دۆزرانه‌وه‌ی چه‌كوچۆڵی شیمیایی له‌ سوریه‌

212y
كاربه‌ده‌ستانی دیپلۆماتیك رایانگه‌یاندووه‌: “بازڕه‌سانی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ سوریه‌ سه‌رله‌نوێ به‌ڵگه‌گه‌لێكی تازه‌یان له‌ هه‌بوونی چه‌كوچۆڵی شیمیایی له‌ لانیكه‌م سێ خاڵی نیزامی، دۆزیوه‌ته‌وه‌.” ئه‌م راپۆرته‌ نوێیه‌ له‌ حاڵێكدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ كه‌ دوو ساڵ له‌وه‌پێش به‌شار ئه‌سه‌د به‌ له‌ناوبردنی زه‌ڕادخانه‌ و چه‌كوچۆڵی شیمیایی ئه‌و وڵاته‌ ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی و بازڕه‌سانی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ یارمه‌تی و هه‌زینه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی جیهان، مه‌ئموریه‌تی چاودێری، گواستنه‌وه‌ و له‌ناوبردنیان ده‌ستپێكرد‌. ئه‌م راپۆرته‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ شوێنه‌واری چه‌كوچۆڵی گازی سارین یان گازی ئه‌عساب له‌ دوو ناوچه‌دا له‌ نێو لوله‌كانی فازڵاو و گولله‌ تۆپه‌كان دۆزراوه‌ته‌وه‌ و له‌ ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ به‌ ناوه‌ندێكی ته‌بلیغاتی ناسێندراوه‌، به‌ڵگه‌گه‌لێك دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ نیشانه‌ی هه‌بوونی گازی رایسین ماده‌یه‌كی سه‌ممی و كوشنده‌یه‌.