وەک حەرەکەتێکی روو لە گەشە و گشتگیر لەنێو بزوتنەوەی کرێکاریدا بەردەوام بێت و چینی کرێکار بە پشت بەستن بە تەشەکولەکانی خۆی و بەکارهێنانی دەرەس و ئەزمونەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبر، لە خەبات و هەوراز و نشێوەکانی بەردەمیدا، داواکاری و مافە پێشێل کراوەکانی بەدەست بێنێ و سەرکەوتوانە ئامانجە ئینسانی و رزگاری بەخشەکانی دەستەبەر بکات. ئێستا زەمینە و بارودۆخە عەینەیەکان بۆ رزگار بوون لە چنگ نیزامی ستەمگەری سەرمایەداری لە هەموو کاتێکی تر ئامادەترە. بە بەدەستەوە بوونی ئەزمونی بەنرخی شۆڕشی ئۆکتۆبر و بە هاتنە مەیدانی چینی کرێکار و پێشڕەوانی کومونیستی لە ئێران و بە گەشە و پەرەسەندنی بزوتنەوەی کرێکاری لە وڵاتانی جۆراوجۆردا هاتنەدی ئەم بابەتە مێژوویی- کۆمەڵایەتیە، واتە لەبەین بردنی نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی و ئاڕمانەکانی شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبر لە پێشوو زیاتر ئیمکانپەزیر دەبێت. دڵی جیهان بۆ شۆڕشێكی ئۆكتۆبری دیكه‌ لێده‌دات.