دیسانیش فه‌رمانێكی دیكه‌ دژبە ژنان لە لایەن عەلی خامنەییەوە

رۆژی شەممە ١٣ ی مانگی خه‌رمانان خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە ئیبلاغیەیەکدا بۆ هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی ڕژیم، سیاسەتی گشتی ڕژیمی لە پێوەند لەگەڵ مەسایلی بنەماڵە، ڕاگەیاند. ناوەرۆکی ڕاستەقینەی ئەم ئیبلاغیە کە دەقەکەی لە وێب سایتی تایبەتی خامنەییدا هاتوە، سەرەڕای کۆمەڵێک گه‌مه‌ی فریوکارانە به‌ ووشه‌، شتێک نییه‌ بێجگە لە جەخت کردنەوە لەسەر سیاسەتی دژبە ژن له‌ ڕژیمی ئیسلامیدا. جەوهەری ئەم سیاسەتە بریتیە لە دانی ده‌وری هاوسەری، دایکایەتی و ماڵداری بە ژنان و ده‌وری باوکایەتی و ئابووری بە پیاوان لە ناو بنەماڵەدایە. لەم ئیبلاغیەدا، زۆر بە روونی هیچ جۆرە ده‌ورێكی ئابووری و بەشداری کۆمەڵایەتی بۆ ژنان لەبەرچاو نەگیراوە و ئەم جێگا و شوێنه‌ ته‌نیا دراوەتە پیاوان.خامنەیی لەم ئیبلاغیەدا لە هەمانحاڵدا خوازیاری ” دروست کردنی ئیمکاناتی پێویست بووە بۆ زاد و وه‌له‌دی زیاتر. خامنەیی لەم ساڵانەی دواییدا گەلێک جار ڕەخنەی لە سیاسەتی کونترۆڵ کردنی جەمعیەت لە ئێران گرتوە و داواکاری چوونه‌سه‌ڕێی ڕێژه‌ی زاد و وه‌له‌د. ئیبلاغیەکەی خامنەیی بە بەراورد لەگەڵ ئەو سیاسەتانەی کە ئەو لە ڕابردودا لەم بارەیەوە پێداگری لەسەر کردوە، شتێکی تازە تری تێدا نییە. لەم ساڵانەی دواییدا دەوڵەت و مەجلیس لە پەیڕەوی کردن لەم سیاسەتەدا کۆمەڵێک یاسا ورێنوێنی یان پەسند کردوە تا بنەماڵەکان بۆ بوونە خاوەنی منداڵی زیاتر هانبدرێن. لەم پێوەندەدا وەزاڕەتی بێهداشت هەموو خزمەتگوزاریەکی به‌ ئاڕاسته‌ی کۆنترۆڵ کردنی جەمعیەت، یارمەتی بە ژنانی دوگیان و بەرگرتن لە دوگیان بوونی نەخوازراو بڕیوە. بەم هۆیەوە بە هەزاران کەس لەو تازەلاوانەی کە بە زۆر مارەکرابون کەوتنەبەر مەترسی گەلێک موسیبەتی بێهداشتی و تەنانەت مردنیش. دەزگا ئیجراییەکانی ڕژیم بۆ هاسان کردنی به‌ڕێوه‌چوونی ئەم سیاسەتانە کەوتەخۆی تا به‌ وه‌ته‌ی خۆیان “فەرهەنگ سازی” بکەن و کۆسپە زەینیەکانی ئه‌و كه‌سانه‌ی کە گۆیا گرنگی ئەم بابەتەیان هەست پێنەکردوە لەسەر ڕێ لادەن. لە یەکەم هەنگاوی به‌كرده‌وه‌دا دەرسەکانی پێوەندیدار بە تەنزیمی بنەمڵەیان لە ناوەندە ئاموزشیەکان لابرد و لە جێگای ئەو کتێبی ده‌رسی “شکۆمەندی هاوسەرادریان” دانا.797

خامنەیی لە ئیبلاغیە تازەکەیدا لە حاڵێکدا باس لە ” پاراستنی کەرامەتی بنەماڵە” لە ئێران دەکات کە لەپاڵ داب و نەریتە جێکەوتوەکاندا، دەیان یاسای ڕه‌سمی دژبە ژن هەن کە ڕۆژانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن و هەرکامە و خۆی بە تەنیایی ئه‌ساسی بنەماڵە و کەرامەتی ئەندامانی بنەماڵە پێشێل ده‌كه‌ن. قانونی بێبەش کردنی دایکان لە مافی سەرپەرستی کردنی منداڵ لە ئەگەری جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی، دانی مافی یاسایی چەند هاوسەری بە پیاوان، بێبەش کردنی یاسایی ژنان لە وەرگرتنی سەهمی میراتی یەکسان لەگەڵ پیاوان، بێبەس کردنی یاسایی ژنان لە مافی قەزاوەت، یاسای قەدەغە کردنی کۆرپەڵە لەباربردن تەنانەت ئەگەر گیانی دایکیشی لە مەترسیدا بێت، یاسای حیجابی زۆره‌ملێ، یاسای پێوەندیدار بە سنوردار کردنی مافی سەفەر کردن بۆ ژنان، قانونی پێوەندیدار بە مەحدودیەتی ژنان لە مافی شایەدی و یاسای پێوەندیدار بە مەحدویەتی ژنان لە هەلبژاردنی مەسکەن و دەیان یاسای دژی ژنی تر. ئەم جۆرە یاسایانە بە گشتی لە خزمەت تێکشکاندنی حورمەت و کەرامەتی ژن و بنیادنانی بنەماڵە لەسەر ئەساسی نیازی مادی کەسەکان بەیەکەوە و نیهادینە کردنی دروێ و ڕیا لە بنەماڵە له‌ ڕژیمی ئیسلامیدان. کاتێک کەرامەتی ژن لە بنەماڵەدا دەشکێت، لە ڕاستیدا کەرامەتی پیاوی بنەماڵە و منداڵەکانیشی شکاوە. خامنەیی لە ئیبلاغیەکەیدا شاکیە بەدەست بەرز بوونەوەی ئاماری تەڵاق لە وڵاتدا و ڕێکار بۆ کەم کردنەوەی دیاری ده‌كات، لە حاڵێکدا بەشی زۆری ئەم جیابونەوانە ڕیشەیان لە فەرهەنگ و سوننەت و یاساکانی ڕژیمی ئیسلامی و لە هەژاریەکدایە کە ئەم ڕژیمە بەسەر ژیانی دەیان ملیۆن بنەماڵەی ئێرانیدا سەپاندوە.

کەم نین ژمارەی ئەو بنەماڵانەی کە توانا و ئیمکانی دابین کردنی ژیانی کچە کەم تەمەنەکانیان نییە و بە هاوسەرگیری کردنیان لەگەڵ کەسانی بەتەمەن تر لە خۆیان ڕازی دەبن. لەسەر بنەمای پێگەی زانیاری سازمانی سەبت و ئەحواڵی ڕژیم، ساڵانە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ تا دوو هەزار منداڵ لە دایکانی کەمتر لە ١٥ ساڵ تەمەن لە ئێران لە دایک دەبن. وەها بارودۆخێکی شەرم ئاوەر، لە زۆربەی وڵاتاندا وەک دەستدرێژی کردنە سەر منداڵ و بە تاوان بەحیساب دێت، بەڵام ئەمرۆ لە ئێراندا بابەتێکی یاسایی و باوە.

لە ئیبلاغیەکەی خامنەییدا کاری سەرەکی ژنان ماڵداری، بەخێو کردنی منداڵ و ئاگاداری کردنە لە مێرد. لە پەیڕەو کردنی وەها سیاسەتێکدایە کە هەر کاتێک بەرەو رووی قەیرانی بێکاری دەبنەوە، تەرح و گەڵاڵەی جۆراو جۆری پشت بەستو بە ئیدئۆلۆژی ئیسلامی لە هەنبانەی پڕ لە فریو و ڕێاکاریان دەردێنن و دەیخەنە بواری کرداریەوە. ژنانی کرێکار لە کارخانە گەورەکان دەردەکەن؛ لە هێندێک لە ڕشتەکاندا کارەکەیان دەکەنە نیوە وەخت و دەست بەکار بوون لە هێندێک لە كاره‌كانیان لێ قەدەغە دەکەن. پێ بە پێی توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری بە پیرۆز کردنی پێگەی دایکایەتی و کاری ماڵەوە بۆ ژنان پڕ ڕەنگتر دەکەن و دەرکردنیان لە بازاڕی ڕەسمی بۆ بازاڕی بێ یاسا و ڕێسای نا ڕەسمی خێرا تر دەکەن. ژنان و کچانی لاو بۆ بەرەنگای بوونەوە لەگەڵ تەرحە دژبە ژنە ئیسلامیەکان روو دەکەنە زانکۆکان. پیاوسالارانی حاکم لەپاڵ تەبلیغاتێکی بەریندا لەدژی خویندن و شارەزایی ژناندا گەلێک کۆسپ و سنوری دژواریان بۆ خوێندن لە هێندێک لە بۆاره‌كاندا خستۆتە سەر ڕێیان. بەم حاڵەشەوە هێشتا زیاتر لە ٦٠ لەسەدی خوێندکاران لە ئێران ژنن. ڕژیمی دژی ژنی کۆماری ئیسلامی ئەم جارە بەرتەسک کردنەوەی ژنان بۆ دەست ڕاگەیشتن به‌كاری گونجاو له‌گه‌ڵ خوێندنه‌كه‌یان وه‌ك ده‌خه‌نه‌سه‌ر رێگایان.

بنەماڵەی سالم لەسەر بنەمای یەکسانی بە تەواوتی ژن و پیاو لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتی و ئابووریی سیاسییەکاندا، لەسەر بنەمای تەعەهودی کۆمەڵگە سەبارەت بە فەراهەم کردنی هەموو نیازە مادیەکانی ژیانی تاک بە تاکی بنەماڵە، لە کاتێکەوە کە کۆرپەڵەیە لە سکی دایکیدا، تا هاتنە دنیا، تا منداڵی، تازەلاوی، لاوی، تەمەنی مامناوەندی، پیری و خانەنشین بوون، بونیاد ئەندرێت. لە ئاوا بنەماڵەیەکدایە کە عیشق و خۆشەویستی بێ گەردی ئەندامانی بنەماڵە بەرانبەر بە یەکتر گەشە دەکات و دەشکوۆفێ. هەڵبەت تەسەوری فەراهەم کردنی ئیمکاناتی مادی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بۆ بونیادنانی وەها بنەماڵەیەک لە مێشکی ئیفلیجی کەسانی وەک خامنەییدا ناگونجێت.