دیداری هه‌یئه‌تێكی كومیته‌ی ده‌ره‌وی وڵاتی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌گه‌ڵ كارگێڕانی نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی كانتۆنه‌كانی رۆژئاوا له‌ سۆئێد

19
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ١٤ی مانگی خه‌رمانان، هه‌یئه‌تێكی كومیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، له‌گه‌ڵ ” هه‌یئه‌تێكی نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی كانتۆنه‌كانی رۆژئاوا ” له‌ سۆئێد دیدار و چاوپێكه‌وتنیان كرد.
هه‌یئه‌تی كومیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران پێكهاتبوون له‌ هاوڕێیان، “فه‌راسه‌تی ساڵحی، فه‌رهاد شه‌عبانی و عادڵ ئه‌لیاسی” له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تێكی نووسینگه‌ی كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاوا كه‌ پێكهاتبوو له‌، “ستێركه‌رداخی و ئازاد حه‌یده‌ریی” له‌ ستۆكهۆڵم دیدار و چاوپێكه‌وتنیان كرد. هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تیی كومیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزب، جارێكی دیكه‌ هاوپشتیی خۆیان له‌گه‌ڵ خه‌باتی خه‌ڵكی خۆڕاگری “ڕۆژئاوا” له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ر هێنایه‌ گۆڕێ. هه‌روه‌ها هاوده‌ردیی خۆشیان به‌ بۆنه‌ی گیانبه‌ختكردنی شه‌ڕڤانێكی “یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل” بۆ خه‌بات له‌ دژی هێزه‌ تێڕۆریسته‌كانی داعش له‌ لایه‌ك و ئه‌ڕته‌شی داگیركاری ده‌وڵه‌تی توركییه‌ له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕایگه‌یاند و داگیركردنی چه‌ندین ناوچه‌ی “ڕۆژئاوا” له‌ لایه‌ن ئه‌ڕته‌شی توركییه‌یان مه‌حكووم كرد. هه‌یئه‌تی نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی ڕۆژئاواش سپاس و پێزانینیان بۆ پشتیوانیی بێ ئه‌م لاو ئه‌و لای حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌ خه‌باتی خه‌ڵكی ڕۆژئاوا ڕاگه‌یاند و به‌ به‌شێكی گرنگ له‌ هاوپشتییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ی خه‌باتی خه‌ڵكی ڕۆژئاوا زانی. گفتۆگۆ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه‌ش به‌شێكی دیكه‌ له‌ وتووێژه‌كانی دوو لایه‌ن بوو. له‌ درێژه‌ی ئه‌م دیداره‌دا، هه‌ر دوولا له‌سه‌ر هاوكاریی زیاتر بۆ پشتیوانیی له‌ خه‌باتی خه‌ڵكی ڕۆژئاوا له‌وانه‌، رێكخستنی كه‌مپه‌ینێكی نێونه‌ته‌وه‌یی كرد و بڕیاری چه‌ندین دانیشتنی دیكه‌ بۆ هاوئاهنگی و ڕێكخستنی هه‌وڵه‌ هاوبه‌شه‌كانیان دا..