دیارده‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان له‌ عێراق و سووریه‌

2
هه‌واڵنێریی ئاسۆشێتدپرێس، له‌ ڕاپۆرتێكیدا باس له‌ دۆزرانه‌وه‌ی ٧٢ گۆری به‌ كۆمه‌ڵ له‌ عێراق و سووریه‌ ده‌كات كه‌ پێده‌چێت شوێنی نێژرانی ته‌رمی ٥٢٠٠ بۆ ١٥٠٠٠ كه‌س له‌ قوربانیانی ده‌ستی چه‌كدارانی تاقمی ئیسلامیی داعش بن.
ئه‌م هه‌واڵنێرییه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌م ڕاپۆرته‌ گشتی ترین لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان له‌ عێراق و سووریه‌ن و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌رته‌سك بوونه‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاقمی ئیسلامیی داعش، گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی زیاتر له‌ سووریه‌ و عێراق تۆمار بكرێت. به‌وته‌ی یه‌كێك له‌ توێژه‌رانی ئاسۆشێتدپرێس، داعش ته‌نانه‌ت هه‌وڵی نه‌داوه‌ كه‌ ئه‌م گۆڕانه‌ بشارێته‌وه‌ و زۆربه‌ی ته‌رمه‌كان له‌ قووڵاییه‌كی كه‌مدا، نێژراون. ناوبراو له‌ درێژه‌دا سه‌باره‌ت به‌ جنسییه‌تی قوربانیان ده‌ڵێت، ته‌رمی ژن منداڵ و پیاو له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان دۆزراونه‌ته‌وه‌. هێزه‌كانی تاقمی ئیسلامیی داعش له‌ كاتی به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنیه‌وه‌، هاووڵاتییانی ئێزدی، كورد و توركما‌نه‌كان و هه‌روه‌ها هێزه‌كانی ئه‌ڕته‌شی عێراق و سووریه‌ و هێزه‌كانی نه‌یاری به‌شار ئه‌سه‌دیان له‌ سووریه‌ی كردووه‌ته‌ ئامانج. ناوچه‌ی كۆێستانی “شه‌نگاڵ” پڕه‌ له‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌نه‌ی كه‌ زۆربه‌یان پێوه‌ندیی به‌ كوشتار و كۆمه‌ڵكوژیی كه‌مایه‌تیی ئێزدییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌ نێو ئه‌م گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌دا، قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی “كه‌مپی ئیسپینجێڕ” له‌ عێراقیش هه‌ن‌. ڕۆژی ١٢ی ژۆئه‌نی ٢٠١٤، ١٥٥٦ كه‌س له‌ خوێندكارانی ئه‌ڕته‌ش و هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی عێراق له‌ نزیك ته‌كریت له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ كوژران و له‌ گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵدا نێژران. ده‌سته‌ی توێژه‌رانی ئاسۆشێتدپرێس، ٧٢ گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵیان تۆمار كردووه‌، به‌ڵام ده‌ڵێن كه‌ ئه‌مه‌ تازه‌ سه‌ره‌تای كاره‌ و گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی دیكه‌ له‌ ماوه‌ی ڕۆژان و مانگه‌كانی دواییدا به‌ تایبه‌ت له‌ سووریه‌ تۆمار ده‌كرێت.